سەردێڕ:

دوو سەرنج لەسەر کەیسی منداڵە حەوت ساڵەکە

2/21/2020 11:20:37 PM
28462 جار خوێندراوەتەوە
لەتیف شێخ موستەفا
+ -

یەکەم- ئەنجومەنی دادوەری ئەمڕۆ ڕونکردنەوەی داوە دەڵێت" تاوانباران بەشێوەی یاسایی و بەکەفالەت لەلایەن دادگای تاوانەکان ئازاد کراون بێ ئەوەی حیزبایەتی یان لایەنگیری ھەبێت لە کەیسەکەدا لایەنی ناڕازیش مافی تانەلێدانی ھەیە".

ھەمووکەسێکی یاسایی دەزانێ کە پێویستە تانە پێشکەش بە دادگای سەروتر بکرێ و دەبێ دادگا بڕیار بدات بەھەڵوەشاندنەوەێ بڕیارەکە ئەگەر نایاسایی بوبێت، وە دووبارە فەرمانی گرتن بۆ تاوانباران دەربکاتەوە ئەم کەین و بەینەش ئەگەر زۆر پەلەشی لێبکرێ لانیکەم ھەفتەیەکی دەوێت، خۆ ئەوە بۆ کەیسی ئاسایی مانگ زیاتری پێ دەچێ، کەچی ھەر ئەمڕۆ وتەبێژی حکومەت دەڵێ" کە تۆمەتباران دەستگیر کراونەتەوە، جا نازانین بە بڕیاری کێ دەستگیر کراونەتەوە، ئایا بە بڕیاری ئەو دادگایەیە کە ئازادی کردون یان بە بڕیاری حوکمەت خۆی؟.

دووەم- باشە ئەگەر بڕیاری ئازادکردنی تۆمەتباران نایاساییە بۆ دادگا ئازادی کردن، ئەگەر بڕیارێکی یاساییشە بۆچی بە بڕیاری حکومەت یان لەسەر داوای حکومەت دەستگیرکرانەوە، ئایا ئەمە ڕێک پێچەوانەی ناوەرۆکی خودی ڕونکردنەوەکەی  ئەنجومەنی دادوەری ناسەلمێنێ کە دەڵێ" ئێمە لەژێر کاریگەری بڕیار دەرناکەین"؟.

دیارە مەرج نیە ئەوەی جائیزە لە ڕوی قانونیەوە ئازاد بکرێ، چونکە دەسەڵاتەکە لە دەستی دادگا و دادوەردایە بەگوێرەی جۆر و مەترسی کەیسەکە و نەترسان لە ڕاکردنیان یان لە دەستێوەردانیان لە بەڵگەکان و دادبینی، ئەم کەیسەش کەیسێکی مەترسیدار و جێگای بایەخی رای گشتیە ھەر لەبەر ئەوەشە لە قۆناغی لێکۆڵینەوە بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە ئازادی نەکردون .

ئەنجومەنی دادوەری جارێ مەرەکەبی ڕونکردنەوەکەی وشک نەبۆتەوە چۆن قبوڵی دەکات؟.
ئەگەریش ئەو بڕیارە بە فشار دەرکراوە بۆ لە دادوەرەکەی قبوڵ دەکات و سزای نادات، بەتایبەتی کە تاوانێکی قێزەونە و جێگای بایەخی ڕای گشتیە؟.

ئەم کەیسە و دەیەھا کەیسی تری لەو شێوەیە جارێکی تر پێداویستی چاکسازی لە دەسەڵاتی دادوەری دوپات دەکاتەوە.