سەردێڕ:

بۆ ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی پێشوو و ئێستا و ڕۆشنبیرەکان

5/24/2019 11:28:40 PM
14503 جار خوێندراوەتەوە
لەتیف شێخ موستەفا
+ -

لەبەر خاتری شاسوار و چالاکوانە سیاسیەکانی ھاوڕێی نا بەڵکو لە بەر ئەو پڕەنسیپانەی خۆتان چەند ساڵە بەگوێی خەڵکیدا دەدەن کە پێویستە:

١-داداگا سەربەخۆبێت و بەکارنەھێنرێ بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشە و تۆڵەی سیاسی

٢- دامو دەزگاکانی ئاسایش بێلایەن و پڕۆفیشناڵ بن و بۆ ئامانج و مەبەستی سیاسی و حیزبی بەکار نەھێنرێن

٣- ئازادی بیرو ڕاو ئازادی کاری سیاسی بۆ ھەموان ھەبێت

٤- مافی تۆمەتباران لە ھەموو ڕویەکەوە لە کاتی لێکۆڵینەوە و ڕوبەڕوبونەوەی تاوان پارێزراو بێت.

ئێستا بەوازحی دیارە کە کێشەی شاسوار و ھاوڕێکانی سیاسیە و بەتایبەتیش تۆڵەی ئەو قسەیەی لێ دەکرێتەوە کە وتی سەرانی ئەم حیزبانە ئەگەر چاکسازی نەکەن بە چارەنوسی مفەوەز شەماڵ دەچن ،ئیتر بێ دەنگی ھیچ پاساوێکی نیە ودەچێتە خانەی ترسنۆکی و ڕاستگۆ نەبوون لەگەڵ پڕەنسیپەکان .

لەگەڵ بۆچون و تەوەجوھاتی شاسوار ببین یان نەبین شتێکە و ئەم کەیسە بەم شێوەیەی ئێستا شتێکی ترە، شاری ڕۆشنبیری ئەوەنیە بەدروشم ناو بنرێت شاری رۆشنبیری، بەڵکو ئەوەیە خەڵکەکەی بەتایبەتی خەڵکە ڕۆشنبیرەکەی ھەڵوێستیان ھەبێت لەکاتی لادانی دادگا و پۆلیس و ئاسایش و سەرجەم دامو دەزگاکانی تر و ناچاریان بکەن ڕێزی قانونەکانی ھەرێم بگرن، ھەڵوێستیان ھەبێت لەسەر سوکایەتی کردن و پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ بەتایبەتی مافەکانی تۆمەتبار، با ئەو کەسە لە تۆ جیاواز بێت لەھەموو ڕوەکانەوە یان تەنانەت نەیاریشت بێت.

ئەو پێشێل کاریانەی ئێستا بەرامبەر بە کەسێک دەکرێت دەرگا دەکاتەوە بۆ ئەوەی لەداھاتوو بەرامبەر بەھەر ھەرکەسێک بکرێت،بەداخەوە ئێمە لەگەڵ ھەرکەسێک جیاواز بوین لەڕوی سیاسی نەک ھەر بێدەنگ دەبین، بەڵکو زۆرێک ھەن خۆشحاڵیش دەبن کە دەبینن نایاسایی لەگەڵ دەکرێت تا سەرئەنجام دەگاتە سەر ھەمومان.

لەدوای ڕاپەڕینەوە بەم لۆجیکە کارمان کردوە بۆیە بەم ڕۆژە گەیشتوین، بۆیە ئیتر دەبێ ھەڵوێستمان ھەبێ یان با ھەموومان بگرن و پێشێل کاریمان لەگەڵا بکەن و دامو دەزگاکان بەکار بھێنن لەدژمان بۆ تۆڵەی سیاسی یان شەخسی ؟ یان ئەم مەھزەلەیەی بەناوی قانون و قەزاوە دەکرێت بوەستێنرێت

ئێستا ئەوەمان لەگەڵا بکەن باشترە لە سبەینێ

ئەمڕۆ ھەڵوێستمان ھەبێت باشترە لە سبەینێ