سەردێڕ:

مانگرتنی بێسنوور وه‌كوو چالاكییه‌كی ده‌گمه‌ن

2/6/2019 10:28:39 PM
4881 جار خوێندراوەتەوە
كاردۆ بۆكانی
+ -

 مانگرتنی بێسنوور چالاکییەکی ئاسایی نییە؛ تەواو چالاکییەکی بانئاسایی و دەگمەنە. ئەگەر بە سەرکەوتووی بەڕێوە بچێت، دەتوانێت کاریگەرییەکی قووڵ لە سەر ئەوە دۆزە بکات کە مانگرتووان بەرخۆدانی بۆ دەکەن. ئەو چالاکییە چەندە خزمەت و ڕاژۆی دۆزێکی ئاسایی بکات، دوو ھێندەی ئەوە ڕاژۆی دۆزێکی دەگمەن دەکات.

لە پەرتووکی’ دۆزی دەگمەن، دۆزی کورد  ‘دا من تێۆری دەگمەنم شرۆڤە کردووە و دەگمەنبوونی دۆزی کوردم نیشان داوە. بە پێی ئەوەی کە دۆزی کورد دۆزێکی دەگمەنە، چالاکی دەگمەن دەتوانێت بە دەیان ساڵ پێشی بخات و قەڵەمبازی مێژوویی پێ بدات. لە مێژووی تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کوردستان دا، چالاکی دەگمەن و بەرخۆدانی دەگمەن ھەبوون. یەکێک لەو چالاکییانە بەرخۆدانی گرتووگەی ئامەدە لە ساڵی ١٩٨٢ دا.

پاش ئەوەی کە لە ساڵی ١٩٨٠ دا ژێنڕاڵە تورکەکان کوودەتای سەربازیان کرد، ڕەپۆشە و جەو‌ی ترسیان بەسەر ھەموو کۆمەڵگا دا سەپاند، ھەموو دەنگێکی دژبەریان کپ کرد و، زۆربەی ھەرە زۆری کۆم و ڕێکخراوە سیاسییەکانیان لەناو برد. تەنانەت گورزێکی کاریگەریان لە پارتی کرێکارانی کوردستانیش دا. بەڵام لە گرتووگەی ئامەد دا گورزی کاریگەریان لێکەوت و پاشەکشەیان پێکرا. ئەوەی کە ئەو گورزەی لێدان چالاکی دەگمەنی پێشەنگانی پەکەکە بوو کە بە خۆسووتاندنی مەزڵووم دۆغان دەستی پێکرد و بە شەھیدبوونی کەماڵ پیر و ھەڤاڵانی لە مانگرتنی بێسنوور دا بە ئەنجام گەیشت. ئەگەر ئەو بەرخۆدانە دەگمەنە نەبوایە، پەکەکە نەیدەتوانی لەو قۆناخە ھەستیار و دەگمەنە خۆی دەرباز بکات و بەو ئاستەی ئەمڕۆ بگات.

بەرخۆدانی گرتووگەی ئامەد لە قۆناخی سەرەتایی پەکەکە دا بوو و دۆزی کوردیش بە گشتی، پاش ئاشبەتاڵەکەی بارزانی لە باشووری کوردستان، لە ئاستێکی زۆر نەزم و لاواز دا بوو. وەکوو چالاکی و ھەڵمەتێکی دەگمەن، ئەو بەرخۆدانە ھەم پەکەکەی لە مەترسی لەناوچوون دەرباز کرد و، ھەمیش دۆزی کوردی بە دەیان ساڵ پێشخست.

مانگرتنەکانی ئەم جارە، کە لە ٧ی نۆڤامبری ٢٠١٨ بە پێشەنگایەی لەیلا گۆڤەن دەستیان پێکردووە، لە قۆناخ و بەستێنێکی دیکەی مێژوویی دا جێدەگرن؛ قۆناخێک کە تێیدا ڕۆژھەڵاتی ناڤین تووشی قەیرانی سیستەم بووە و بەرەو ڕووخانی یەکجاری ئاراستەگیر. لە ڕەوشێکی ئاوا دا، جێگیربوونی سیستەمێکی نوێ گرێدراوی ڕێکخستەبوونی ئەو لایەنەیە کە لە دژی سیستەمی کۆن سەریھەڵداوە.  سیستەمی کۆن ھەرچەند لە قەیران و گێژاوە دا بژی، ئەگەر نوێنەرانی سیستەمی نوێ ڕێکخستە نەبن و فەداکارانە ئامادەی نرخ و رەنج دان نەبن، سیستەمی کۆن دەتوانێت خۆی لە نوێوە دا‌بڕێژێتەوە و بە نێوێکی دیکە و بە تەشەیەکی تر خۆی بەسەر کۆمەڵگا دا بسەپێنێتەوە.

