سەردێڕ:

ئەمشەو لە سماقوڵی چیم بینی؟

3/19/2019 1:23:49 PM
24242 جار خوێندراوەتەوە
د.کازم فاروق
+ -

دەرئەنجامی ئەو بێئومێدیەی کە ساڵانێکە دەسەڵات بەمەبەست بڵاوی دەکاتەوە، ھەندێک کەس پێیان وایە کە ھەوڵدان و کارکردنی بەردەوام بۆ باشکردنی ئەم وڵاتە بەدەستی خودی ھاوڵاتیان سودێکی ئەوتۆی نیە و تەنھا خۆ ماندووکردنە بە پاساوی ئەوەی کە دوو حیزبی دەسەڵات ھەموو شتێکیان قۆرخ کردووە و وڵاتیشتان وێران کردووە.

لە بەرامبەریشدا کەم نین ئەوانەی کە پێیان وایە پشوودرێژی، ماندوو بوون، بەرنامەڕێژی و عەقڵی دووربین ھەمیشە بەرھەمدار بووە و ئاستەمەکانی کردووە بە ئەمری واقیع.

ئەوەی ئەمشەو بەچاوی خۆم لە دۆڵی سماقوڵی بینیم پێکدادانی عەقڵیەتی نەوەی کۆنی سیاسی و نەوەی نوێی سیاسی بوو لە گەمەیەکی نابەرامبەردا کە دواجار میللەت تیایدا براوە بوو.

ئەمەی سماقوڵی شتێکی بۆ ھەموو خەڵک سەلماند، ئەویش ئەوەیە کە مەرج نییە ھێزی چەکدارت ھەبێت بۆ ئەوەی حکومەت ناچار بکەیت بە کارێک، بەڵکو زۆر جار پشتیوانی و کاردانەوەی خەڵک و پۆستێکی فەیسبوک، رەنگە ئەوە بکات کە بە ھێزی چەکدار نەتوانیت بیکەیت.
لە ئێستادا دەسەڵات و حکومەت خۆی خراپە و رێگەش نادات کەس باش بێت، رەنگە ئەمە تاکە حکومەت بێت لە دونیادا کە کەناڵی پەروەردەیی مناڵان دادەخات و رێگری دەکات لە دەستپێشخەری کەسانێکی وەکو ''شاسوار عەبدولواحید'' بۆ دروستکرنی پرد و رێگاوبانەکان، لەوسەریشەوە خۆی نایکات.

سماقوڵی تەنھا ئەزموونی چاککردنەوەی پردێک نەبوو، بەڵکو خەڵکی ئاشنا کرد بە شێوازێکی نوێی ئۆپۆزسیۆن بوون لە ھەرێمی کوردستان، لەمەودوا ''نەوەی نوێ'' سەرباری ئەوەی رکابەری دروست دەکات لەسەر ئەوەی کێ زیاتر خزمەتی خەڵک دەکات، ھاوکات حکومەت ناچاردەکات کە لە رقی کەسە دڵسۆزەکان خزمەتی ئەو خەڵکە بکات کە پێشتر دەیچەوساندنەوە و لە کۆتاییشدا براوەی یەکەمی ئەم ململانێ و رکابەرییە، ھاوڵاتییە.