سەردێڕ:

چی لە پەرلەمانی پلە باڵاکان چاوەڕوان دەکرێت؟

1/19/2020 7:54:23 PM
5980 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ کمال
+ -

ڕەخنەیەکی زۆر لەو ئەندام پەرلەمان و حزبانە دەگیرێت کە دەنگیان بە یاسای "چاکسازیی لە موچە و خانەنشینی پلە تایبەت و باڵاکان" گێڕاوە، بەڵام ئایا پەرلەمانی کوردستان بێجگە لە فەرمی کردنەوەی دەوڵەمەندبوونی چینی پلەباڵای حزبە دەسەڵاتدارەکان ھیچ کارێکی تری لێ چاوەڕوان دەکرێت؟ ئەندام پەرلەمانەکان بەشێک لەو دەزگا ڕەسمیانەن کە پێویستە دابەشکردنی داھاتی کوردستان بەپێی ڕادە و نفوزی حزبە دەسەڵاتدارەکان بکەنە یاسا و ھیچی تر.

بەڵام ڕەخنەکان لەم ئەندام پەرلەمان و حزبەکانیان نیشانیدەدات کە ھێشتا چاوەڕوانییەک لە ئەندام پەرلەمان ھەیە کە پێچەوانەی شەپۆل مەلە بکات و لەیاسای خانەنشینیدا پێچەوانەی بەرژەوەندی بەشی چینە دەسەڵاتدارەکەی خۆی دەنگ بە یەکسانی لە موچەی خانەنشینی ھاوڵاتیاندا بدات. ئەمە چاوەڕوانییەکی ھەڵەیە.

پەرلەمانتار نوێنەری ئەو حزبانەیە کە بودجەیان لەژێر دەستدایە و لەو یاسای چاکسازیەدا دەبێ ئەم حزبانە بەشی ئەندامە پلەباڵاکانی خۆیان مسۆگەربکەن تاکو بتوانن باڵادەستییان بەسەر کۆمەڵگەی کوردستاندا درێژەپێبدەن. ھەربۆیە مەسەلەکە موچەی ئەو ٨٠-٩٠ ئەندام پەرمانە نیە کە دەبێت دەوڵەمەندببن لە ٤ ساڵدا، بەڵکو مەسەلەی سەرەکی دەوڵەمەندکردنی ئەو لەشکرە ھەزاران کەسیەیە لە چینی باڵای حزبە دەسەڵاتدارەکان کە دەبێ بۆ ھەمیشە بەپێی یاسا بە مسۆگەری دەوڵەمەندبکرێن. ئەم ٤ ملیۆنەی پەرلەمانتارانی ئەم دەورەیە وەریدەگرن شیرینی کڕینی یاسایەکە بۆ مسۆگەرکردنی دەوڵەمەندکردنی پلە باڵاکانی ئەم حزبانە. پەرلەمانتارانی ئەم حزبانە خۆیان بەشێکن یان ئەگەر تازەش بن دەیانەوێ ببن بەبەشێک لە چینی باڵای حزبەکان و نایانەوێت بخزێنە خوارەوە بۆ چینی پلە نزمەکانی کۆمەڵگە.

بێگومان ئەگەر ئەم پەرلەمانتارانە بەم کارە ھەڵنەسن ئەوا مسۆگەر نانبڕاو و ٤ ملیۆن بڕاو دەبن و ئەوانیش چ ئیلتزامێکیان بەو دەنگانەوە ھەیە کە حزب لە خەڵک بۆی کۆکردوونەتەوە؟ سبەینێ حزب خۆی ئەو دەنگانە بە مسۆگەریی بۆ جارێکی دیکەش کۆدەکاتەوە لەبەرئەوەی ھەمیشە کارتی دەنگدان بە بارمتەیی گیراوە لەلای ئەم دەسەڵاتدارانە لەبەرامبەر ملکەچی دەنگدەر بەو سەرچاوەیەوە کە بودجە و موچە و کار و مافی بەپێی وەلائی حزبی لە دەزگای فەڕمی و تایبەتدا ڕێکخستووە.
ڕەخنەگرتن لە کوردستاندا لە خودی پەرلەمانە کە پەرلەمانی پلە باڵاکانە و ھیچی تر. پەرلەمانتاران ناتوانن ئەم دەزگایە و میکانیزمی کارکردن و یاساکانی بگۆڕن، بەڵکو ئەوان شۆفێرێکن کە ئەم دزیە ئاشکرایەی چینی دەسەڵاتداری حزبەکان بکەنە یاسایەکی نایەکسانی و عارەقی دەوڵەمەندبوونی خێرای خۆیان لە زەحمەتی پلەباڵابونی خۆیان لەبەرچاوی جەماوەری کرێکار و فەرمانبەر و ھەژاری کوردتساندا بسڕن.

گۆڕینی موچە و خانەنشینی و بەشی ئەم خەڵکە کەمدەرامەتەی کوردستان لە ڕێگەی گۆڕینی ئەخلاقی پەرلەمانتارانەوە ناکرێت، بەڵکو وەک خۆپیشاندانەکانی کرێکاران و فەرمانبەرانی فەرەنسا دژی ماکرون پێمان دەڵێن لە خۆپیشاندانەکانی شەقامەوە دەکرێت. خۆپیشاندانەکانی شەقام پەرلەمانی پلە نزمەکانە کە پەرلەمان و حکومەتی پلەباڵاکان دەھێنێتەخوارەوە بۆ گوێگرتن و سازشکردن و ناچارکردن بە تەسلیمبوون بە چاکسازی و گۆڕان لە دابەشکردنی داھات و موچەدا.