سەردێڕ:

ئەوەیە جیاوازی نێوان عێراق و تورکیا

7/31/2019 9:19:34 AM
15232 جار خوێندراوەتەوە
لەتیف شێخ موستەفا
+ -

تکایە مەکەونە داوەکەوە  

لە تورکیا گەشتیاریی کورد دەچێ پارەیان بۆ دەبا بۆ ئەوەی باری ئابوری داتەپیویان ڕاستبکاتەوە ،کەچی سوکایەتی بە ئاڵای کوردستان دەکرێ و لە جیاتی داوای لێبوردن تاوانبارەکە ڤیدیۆێەک بڵاودەکاتەوە و بە پاڵەوان  دەکرێ و ھەڵوێستی ڕەسمی دەوڵەتێش کەخۆی لە ھەڵوێستی فەرمی پارێزگاری ترابزۆندا دەبینێتەوە دەڵێ ئەو کوردانە ویستویانە ئاژاوە بنێنەوە و ھەستی ھاوڵاتییانی تورکیایان وروژاندوە، بۆیە پۆلیس کۆنترۆڵی دۆخەکەی کردووە و کوردەکانی باکوری عێراق دەسگیرکراون و سنورداش دەکرێنەوە، ئەوان پێمان دەڵێن کوردمان وەک کۆیلە نەبێ قبوڵ نیە.

لە عێراق کە یەکەم وڵاتە دانی بەمافی کوردا داناوە و  بەدەستور بەڕەسمی ئیعتیرافی بە حکومەت و ئاڵاکەی کردووە و زۆر ڕێزیش لە ھاوڵاتی کورد دەگرێ و بودجە و ھاوکاری و موچەی فەرمانبەرانی بۆ دەنێرێ بێ ئەوەی کورد ھیچ ئیلتیزامێکی خۆی بەرامبەر ئەو دەوڵەتە جێبەجێبکات. 

بەڵام سیاسیەکانی کورد بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان دنەی ھەستی ھاوڵاتیان دەدن کە دژی ئەو دەوڵەتە بن و بە ھی خۆیانی نەزانن .
لە پارێزگای سەماوە ئەفسەرێکی گەنجی ھەڵەشە ناماقوڵیەک دەکات کە ھەڵوێستی گەمژانە و شۆفینیانەی خۆیەتی، ھەر زوو ھەڵوێستی ڕەسمی دێتە سەرخەت  کە خۆی لە ھەڵوێستی پارێزگاری سەماوەدا دەبینێتەوە داوای لێبوردن دەکات و ئەفسەرەکەش دەسگیر دەکرێ ،کەچی لە بەیانی ئەمڕۆوە میدیای دەسەڵات و بەداخەوە ئەھلیش ھاتوونە سەرخەت و دەغدەغەی ھەستی ھاوڵاتییان دەدەن و گیانی ڕق و کینەو جیاوازی زەق دەکەنەوە .

تاکەی خەڵک ھۆشی نایەتەوە، وروژاندن و گەورەکردنی ئەم بابەتانە بۆ لە بیرکردنی قەیرانەکانی ناوخۆ و داگیرکاریی داگیرکارانە، تکایە مەکەونە داوەکەوە ، جا ئێستا موستەفیدان و موزایەدەچیانی قەومەچی تۆمەتبارمان دەکەن بەعێراقچی.