پاش شەڕی جیھانی یەکەم، گەلی کورد لە ئاستی پێویست بۆ دیاریکردنی چارەنووس لە گۆڕپان دا نەبوو و، بەو پێیە، ئەوانیدی چارەنووسیان بۆ دیاریکرد؛ چارەنووسێک کە پارچەبوونی کوردستانی لێکەوتەوە و ڕیزێک لە کۆمەڵکوژی بە دوای خۆیدا ھێنا کە ھەتا ئێستاش بەردەوامە. ئێستا کە ئەو سیستەمە کەوتووەتە قەیران و بناغەکانی سیستەمێکی نوێ لە ڕۆژاوای کوردستان داڕێژراوە، پێویستە گەلی کوردستان بە گوێرەی پێویست لە گۆڕپان دا بێت و سیستەمی خۆی دامەزرێنێت. ھەرچەندە کە ئێستا سیستەمی پاش لۆزان لە قەیران دایە، ئەگەر ئێمە بە گوێرەی پێویست تێنەکۆشین و پێداگری لەسەر ھێڵی ئازادی نەکەین، چارەنووسمان ھەر ئەوەی سەدەی بیستەم دەبێت.

تێکۆشانی ئازادی پێویستی بە بەشداری ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا ھەیە. یەکێک لە جیاوازییەکانی سەرھەڵدان و شۆڕش لەوەدایە کە لە سەرھەڵدان دا چینێک یان دوو چینی کۆمەڵگا بەشداری دەکات، بەڵام لە شۆڕش دا ھەموو یان زۆربەی ھەرە زۆری چینەکانی کۆمەڵگا تێیدا بەشداری دەکەن. یەکێک لەو چینانە چینی ڕۆشنبیر و پسپۆرە. بەپێی ئەوەی کە ڕۆشنبیر کاری ھزری دەکات و ھزر ڕۆڵی گرینگی ھەیە لە ھەڵگیرسان و سەرکەوتنی شۆڕش دا، ڕۆشنبیر دەتوانێت لە ھێڵی پێشەوەی شۆڕش دا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت.

ئەگەر چاوێک لە سەرھەڵدانەکان و ڕێکخراوە ڕامیارییەکانی کوردستان بکەین، یەکەم شتێک کە سەرنجمان ڕادەکێشێت ڕۆلی لاواز یان نەبووی چینی ڕۆشنبیرە. ھۆکاری ئەم دیاردەیەش دوو شتە: یا ئەوەی کە ڕێکخراوەکان کراوە نەبوون بۆ بەشداری ڕۆشنبیر، یان ئەوەی کە ڕۆشنبیر بۆخۆی بەشداری ڕێکخراوەی شۆڕشگێڕی نەکردووە. بەڵام ئێستا، چارەسەرکردنی دۆزی دەگمەنی کورد چارەسەرکردنی ئەو پرسەمان لێدەخوازێت. ھەر بۆیە، چەندە ڕێکخراوەکان پێویستە باوەشی خۆیان بۆ ڕۆشنبیر بکەنەوە، ئەوەندەش پێویستە کە ڕۆشنبیر ڕوو لە شۆڕش بکات و بەشداری ڕێکخراوەی شۆڕشگێڕ ببێت.

ڕۆشنبیرێک کە ھەست بە ژێردەستی کۆمەڵگاکەی و پارچەبوونی وڵاتەکەی نەکات، ھەموو پێکھاتە ڕۆشنبیرییەکەی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. چونکە کۆمەڵگا چەندەی پێویست بە تاکەکەس بێت بۆ دامەزراندن و بەردەوامکردنی ھەبوونی خۆی، تاکەکەسیش ئەوەندە پێویستی بە کۆمەڵگا ھەیە بۆ واتادان بە خۆ و بۆ پاراستنی خۆ.

