سەردێڕ:

ھەڵەبجە پێویستی بە وتارە یان کردار؟

3/16/2019 7:36:24 PM
4686 جار خوێندراوەتەوە
فەرمان محەمەد
+ -

رۆژی ١٦ی ئازار جگە لە کوڵاندنەوەی برینەکان ھیچی دیکەی لێ بەدی ناکرێت.
ھەموو وتاری ئەو بەرپرسانەی کە لە یادی ھەڵەبجە لە رێگەی شاشەی کەناڵەکانەوە بینیمان، لە کۆمەڵێک پڕو پاگەندەو و درووشمی دووبارەی ھاوشێوەی رابردوو ھێچی تر نەبوو.
کارکردن لەسەر عەتف و سۆزی خەڵک بە درێژای چەند ساڵی رابردوو بەشێک  بووە لە کار و پیشەی  دەسەڵاتدارانی کورد.
بۆئەوەش یادە تاڵ و پڕ چیڕۆکە تراژیدییەکان  کراونەتە دەرفەتێکی باش و لەلایەن بەرپرسە حزبی و حکومیەکان قۆزراونەتەوە.
پرسیارەکە زۆر سادەیە، ئایا ئەوەی ئەمڕۆ لە ھەڵەبجە بەڕێوەچوو، چی بۆ ھەڵەبجەییەکان پێبوو؟ بێگوومان ھیچ!
ئەوەتا لە کاتێکدا یادی ٣١ ساڵەی کیمیاباران دەکەینەوە، ھەڵەبجە وا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی وڵاتی ئەڵمانیا، خەریکە دوور لە ئەزیزەکانی مالئاواییمان لێدەکات.
کامیل عەبدوول قادر کە یەکێکە لە بەرکەوتوانی کیمیاباران و ماوەی ١٦ مانگە بەمەبەستی چارەسەرکردنی پزیشکی لە  نەخۆشخانەیەکی وڵاتی ئەڵمانیایە،  لە دۆخیکی خراپی تەندرووستی و  لە ژێر چاودێری وردی پزیشکی خەریکە بە بێ دەنگی بۆ ھەمیشە چاوەکانی لێک دەنێ، کەچی کەس دەنگی نابیستێت.
ئەو لە  دوا  ساتەکانی تەمەنی تانھا یەک داوای لە ھەمووان ھەیە کە  ھەرھیچ نەبێت لەو رۆژانەی لە ژیان ماویەتی لەگەڵ منداڵ و خێزانەکەی بیباتە سەر.
من پێموایە ئەمەش سادەترین داواکاریە،  کە ئەم بەرکەوتەییەی کیمیا بارانی ھەڵەبجە ئاواتی پێدەخوازێت.
 ئاخر دەبێت، ئەوانەی ئەمڕۆ لە بەردەم کامێڕای کەناڵەکان خۆیان نیشاندا و لە کاتی وتارەکانیاندا ئاوازی دەنگیان گۆڕیبوو و وادەردەکەوتن  کە گوایە ھاوخەمی خەڵکی ھەڵەبجەن.
ئایا چۆن دەبێت ئاگاداری کاک کامیل و دەیانی ھاودەردی ئەو  قوربانیە نەبن؟
نانا من دڵنیام کە ھێندەش بێ ئاگانین، ئایا ئەمڕۆ کام لەو بەرپرسانەی بە لێکزز و وەنەوشە جام ڕەشەکانیانەوە چوونە ھەڵەبجە، سەردانی ماڵی کاک کامل یان کرد!
ئەگەر ھەڵەبجە تەنھا بریتی بێت لە یادکردنەوە و وتاری باق و بریق ئەوا بۆ ھەمیشە ناتوانرێت ھەڵەبجە وەک و خۆی بناسرێت.
بۆیە ھەڵبجە و ھەڵبجەیەکان پێویستیان بە کردارە، نەک وتار.