سەردێڕ:

سایە کەریم و چەمکی شوناس

6/26/2019 10:39:22 PM
13469 جار خوێندراوەتەوە
ئیسماعیل عوسمان
+ -

تێروانینێکی سۆسیۆلۆژیانە 

سەردەمی مۆدێرنە، سەردەمی دروستکردن و قەیرانی شوناسە، مرۆڤ ھەمیشە دەیەوێت خۆی نمایش بکات بۆئەوەی بتوانن سەرنج و تێروانینەکانی کەسانی بەرانبەر بۆ خۆیان رابکێشن،  ئەم جۆرە نمایشکردنە دەکرێت لەرێگای ئامێرە بەکاربەرەکانی ژیانی رۆژانەوە یان دەکرێت لەرێگای لەشولارییەوە بێت، لەشولاری خۆی بکاتە پێشەنگایەک بۆ بینین.

لە ئێستادا چیرۆکی و ڤیدیۆییەکانی سایە کەریم بووەتە جێگای مشتومڕی زۆر، بەڵام سەیر لەوەدایە کە ھەمیشە لەم کۆمەڵگایەدا کاتێک حاڵەتێک یان دیاردەیەکی نەشاز روودەدات، تەنھا پیاوانی دینی دێن رووبەرووی دەبنەوە، بەتایبەت لەوبابەتانەی کە تاپۆ حەرامکراوەکانی کۆمەڵگان، خەڵکانی و کەسانی ناوەندە ئەکادیمییەکان بەچاوێکی شەرم لێی دەڕوانن یان ھەر باسی ناکەن! لەکاتێکدا ھەموو کۆمەڵناسەکانی دونیا لەسەر کۆی کایەکانی کۆمەڵگا قسەدەکەن شیکاری زانستیانەی بۆ دەکەن، بەڵام لای ئێمە بێدەنگی ھەڵدەبژێرن، سۆشیال دەکەنە ناوەند و قسەی بێسەروبەر.

شوناس سەرتا بەمانای (خود) لەدەرونناسیدا بەکارھاتووە، بەڵام پاش ئەوەی ھاتووەتە ناو زانستە کۆمەڵایەتیەکانەوە، لەو روانگەیەوە دەتوانین بڵێین، شوناس کۆمەڵێک ھەڵسوکەوتی مرۆڤە کە دونیابینی خۆی بەرامبەر تاکەکانی کۆمەڵگا نیشان دەدات، لەو رێگایەوە ھەستی پەیوەستبوونی بەرانبەر بە کۆمەڵگا لەلا دروست دەبێت.

ئەنتۆنیۆ گیدێنز، یەکێکە لە سۆسیۆلۆژیستەکان، ئاماژە بەدوو جۆر لە شوناس دەکات، یەکێکی شوناسی تاکەکەسییە، کە تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ لەخۆی دەگرێت وەک (شێوە و روخسارو رەنگی چاو ئاستی بروانامە و شێوازی لەش و لار رەنگی چاو پێست...)، ئەوی دیکەیان شوناسی کۆمەڵایەتییە، کە ئەویش تێروانینی تاکەکەکانی کۆمەڵگاییە بۆ کەسەکە. 

لە سەردەمی نوێدا، مرۆڤ بەردەوام دەیەوێت شوناسی خۆی نمایش بکات، لەرێگای جلوبەرگ و روخسار و شێواز و ستایلی ئۆتۆمبیل و پۆشاک و تەنانەت لەشولاری خۆیەوە، ھەندێک لە کۆمەڵناسەکان پێیانوایە لە لەشولاری مرۆڤ زۆرجار دەبێتە نمایشگا و لەو رێگایەوە دەیەوێت سەرنجی خەڵکی بۆخۆیان رابکێشێت. لەنێو کچاندا زۆرجار ئەم حاڵەتە بەدی دەکرێت گۆرانکاری لەرەنگی موو، مایک ئەپ، دروستکردنی تاتۆ، زۆرجار جوانکاری و گۆرانکاریی لە لەشولاری کەسیدا، ھەموو ئەمانە جۆرێکن لە نمایشکردن و دروستکردنی شوناس. 
بەڵام سایە کەریم دەیەوێت شوناسێکی جیاواز نیشان بدات، لەشی خۆی بکاتە پیشەنگایەک بۆ پیشاندان، پیدەچێت بۆ کۆمەڵگای رۆژئاوایی ئەم کارە ئاسایی بێت، بەڵام بۆ ئێمە دەبێتە جۆرێک لە شوناسیی دژ بە کەلتور و بەھا کۆمەڵایەتیەکان.

شوناسە کەسییەکان زۆرجار شوناسە کۆمەڵایەتیەکان دەبەزێنێت، جەستەی مرۆڤ لەم جۆرە لە شوناس وەک ھۆکارێک بەکاردەھێنرێت، سایە کەریم لە رێگای ئەو ڤیدیۆیانەی کە بڵاوی دەکاتەوە دەیەوێت لەرێگای جەستەی خۆیەوە شوناسێکی بەرگری کچانەی نمایش بکات، لەبەرامبەر کۆی ھەموو ئەو تاپۆحەرامکراوانەی ھەژمون و کەلتوری کۆمەڵایەتی دروستی کردووە، ئەم جۆرە لە شوناس ھەمیشە گوتاری کۆمەڵگا دابەش دەکات بە دووبەرەوە، بەرەیەک بە جۆرێک لە ئازادی کەسیی و بەرەیەکی دیکە بە جۆرێک نائەخلاقی دەنێن بە تێکشکانی ھەژمونی کەلتوری دەزانن.