سەردێڕ:

گەڕانەوەی ئەمەریکا و داڕشتنەوەی ھاوکێشەکان

1/13/2019 5:25:33 PM
3433 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -


خاڵی سەرەکی گەڕانەوەی ئەمەریکا بۆ عێڕاق و کردنەوەی ھەمان ئەو سەربازگانەی بەر لە بڕیاری کشانەوەیان لە ساڵی ٢٠١١ و دامەزراندنی بنکەی سەربازی نوێ، پێداچوونەوەیە بەو بڕیارە ھەڵەیەی ئیدارەی ئۆباما کە عێڕاقی رادەستی ئێران کرد، بڕیاری گەڕانەوەی ئەمەریکا دەکرێ لە سێ خاڵ دەست نیشان بکەین:

-  بێزاربوونی ئەمەریکا لە سەرکردە شیعەکان بە سیاسی و ئاینیەوە کە دوای ئەوەی ئەمەریکا عیڕاقی رادەستکردن و دەرفەتی پێدان تۆڵەی ھەزار ساڵەی خۆیان لە سونە بکەنەوە و شارەکانیان وێران بکەن و بە دڵی خۆیان بگرن و ببڕن کەس پێیان نەڵێ بۆ، لەجیاتی سوپاسگوزاریان بۆ ئەمەریکا کە لە پێناو نزیککردنەوەیان لە خۆی پشتی لە کوردیش کرد و لە داگیرکردنەوەی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرکان و بێدەنگ بووە و رێکەوتنەی بەشێک لە یەکێتی لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کەرکوکیان بە نەوتەوە رادەستی ئێران کرد، بەڵام شیعە لە وەڵامدا ئێرانی ھەڵبژارد نەک ئەمەریکا.

-  لەو قۆناغەدا ئەمەریکا روو لە سونە و کورد دەکاتەوە تا رادەی دامەزراندنی ھەرێمێکی فیدراڵی یان کۆنفیدڕالی بۆ سونەی عەرەب و رەنگە بەعسیەکان بگەڕێنێتەوە و سەرۆکایەتی ئەو ھەرێمەیان رادەست بکات، لەگەڵ کوردیش کار و ھەماھەنگیەکانی دەباتە ئاستێکی باڵاتر و جدیتر و وەک ھاوپەیمانێکی ستراتیژی مامەڵەی لەگەڵ دەکات و ئەگەری ئەوە ھەیە کە ھەرێمی کوردستانیش بەرەو کۆنفیدرالیەت ھەنگاو بنێ.

- خاڵی سێیەم کە ھەردوو خاڵەکەی دیکە لە پێناوی ئەودا دەکات زیاتر توند کردنی گەمارۆیە لە سەر ئێران و تەنگ پێھەڵچنینی رژێمی ئێرانە لە رێگای ھاوکاریکردنی ھێزە ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکانی دژ بە ئێران، کە رەنگە بەشێک لە بنکە سەربازیەکانی لە ھەرێمی کوردستان و لە ئەفغانستان بۆ راھێنانی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی تەرخان بکات.

لە تێکڕای رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەمریکا کار بۆ لاوازکردنی ئێران و ئەو لایەنانە دەکا کە بە ئێرانەوە گرێدراون، وەک ئەوەی سەرۆک تڕەمپ لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دا بەڵێنی بە خەڵکی ئەمریکا دا و گووتی:"دەست و کلکەکانی ئێران لە ناوچەکەدا دەبڕم" بۆ دەیھێنانی ئەو ئامانجەش ئێران لە چ خاڵ و بە چ شێوازێک پەلی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ھاویشتووە و بەھێز بووە پێشبینی دەکرێ ئەمریکاش لە وێ دەست پێبکاتەوە.

