سەردێڕ:

رۆژئاوا و یەک رێگا

2/9/2019 3:23:01 PM
3876 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

لەوە دەچێ قەندیل لە یەک رێگا زیاتری نەھێشتبێتەوە کە ئەویش تەنھا دەچێتەوە دیمەشق، واتا رێکەوتن لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد.
پەکەکە بە ھەموو شتێک رازیە تەنھا رێکەوتن نەبێ لەگەڵ حیزبە کوردیە رکابەرەکانی لە رۆژئاوا ھەروەھا رێگری کردن لە گەڕانەوەی پێشمەرگەی رۆژئاوا (لەشکری رۆژ) بۆ رۆژئاوای کوردستان.

ئەمەریکا بە راشکاوی بە ئیلھام ئەحمەدی ھاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات گووتوە کە پێویستە بڕیارێک بدەن و رێگایەک ھەڵبژێرن،ئەمریکا بۆ پاراستنی ئەزموونی رۆژئاوا و باکوری سوریا  دوو مەرجی ھەیە،یەکەمیان بڕینی پەیوەندیە لەگەڵ قەندیل و دوورکەوتنەوەیە لە دیمەشق ھەروەھا دەرچوونی ھەموو ئەو سەرکردە و شەڕڤانانەیە کە خەڵکی سوریا نین ، دووەمیان رێکەوتنە لەگەڵ لایەنە کوردیەکان و دروست کردنی ئیدارەیەکی ھاوبەشە.

ئەگەر پەیەدە ئەو دوو کارە نەکات ئەوە تورکیا لە سەر سنوورە و ئەمەریکا رێگری لە ھێرشکردنی ناگرێت و لەگەڵ تورکیا رێک دەکەوێت بۆ ئەوەی رێگری لە زیاتر فراوان بوونی ئێران بگرێ.

ئەمەریکا ھەوڵی زۆری داوە بۆ ئەوەی پەیوەندیەی لە ساڵانی ٢٠١١ تا ٢٠١٣ لە نێوان تورکیا و پەیەدە ھەبوو بژیێنێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش دانیشتن لە نێوان دەزگای میت و پەیەدە ھەبووە لە چەند رۆژی رابردوو بەڵام لەوە ناچێ بە ئەنجامێکی باش بگات.

پەیەدە لە سەر ئاستی سەرکردایەتی ئێستا توشی لێکترازان بووە و بە سەر دوو ئاراستە دابەش بووە.
ئاراستەیەکیان پاڵپشتی لە بۆچوونی ئەمەریکا دەکا و لەگەڵ ئەوەدایە کە پێویستە رۆژئاوا لەلایەن کوردانی سوریا بەڕێوەببردرێن و ھەوڵ بدرێ پەیوەندی لەگەڵ تورکیا دروست بکرێ و گومان و مەترسیەکانی بڕەوێندرێنەوە، ئەو باڵە لەلایەن شاھین چێلۆ سەرۆکایەتی دەکرێ کە خەڵکی کۆبانێ یە و ئەندامی سەرکردایەیی پەکەکەیە و بۆ ماوەیەکی درێژ لە کەسە ھەرە نزیکەکان بووە لە عەبدوللا ئۆجەلان و چەند ساڵێکیش بەرپرسی رێکخستنەکانی پەکەکە بووە لە ئەوروپا، شاھین لە ناو خەڵکی رۆژئاوا خۆشەویستە و پاڵپشتی ھەیە، ماوەی ساڵێک زیاترە لە ناو یەکێک لە بنکە سەربازیەکانی ئەمریکا لە نزیک رەققە دەمێنێتەوە و لەگەڵ فەرماندە سەربازیە ئەمریکیەکان بزاڤ دەکا.

ئاراستەی دووەم تەواو گرێدراوی قەندیلن و ھەر جۆرە دوورکەوتنەوە و پەیوەندی بڕین بە خیانەت دادەندرێ، ئەو باڵە زیاتر کار بۆ ئەوە دەکات لەگەڵ دیمەشق رێکبکەون و ئێران و روسیا نێوەندگیریان بکەن، ئەو باڵە لەلایەن سەبری ئۆک و نورەدین سۆفی سەرکردایەتی دەکرێن، نوردەین سۆفی خەڵکی رۆژئاوایە بەڵام سەبری ئۆک کە باڵاترین دەسەڵاتی رۆژئاوای لە دەستە و ئەو بەرپرسی دەستەی سەرۆکایەتی رۆژئاوایە کە شاھین چێلۆ و نوردەین سۆفی ئەندامن تێیدا.

ئەزموونەکانی پێشووتری پەکەکە لە رۆژئاوا و باکوری کوردستان ئەوەمان پێ دەڵێ کە دۆخی رۆژئاوا بەرەو ئالۆزی زیاتر دەچێ یان ئەوەتا پەیەدە بە رازی بوون بە ھەموو مەرجێکی حکومەتی سوریا بە رادەست کردنەوەی رۆژئاوا کۆتایی بەو ئەزموونە دێنێ، یان ئەوەتا مێژووی کەوتنی عەفرین لە قامشلو و کۆبانێ دووبارە دەکاتەوە.