سەردێڕ:

یاسا بەدیوە جەھەننمیەکەی دا

5/6/2019 10:30:36 PM
1807 جار خوێندراوەتەوە
خالید عبدولکەریم
+ -


ھەمیشە لەسەیرکردنی دیوی دەرەوەی ڕوداوەکانی نێو ھەرێمی کوردستانەوە، دیوە نھێنی و پەردەپۆشکراوی ڕوداوە سیاسیەکان دەبینین یاخود بۆمان ئاشکرا دەبێت، بۆنمونە ئێمە نەمانزانی نەوەی نوێ کێشە ناوخۆییەکانی چین و بۆچ ڕویانداوە، کێ ستەمکار و کێ ستەملێکراوە، چونکە وردەکاری ڕوداوە سیاسیەکانی نێو حزبێک  ھیچ پێوەندیەکی بەئێمەمانانەوە نیە، نەشماندەویست بزانین کێ ھەق و ناھەقە، چونکە ئەم ڕوداوانە تازە نین و سیناریۆی بێ تام و دوبارەن، بەڵام ئۆپەراسیۆن و ھەڵمەتە بەردەوامەکانی ھەڵکوتانە سەر بنە و بارەگای ئەو حزبە لەلایەن ئاسایشەوە خەریکە  زۆر دیمەنی شاراوە و سیناریۆی پلانداڕێژراومان بۆ ڕۆشندەکاتەوە.

ئەگەر ئاسایش بەو شێوەیە، ئۆپەراسیۆنی ئەنجامبدایە و یاسایی بەکاربھێنایە لە دژی مافیاکانی نەوت، گەندەڵکارانی سیاسی و ئیداری، بازرگانی ساختەچی، قاچاخچیەکانی دەرمان، خیانەتکارانی نیشتیمانی، موچەدزینی ھاوڵاتیان ، گروپەکانی دزی و ساختەچی و خەڵک کوژ( ئەوانەی دوای ئەنجامدانی چەندین تاوان  ئاشکرا دەبن)، تاوانبارانی لاقە کرانی ژنان و تەعەددا کردنی سەر مافەکانیان ( کتێبی ئۆقیانوسێک لەتاوان، باشترین بەڵگەیە لەچەند ساڵی ڕابردودا و بە ‌ئێستاشەوە کێ تاوانی لەدژی ژنان ئەنجامداوە)،  باندەکانی گێچەڵپێکردنی سێکسی بەژنان لە ‌نێو حیزبە سیاسیەکان و بازاڕ و زۆر شوێنی تردا کە ڕوودەدەن... تد  ئێستا ئەم وڵاتە شامی شەریف دەبوو، لانیکەم ئەو کێشانەی بەدەگمەن تێدا ڕودەدا، کەچی بەپێچەوانەوە، چۆن بازاڕ و وەبەرھێنان و کارو کەسابەتی بەقاڵی  و مەرزەکان و چەکفرۆشتن و کڕین  و ھەموو کاروپیشەیەک پارە پەیدا دەکات بەشێوە ناڕەواکەی قۆرخکراوە لەم ناوچەیەدا بۆ دوو حزب و دوو بنەماڵەی سلێمانی و چەند بەرپرسێکی دەورووبەریان، ئاوەھاش دەیانەوێ سیاسەت و حزبایەتیش تەنھا بۆ ئەو دوو گروپە ڕەوا بێت.

دیوی دەرەوەی ڕوداوەکەی ئاسایش خەریکە ھیچ گومانێک ناھێلێتەوە لەسەر ڕوداوەکە، لەوەش گرنگتر بەتەواوی خەڵکی لەوە تێگەیشتووە ئەوەی ستەملێکراوە ئەو کەس و حزبەیە ڕەخنە دەگرێت و نەیارێتی سیاسەتیان دەکات، نەک ئەوەی سیناریۆی لەدژ ساز  دەکرێت.

ھەر لەسەرەتاوە ھەق نەبوو دەزگایەکی خزمەتگوزار و نیشتیمانی وەکو ئاسایش خۆی بەو گرفتەوە سەرقالبَکردایەوە کە لەڕووە یاساکەشەوە وەکو یاساناسان جەختیان لەسەر کردۆتەوە، کاری ئەو نیە، نەک ئەوەی نەکرد بگرە دیمەنەکەی بەو شێوە لێکرد ڕاسپاردەیەکی حزبی و سیاسی جێ بەجێ دەکات.