سەردێڕ:

خۆپیشاندانەکانی عێراق و پێشھات گەلێک

10/2/2019 8:11:35 PM
12855 جار خوێندراوەتەوە
کەمال محەمەد
+ -

   سەرەڕای نەبونی خزمەتگوزاری پێویست لە حکومەتێکی لاواز لە عێراقی ئێستادا لەوانەیە ھیواگەلێک سەبارەت بە ھەنگاونان بەرەو ئاشتی و دیموکراسی لە عێراقی ئەمڕۆدا سەوز نەبێت، ئەگەر باشتر دەرک بە جددیەتی رەوشەکە بکەین چونکە ئەو زەحمەتییانەی کە گەلی عێراق ڕوبەروی بونەتەوە لە دوای کابینە یەک لەدوای یەکەکان نەیتوانیوە کۆمەڵگایەکی لیبراڵ و سوسیالیستی بنیاد بنێت، ئەگەر لە ڕۆژی ئەمڕۆدا لە عێراق بڕوانین تێدەگەین کە ناتەندروستی حکومڕانی دورنییە ببێتە ھۆکاری پشێوییەکانی بۆ داھاتوو بەھۆی زۆری زیاتر لە پێکھاتەیەکی ئەتنی و ئایینزایی و کەلتورییەوە لەم وڵاتەدا، ئەمڕۆ ئەوەی لە عێراقدا ھەیە ململانێی  نێوخۆیی مەزھەبگەرایی لایەنەکان کە کاری کردۆتە سەر دۆخی سۆسیۆلۆژی و  کۆ دەنگی نێوان سەرکردە سیاسییەکانی بۆ عێراقێکی فیدراڵیزم. 
   یەکێکی دیکە لە ھۆکارەکان لاوازی دەسەڵاتی یاسادانانە لەبەرامبەر جێبەجێکردندا، کە نەیتوانیوە سەقامگیری رەوشی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی بھێنێتە ئاراوە و ببێتە داینەمۆی دەوڵەت و ژیانی ھاوڵاتیانی لەڕێگەی سیستەمێکی سیاسی ھاوچەرخەوە لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا بێکاری ھاوڵاتیان لەعێراقێکی سەرمایەداری و خاوەن پەتڕۆڵی ژێر زەوی وەک ھەرەسی بەفر لە زیاد بوندایە و حکومەت نەیتوانیووە کێشەی بێکاری نێو کۆمەڵگا چارەسەر بکات.
   بۆ ھێشتنەوەی لە ژێر باڵادەستی خۆیان ھەریەک لە ئەمریکا و ئێران دورنییە پێویستی بەشداریکردنیان لە پشت پەردەوە نەکردبێتە ئەرکێکی دەستبەرلێنەداروی  خۆیان، بۆیە بە تەنھا دیاریکردنی ھۆکارەکانی روودانی خۆپیشاندانەکانی ئێستای عێراق گرێدراو نییە بە گەندەڵی و ژیانی ھاووڵاتیان بۆ بەردەوامیدان بە خۆپیشاندان تا بتوانن ئاییندەی خۆیانی لەسەر ئامادە بکەن، بۆیە بەرژەوەندی ھەژمونگەراییەکان چۆن بخوازن تا ڕادەی ڕێنیشاندەری کودەتاو بۆ لایەنە مەزھەبییە سیاسییە جیاوازەکان ھەنگاو ئەنێت !
   عێراق لە پارادۆکسێکی زۆر ئاڵۆزدا ئەبینرێت، لەلایەک ئەمریکا ھەوڵی بەھێزکردنی ئەوخەتە سیاسییە ئەدات کە نزیکە لە خۆیەوە، لەلایەکی دیکەشەوە ئێران ئەیەوێت لەرێگەی عێراقەوە رەوتی بە ئیمپراتۆریابونی خۆی بسەلمێنێت و چەندین جارە ئەیەوێت لەرێگای پەرلەمانەوە یاسایەک بۆ دەرکردنی ھێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بھێنێتە بوون کە ئەمریکا پێی وایە ئەمە دەست بڕینی تەواوەتی خۆیەتی لە عێراق و لەدەستدانی گرنگترین ناوچەی جیۆپۆلەتیکی، لە قۆناغی ئێستاشدا خەریکە ئاسۆی مەترسیدارترین دۆخ لە ناوچەکەو سەرەوەری مانەوەی عێراق بەدیار دەکەوێت.
   ھەژمونی ئێران لەعێراق بەڕوونی ئەبینرێت بەھۆی نزیکی ئایدۆلۆژیای ئایینزانییەوە لەناوچەکەدا کە ھۆکار و یارمەتییەکی باش بووە بۆی، ئێستا کردە سەربازی و سیاسییەکانی کوتلەکانی سەربە ئێران و جموجوڵەکانیان بونەتە مەترسی بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی بەتایبەت ئیسرائیل کە بۆ ڕێگریکردن لەو مەترسییانە لەماوەیەکی نزیکدا دوجار بە فرۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە بۆردومانی بنکەو بارەگانی حەشدی کردوە، ھەمو ئەمانە دوورنییە عێراق ڕوبەروی دۆخێکی نەرێنیی بکاتەوە کە سەرەتای دەستپێکێکی مەترسیدار بێت لەھەڵگیرسانی دۆخێکی نەخوازراو کە دواجارئەوەی باجەکەی ئەدات گەلانی عێراق خۆیانن .
   دەست پێشخەرییەکەی سەرۆک کۆمار وەک یەکێک لە ئەرکی ھەرسێ دامەزراوەکەی حکومەتە ”سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانە ”بەر بە شەڕ و پێکدادانەکانی خۆپیشاندەران و دەوڵەت بگرن و عێراق وسیستەمە سیاسییەکەی بکەنە شوێن و ھێزی سەنتێزێکی نوێی کۆمەڵگایەکی دیموکراتی و ھەوڵی دەربازکردنی سەرجەم کێشە سەرەکییەکان بدەن و ھەموان لەژێر دەستور و یاسادا ڕێزدار بکەن و خەمی ھەموان لە ئەستۆ بگرن و لەگەڵ ڕەواندنەوەی حەسرەتەکانیان وەک زەوی سەوزبوون کۆمەڵگای عێراقیش ئاشنای ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک بکەن.