سەردێڕ:

حزبی زەلیل، جووت ڕوو، چەواشەکار

6/19/2019 3:13:22 PM
15178 جار خوێندراوەتەوە
ئارام ئەحمەد
+ -

مەسرور بارزانی سەدان کیلۆمەتر ئەبڕێت بۆ کۆبونەوە لەگەڵ سەرانی گۆڕان و دێتە گردی زەرگەتە لە سلێمانی، سوپاسی ھەڵوێستی جوامێرانەی گۆڕانیش ئەکات کە پابەندبون بەڕێککەوتنەکە، بەڵام ئامادەنەبو چەند چرکەیەک بچێتە سەر گۆڕی نەوشیروان مستەفا، کە ھەمووی چەند مەترێک لە شوێنی کۆبونەوەکەوە دوورە، ئەمە بێڕێزیکردن و بەکەم زانینی ئاشکرای گۆڕانی گردەکەو، حسابنەکردنەکە بۆ ئەوسیمبولەی کە گردەوانەکان کردویانەتە مارکەو براندی کەسابەت و ھەقایەتەکانیان، ڕێزگرتن لەمردوو خویەکی کۆمەڵایەتی و واجبێکی دینی و بەشێکی گرنگیشە لە ئسوڵ و عادات و تەقالیدی کوردەواری،  کەچی لەھەموو گردەکەدا کەسێک نەبوو بەحەرفێکیش ناڕەزایەتی پیشانبدات.

لە دووەم ساڵیادی کۆچی نەوشیروان مستەفاشدا پارتی ئامادەنەبوو تەنانەت لەڕێی ئەندام لقێکیشییەوە بە دێڕیک باسی مردنەکەی بکات یان سەرەخۆشی لە گۆڕان و خانەوادەکەی بکات، ھیچ نەبێت وەک رەدی جەمیل لەبەرامبەر سەخاواتی سەرانی گۆڕان و ڕزگارکردنی بنەماڵەی بارزانی لە کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم، ئەوکاتەشی نەوشیروان مستەفا مرد پارتی کە حکومەتی لابوو تاقە ڕۆژێکی بۆ نەکردە پرسە، یەعنی نەوشیروان مستەفا ئەوەی پێڕەوا نەدەبینرا؟ ئەوانە ھەموی تێپەڕین و کەسێک قسەیەکی لەدەم نەھاتەدەرەوە! ڕوونە پۆست و ئیمتیازات قڕوقەپی بەدەم ھەراشەکانیش کردووە.

پێشتریش بارزانی لە ڕۆژانی بانگەشە بۆ ڕیفراندۆمدا کە ھاتە سلێمانی، ئەو کات ھەمووی دوو سێ مانگ بوو نەوشیروان مستەفا کۆچی دوایی کردبوو، ئەویش ئامادەنەبوو بێتە سەر گۆڕەکەی، لەکاتێکدا زانیاری وردو متمانەپێکراو ھەیە کە عومەری سەید عەلی و ھەموو خانەی ڕاپەڕاندن و تەنانەت کوڕەکانی نەوشیروان مستەفاش ژێر بەژێر جوابی ئەوەیان بۆ بارزانی ناردبوو کە بە بەڵێ دەنگ بە ڕیفراندۆم دەدەن و دژی ناوەستن، من زیاتر لەسەر ئەمە ناڕۆم چونکە ھەر بەوەدا ئاشکرایە کە پارتی چەندە حساب بۆ گۆڕان دەکات و، خلبونەوەو زەلیلی گۆڕانیش گەیشتۆتە چ ئاستێک، ھەرچی بە کێشەی بزانن بۆ ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ پارتی، نەچاویان ئەیبنێ و نە گوێشیان ئەیبیستێ،  ئەگەر  ئەو کەسە نەوشیروان مستەفاش بێت، ئەگەر سەرانی گۆڕان خۆیان بەلایانەوە ئاسایی بێت و قسەیەکیان نەبێت لەسەر ڕێزنەگرتن و حساب نەکردن بۆ نەوشیروان مستەفا، پارتیش لەخوای ئەوێت ناوی ئەو لەکولەکەی تەڕیشدا کەس نەیبیستێت.