ئەمریکا لە سەر ھەر سێ ئاستی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە دژی ئێران لە جاران زیاتر و خێراتر و توندتر کاردەکات:

ئاستی ناوخۆ: ھەوڵ دەدا کە ھەموو ھێزە ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکان لە بەرەیەکدا کۆبکاتەوە، ئەو ھەنگاوەشی لەگەڵ ھێزە کوردیەکان دەست پێکردووە و تا ڕادەیەکی زۆر توانیویەتی ھاودەنگیان لە نێوان دروست بکات بۆ دروست کردنی بەرەیەکی کوردستانی بۆ ھێزەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان،ھەروەھا لەگەڵ ھێزە عەرەبیەکانی ئەھواز و بلوچ و تەنانەت ئازەریەکانیش بە ھەمان ئاراستە لە ھەوڵدایە، تا لە کۆتاییدا لەگەڵ ھێزەکانی دیکەی کاریگەر لە ناوخۆیی ئێران وەک موجاھیدینی خەلق و ھەندێک سەرکردەی بەرەی ریفۆرمخواز بیناگەینێتەوە یەکدی و بەرەیەکی کاری ھاوبەشی سەرتاسەری ئێران دروست بکات.

ئاستی ئیقلیمی: کار بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندی نێوان ھاوپەیمانە تەقلیدیەکانی دەدا بە تایبەتی سعودیە و میسر لەلایەک و تورکیاش لەلایەکی دیکە، ھەوڵیش دەدا قەتەڕ بخاتەوە ناو باوەشی عەرەبی و لە کاریگەری ئێران دووری بخاتەوە، کە قەتەڕ بۆ ئەوەیان رەنگە ئامادە بێ تا رادەی ھەندێک تەنازول کردنیش بۆ سعودیە، ئەوەش دەممانباتەوە سەر ھەمان ھاوپەیمانێتی سەردەمی سەرۆک بۆش کە سعودیە و ئیمارات و ئوردن و تورکیا و ھەرێمی کوردستانی عێڕاق بوون لەو ناوچەیە.

ئاستی نێودەوڵەتی: لەگەڵ کشانەوەی لە رێکەوتنی ئەتۆمی ئەمریکا دەستی بە ھەوڵدان کردووە تا ھەڵوێستێکی ئەمریکایی – ئەوروپایی ھاوبەش لە دژی بەرنامەی ناوەکی و پڕۆگرامی پێشخستنی موشەکەکانی ئێران دروست ببێت،ھەرچەندە سەرەتا یەکێتی ئەوروپا لە دژی ئەو بڕیارەی ئەمریکا بوون بەڵام ئێستا خەریکە ھەڵوێستیان لێی نزیک دەکەنەوە و ھەمان دەستەواژە بۆ ئاگادارکردنەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران بەکار دێنن.

ئێران لە دوای روخانی رژێمی سەدام توانی کۆنتڕۆلی تەواوی شیعەکانی عێڕاق بکات،بەڵام دوای بڕیاری ئەمریکا بە کشانەوەی ھێزەکانی لە عێڕاق لە ساڵی ٢٠١١ ئێران توانی دەست بە سەر تەواوی عێراق دابگرێ کە دەکرێ لە دوو خاڵدا نیشانیان بدەین:

- جگە لە کۆنتڕۆلکرنی شیعە، توانی سنوو بکاتە دوو بەرە یەکێکیان ناوبنرێ سوونەی مالیکی (ئێران) ھەروەھا کوردیش بکاتە دوو بەش و بەشێکیان بە ئەکڕاد مالیکی (ئێران) ناسران، بەو لێکترازاندنەی ئەو دوو پێکھاتە سەرەکیەی عێڕاق توانی تا رادەی پەراوێزخستنیان لاوازیان بکات.

- تەواوکردنی ھیلالی شیعی کە بەستنەوەی ئێران و ھەموو ئەو ھێزانەی سەر بە ئێرانن لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە رێگای وشکانیەوە ھەر لە یەمەنەوە بگرە تا دەگاتە لوبنان واتا لە ئاوە گەرمەکانی دەریای عەرەبەوە تا ئاوە گەرمەکانی دەریای سپی ناوەڕاست کە ئەوە خەونی مێژووی ئێران بووە.