پەرگالی ھزریی کلاسیک، کە بەسەر لیبڕالیسم و سۆسیالیسم دا دابەش دەبوو، شرۆڤەیەکی ڕاستی لەو دوو پۆلێنە نەخستە بەر چاومان. لیبرالیسم لە ھەوڵی سەپاندنی تاک بەسەر کۆمەڵگا دا بوو و، لەو پێناوە ‌دا، ھەموو مافێکی پێشکەش بە تاک دەکرد و چێژگرتنی تاکی لە ھەر چەشنە ماف و کردەوەیەک بە ڕەوا دەزانی، تەنانەت ئەو ماف و کردەوانەی کە خەساریان لە کۆمەڵگا دەدا. بە پێچەوانەی لیبرالیسم و ھاوشێوەی ئەو، سۆسیالیسم کۆمەڵگای بەسەر تاک دا دەسەپاند و ھەموو مافێکی بە کۆمەڵگا دەدا بۆ بەرھەمھێنانی تاک بە گوێرەی خۆی. لە زۆربەی وڵاتانی سۆسیالیستی ئەم ڕێبازە ھەتا ئاستی دیکتاتۆڕی و ماریسێتی چوو.

چەندە لیبرالیسم و ھەوڵەکانی پێشترێتی دان بە تاک ھەڵە بن، سۆسیالیسم و ھەوڵەکانی پێشترێتی دان بە کۆمەڵگاش ئەوەندە ھەڵەن. لە ڕاستی دا، پرسیاری’ گەلۆ تاک لە پێش کۆمەڵگا دا لە دایک بووە یان کۆمەڵگا لە پێش تاک دا ھاتووە‘ لە فەلسەفە دا بێواتە بووە، ھەر وەک پرسیاری ’ گەلۆ ھێلکە لە پێش مریشک دا ھاتووە، یا مریشک لە پێش ھێلکە ‌دا ‘. ھەر ھەوڵێک بۆ پێشترێتی دان بە ھەر یەک لەو دوو پۆلێنە، لە ڕاستی دا، ھەوڵە بۆ سەپاندنی ئەو بە سەر ئەوەی دیکە دا؛ سەپاندنێک کە بێجگە لە خەسار و ڕووخاندن ھیچ سوودێکی بۆ ھیچیان نییە.

ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە کە خۆمان لە دووپەکییە کلاسیکییە دەرباز بکەین و لەو ڕاستییە تێبگەین کە ڕێبازی دیکەی ھزریش ھەن کە مرۆڤ دەتوانێت وەکوو ھێڵی سێھەم، ھێڵی چوارەم و تەنانەت ھێڵی پێنجەمیش ناودێریان بکات. گرینگ ئەوەیە کە مرۆڤ لە زۆنگاوی ئەمڕۆ دا گیر نەکات و ڕاستییەکانی سبەینێ ببینێت.  ئەگەر ئەوەندە بوێر بین و خۆمان لەو زۆنگاوەی دوێنێ دەرباز بکەین کە تێیدا تاک و کۆمەڵگا لە دوو جەمسەری دژبەیەک دا دەژیان و، ڕاستییەکانی ئەمڕۆ لەبەر چاو بگرین، دەبینین کە ئەو دوو پۆلێنە لە ناو یەکتری دا دەژین و لە پێوەندییەکی ھاوژینی و سیمبیۆتیک دا یەکتری تەواو دەکەن. بۆ دامەزراندن و پاراستنی ھەبوونیان پێویستیان بە یەکتری ھەیە و، ھیچیان بە بێ ئەوەی دیکە نە دەتوانن لە دایک بن و نە دەتوانن ھەبوونیان بپارێزن.

ئەگەر پێوەندی تاکی کورد و کۆمەڵگای کوردستان لەو چوارچێوەیە ‌دا شرۆڤە و داھووراندن بکەین لە ڕاستییەکان نزیکتر دەبینەوە. ھیچ تاکێکی کورد، بە ڕۆشنبیرەوە، ناتوانێت خۆی لە کوردبوون بشواتەوە. ئەگەر بیشیکات، ئەوانیدی دان بەو خۆشوشتنەوەیە دا نانێن و لە پێگەی کوردبوونەوە لێی دەڕوانن و ھەڵسووکەوتی لەگەڵ دا دەکەن. ھەر بۆیە، لە باتی خۆداشوشتن لە کوردبوون و خۆدابڕاندن لە کۆمەڵگا و شۆڕشی کوردستان، پێویستە ھەموو تاکێکی کورد، لە سەروویانەوە ڕۆشنبیر و پسپۆر، لە ڕێپێوان و مەشی ئازادی دا جێبگرن و لە سەرخستنی دا ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.