ھەموو ئەوانەی تائێستا گومانیان ھەبووە لە جووت ڕوویی سەرانی گۆڕان و پەیوەندییە ژێر بەژێرەکانیان لەگەڵ پارتی، لەدوای قسەکانی ھێمن ھەورامییەوە نابێت زەڕەیەک گومانیان مابێت، ئەو بە ئاشکرا وتی، سەرانی گۆڕان پیانوتوین کە ھەڵوێستی پەرلەمانتارەکانی گۆڕان لە بەغداد تەعبیر لەڕای بزوتنەوەکە ناکات و ڕای خۆیانە.

وشیار عەبدوڵا کە ئێستا بەحساب ھاتۆتە ڕیزی ئەو پەرلەمانتارانەوە، پێشتر پابەندبونی خۆی بە ڕێککەوتنەکەی گۆڕان لەگەڵ پارتی ڕاگەیاندو وتی پابەند دەبێت بە بڕیاری جڤاتی نیشتمانی، موقابەلەکەی ماوە لە ئێن ئارتی و ئەتوانن بچن سەیری بکەن، بەڵام دیارە ئێستا کە تەماشا دەکات بازاڕی دکتۆر غالب گەرمە دیارە ئەیەوێت بەجێ نەمێنێت. 

ئەوەی کۆمیدییە و مایەی گاڵتەجارییە، لەم ڕۆژانەدا وشیار عەبدوڵا نوسیبوی گۆڕان نابێت میدیاکەی بەرێتە حکومەتەوە، بەداخەوە کەسێکم نەبینی پرسیاری لێبکات کام میدیا، مەبەستت کەناڵی knn   ە؟ جا باشە حکومەت  کەناڵیknn ی بۆچییە؟ لەکاتێکدا گۆڕان خۆی لێیبۆتە تەوق و گۆڕانەکان خۆیان سەیری ناکەن نەک حزبەکانی تر. یەعنی وشیار عەبدوڵا نازانێت سەرانی گۆڕان knnیان پێشخۆیان ناردۆتە حکومەت و ماوەیەکی زۆرە ھەواڵەکانی بارزانی و مەسرور و نێچیرڤان ناپەڕێنێت؟ یەعنی ئاگای لێ نییە لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کەناڵی knn بەجۆرێک بووە بەگاڵتەجار، رۆژانە سەدان کەس لە بابەتی جیاوازدا بە کۆمێنێت دەنوسن، تەلەفیزیۆنی زاگرۆس وەستاوەو دەتوانن سەیری knn بکەن. 

کەناڵی knnم، ڕێک وەک ئەو  پێشمەرگەیە ئازایەی جاران دێتە بەرچاو  کە خۆی تەسلیمی بەعس دەکردەوەو دەبوو بەجاش و دەکەوتە خراپەکاری و ئازاردانی خەڵک و شەڕکردن لەگەڵ ھاوڕێکانی دوێنێی بەھەمان نەفەس و حەماسەتی جارانی سەردەمی پێشمەرگایەتی. ئەو قسەیە  بۆ ساڵی  ٢٠١٤ ڕێی تێئەچوو کە تازە گۆڕان چوبوە حکومەت، بەڵام بۆ ئێستا چەواشەکارییەکی ڕووت و عەیبەیە، گاڵتەکردنێکی ئاشکرایە بەخەڵک و دەنگدەرەکانیان. 

واز لەچەواشەکردنی بێنن، توانیتان لەڕێی دژایەتیکردن و پەلاماردانی بنەماڵەی بارزانییەوە سۆزی ھەزاران کەس بۆ خۆتان ڕابکێشن و ببنە ملیۆنێری سیاسی، ئیتر بەسە بەشی حەوت پشتان کۆکردۆتەوە، واز لەیاریکردن بە شعوری خەڵکبێنن. کاک وشیار خولی پێشوو چەندی پێکرا بۆ گێڕانەوەی پارە دزراوەکانی عێراق کە چوار ساڵی ڕێک مێشکی بردین و سەدان لێدوان و بەیاننامەو شانامەی فەیسبوکی لەسەری نوسی،  ئەم فلیمەی ئێستاش لەو ئەنجامە باشتری نابێت، ئاشکرایە لەو قۆڕە ھەر ئەو تۆزە 
بەرزدەبێتەوە.