لێرەدا پێویستە پرسیارێک بکەین، ئایا ئەمریکا ئەوەی بۆ دەچێتە سەر بە تایبەتیش کە ئێران رکابەرەکەیەتی، ئێرانێک کە ئێستا بە گوێرەی راپۆرت و بەدواداچوونە رۆژنامەوانیەکان زیاتر لە نیو ملیۆن چەکداری لە دەرەوەی سنووری خۆی ھەیە، لە حوسیەکانی یەمەنەوە بگرە تا حەشدی شەعبی عێڕاق و سوپای سوریا  و حیزبوڵای لوبنانی.

ئێران وەک ئەمریکا دەستی بە بزاڤ و خۆتوندکردنەوە کردووە و بە چەند رێگایەک ھەوڵ دەدا روبەڕوی ئەمریکا ببێتەوە:

- لە ڕێگای ھێزە شیعەکان دەیەوێ لە پەڕلەمانی عێڕاقەوە لە ڕێگای پرۆژە یاسایەک کە دەمێکە ئامادە کراوە ئەمریکا وەردەر بنێنن، یان شوێنی مانەوەیان و ژمارەی سەربازنی سنووردار بکات.

- ئامادەکردنی شەقامی شیعە ھەروەھا میلیشیا چەکدارەکانیان بۆ روبەڕوبوونەوەی سەربازانی ئەمریکا، وەک ئەرکێکی ئاینی و نیشتیمانی.

- ھەوڵدان بۆ ژیاندنەوەی داعش یان سەرھەڵدانی ڕێکخراوێکی ھاوشێوە لە نێو سونەکان بەو کارەش سەرنجی ئەمەریکا بۆ ئەوان زیاتر دەچێ و بەوانەوە سەرقاڵ دەبێت،ھەروەھا ئەو ناوچانە بە گەرمی و ئاڵۆزی دەمێنەوە کە دەبێتە بەھانەیەک بۆ ھێشتنەوەی ھێزەکانی حەشدی شەعبی لەو ناوچانە و پاراستنی ئەو ھێلەی کە ئێران لە ڕێگای وشکانی بە سوریا دەبەستێتەوە.

- دروست کردنی ئاڵۆزی لە ھەندێک شوێنی گرنگ، لە ھەموو شارەکان لە پێشتر بۆ ئاڵۆزکردنی بارودۆخیان رەنگە کەرکوک و بەسڕا بێت، ئەوەش بە ھۆی ئەوەی ئێران لە ساڵانی رابردوو زۆرترین قازانجی لەو دوو شارە کردوە لە بردنی نەفتەکەیان لە ڕێگای میلیشیا شیعەکان بە نرخێکی ھەرزان، لە بەسڕە لە ساڵی ٢٠٠٣ ئەو کارە دەستی پێکردووە و لە کەرکوکیش بە ھەمان شێوە، بەڵام بە ڕێژەیەکی کەم چونکە رێژە زۆرەکەی لە ڕێگای بۆڕی نەوتی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیھان رەوانە دەکرا،لە دوای داگیرکردنەوەی شارەکە لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و بە پاڵپشتی سوپای پاسدارانی ئێران لە ١٦ ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ نەوتی شارەکە بە تەواوی بۆ ئێران رەوانە دەکرێ ،کە بەگوێرەی ھەندێک راپۆرت بڕەکەی لە ٢٠٠,٠٠٠ بەرمیلی رۆژانە زۆرتر بووە، ھەندێک راپۆرتی دیکەش باس کە ٦٠,٠٠٠بەرمیلی رۆژانە دەکەن کە بە ھەرزانترین نرخ گەیشتۆتە ئێران و پارەکەش بۆ ھەندێک لایەنی سەر بە ئێران بووە نەک حکومەتی عێڕاق.

- ھەوڵدان بۆ گرفت دروستکردن بۆ حکومەتی عێڕاق تا ڕادەی ھەڵوەشاندنەوەی، ھەروەھا ھەوڵدان بۆ دواخستنی پێکھێنانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەک کە تێیدا ئەو لایەنەی لە ئەمریکاوە نزیکترە دەسەڵاتی بڕیاردانی لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان ھەبێت،ھەروەھا کۆسپ دروست کردن بۆ ئەو ھەوڵانەی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی بۆ چاکسازی کردن لە وەزارەتی پێشمەرگە و ھەوڵدان بۆ یەکخستنی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و دوورخستنەوەی لە حیزب و گرێدانی بە حکومەت.