چینی ڕۆشنبیر و پسپۆری کوردستان لە چەندین کێشە دا ژیان دەکات کە ھەتا لێواری نەخۆشی چووە. یەکێک لەو کێشانە خۆدابڕاندن لە کۆمەڵگایە؛ خۆدابڕاندنێک کە تێیدا ڕۆشنبیر خۆی لە پێگەی ژوو دا دەبینێت و کۆمەڵگاش لە پێگەی ژێر، خۆی بە گەورە دەزانێت و کۆمەڵگاش بە بچووک، خۆی بە زانا دەزانێت و کۆمەڵگاش بە نەزان، یا خۆی بە ئازاد دەزانێت و کۆمەڵگاش بە کۆیلە. بەڵام بەڕاستی ئەگەر کۆمەڵگای تۆ بچووک، نەزان و کۆیلە بێت، چۆن تۆ دەتوانی بە ئازادی، زانایی و ‌گەورەیی بژی؟ تۆ کە بستێکت خاک نییە تێیدا بژی، خۆ بە گەورە زانینت لە چییە؟!

 لە تێکۆشانی نەتەوەیی دا نابێت ھیچ کەس پێگەی کۆمەڵایەتی خۆی وەکوو پاساوێک بەکاربێنێت بۆ ناچالاکبوون. پێگەی کۆمەڵایەتی تاک چەندە مەزنتر و ڕژدتر بێت، پێویستە تاک خۆی لە کاری مەزنتر و ڕژدتر بدات. ڕاستە پێگەی رۆشنبیربوون و پسپۆربوون لە بوارەکانی زانستی دا پێگەگەلێکی  بەرزن. کەس ناتوانێ نکوڵی لە بەرزبوونی پێگەی دوکتور، پرۆفسۆر و ئەندازیار بکات، بەڵام ئەو پێگانە لەگەڵ ئەو پێگە نەزمەی کە کۆمەڵگای کوردەواری تێیدا دەناڵێت زۆر ناکۆک و دژبەیەکە. پێگەی تاکەکەسیمان زۆر بەرزە، لە لووتکە دایە، لە ھەموو شوێنێک پێمان خۆشە بەچاوی کۆمەڵگایدا بدەینەوە، ئەگەر دوکتور بین لە کەسی قەبووڵ ناکەین کەمتر لە دوکتورمان پێبڵێت و، شەڕ لەگەڵ ئەوە کەسە دەکەین کە بە نازناوی پرۆفسۆر بانگمان نەکات ئەگەر پرۆفسۆر بین. بەڵام سەد حەیف و مەخابن، پێگەی نەتەوەییان ئەوەندە نەزمە کە لە ھیچ شوێنێک پێمان خۆش نییە باسی لێ بکەن و وەبیرمانی بێننەوە.

واتە ئەوەی کە لێرەدا دەردەکەوێت درزێکی پان و بەرینە لە نێوان پێگەی تاکەکەسیمان و پێگەی نەتەوەییمان دا. ئەوەندە گەورەیە کە ھیچ کەس ناتوانێت نکوڵی لێبکات و ئەوەندەش بە ژانە کە ھیچ مرۆڤێکی خاوەن ویژدان ناتوانێت خۆی لێ بپارێزێت. جا بۆیە،‌ داوا لە ھەموو ڕۆشنبیران و پسپۆرانی کوردستان دەکەم کە بە خۆیان دا بچنەوە و خاوەنداری لە شۆڕشی کوردستان و ئەو قۆناخە ھەستیار و میژووییە بکەن کە پێیدا تێپەڕ دەبین. با ھەموومان ڕوو لە بەرەکانی شۆڕش بکەین و بەبێ خۆ بەگەورە زانین و بەکار ھێنانی ئاستمان لە بەرامبەری دەورووبەرمان ڕۆڵی مێژووی خۆمان بگێڕین. با پێگەی نەتەوەییشمان بە ئاستی پێگەی تاکەکەسیمان بگەیەنین و ھەر وەک چۆن شانازی بە پێگەی تاکەکەسیمان دەکەین ئاواش شانازی بە پێگەی نەتەوەیشمان بکەین.