- بەکار‌ھێنانی دەسەڵاتی مەرجەعیەت و ھێزی مەعنەوی نەجەف بۆ رێگری کردن لەو ھەوڵانەی بۆ پاشەکشێ کردن بە شیعە بۆ باشوری عێڕاق وەگەڕ دەخرێن،ھەروەھا فشار دروست کردن لە سەر حکومەتی عێڕاقی بۆ ئەوەی مل بۆ ھەموو داواکانی ئەمریکا نەدا بە تایبەتی بۆ زیاتر توندکردنی گەمارۆ لە سەر ئێران.

ئەمەریکا لە ساڵانی رابردوو بە تایبەتی لە ماوەی سەرۆکایەتی ئۆباما تێگەیشت کێ یارە و کێ نەیارە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، کورد لە ھەردوو پارچەی باشور و رۆژئاوای کوردستان ئەوەیان سەلماند کە بە نوێنەرایەتی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ئەو لەشکرەن کە دەتوانن روبەڕوی گەورەترین ھێزی تیرۆر ببنەوە کە ھەموو جیھان لێی تۆقیوە و حکومەتەکانی ناوچەکە خۆیان لە بەردەم نەگرت و لەشکرەکەیان لە بەرامبەر ھێز و جەبەڕووتی داعش ھەڵوەری،بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەوە کورد توانیان لە سەر خاکی کوردستان ئەفسانەی داعش تێک بشکێنن و مەترسیەکەی لە سەر جیھان کەم بکەنەوە،کورد بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپاش ئەو وێنەیەیان نیشان داوە کە دۆستن و دەتوانن بەشێک بن بۆ داڕشتنەوەی سیاسەت و نەخشەی ناوچەکە بە مەرجێک کورد وەک سەت ساڵی رابردوو ژێردەستی میللەتانی دیکە نەکرێن و نەخرێنەوە پەراوێز.

ئیدارەی سەرۆک تڕەمپ لە ماوەی دوو ساڵی وەرگرتنی دەسەڵات کێماسیەکی زۆری ھەبوو بە تایبەتی لەو ستافەی بەشێک بوون لە بڕیار دان و راوێژپێکردن، تا لادانی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێڕاق دۆگلاس سیلیمان و نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش برێت ماکگۆڕک(دەستی لە کار کێشایەوە) زیاتر لە پەنجا کەس لەو کەسانەی ئۆباما پشتی پێدەبەستن لە ئەرکەکانیان مابوونەوە، ئەوەش کەلێنی خستبووە ناو رێڕەوی بڕیاردانی ئیدارەی تڕەمپ دەربارەی پرسە گرنگەکان بە تایبەتی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە.

خاڵێکی دیکەی گرنگ لە بڕیاری گەڕانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا بۆ عێراق و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە بە وەچەرخانێکی گەورە دادەندرێ و جیاوازی دەکاتەوە لە تێڕوانینی ئیدارەی تڕەمپ لە سەرەتای وەرگرتنی دەسەڵات لەگەڵ دوو ساڵ تێپەڕبوون، تێڕوانینی یەکەم کە تیلەرسن ڕۆڵی تۆخکردنی ھەبوو لەلایەن تڕەمپەوە مامەڵەکردن بوو لە گەڵ سیاسەت لە تێڕوانینێکی ئابوریانە کە تەواو پێچەوانەی سیاسەتی باو و نەریتی ئەمریکایە، ئەو تێڕوانینە بە ھاتنی بۆڵتن و پۆمپیۆ خەریکە دەگۆڕێ و دەگەڕێندرێتەوە سەر رێچکەی رەسەنی خۆی کە مامەڵەکردن لە گەڵ ئابووری دەبێ لە تێڕوانینی و بەرژەوەندی سیاسیەوە بێت.