سەردێڕ:

زەوییەکەمان لەمەترسیدایە !

1/19/2019 9:34:49 PM
5040 جار خوێندراوەتەوە
میقداد شاکەلی
+ -

تەقینەوەی دانیشتوان بە ھۆی دەرئەنجامی زۆربوونێکی خێرا لە ژمارەی مرۆڤ ڕوودەدات، بە بەراورد لەتەک ئەو کەرەستە و شمەکانەی سروشت کە لەبەردەستیاندایە، وەکو دەرامەتی کشتوکاڵی و کانزایی و بەروبومی گیانەوەری چ لە سەر وشکانی بێ یاخود لەنێو ئاودا بێ، لە ھەمان کاتدا بەھۆی نەبوونی یاخود کەمبوونەوەی ئەو کەرەستە و خواردەمەنییانە، زەنگێکی مەترسیدار لێدراوە لەسەر بەشێکی ژیانی مرۆڤایەتی لە چەند ڕووبەرێکی دیاریکراوی سەر گێتی، ھەروەھا بە ھۆی بڵاوبوونەوەی نەداری و برسێتی و تینوێتی و نەخۆشی، لە ئەنجامی دەستڕا پێنەگەیشتنی بەشی خۆیان لەو رزق و ڕۆزیەی کە لەسەر زەوی بەشکراوە بەشێوەیەکی نایەکسان، پتر ھەڕەشەکان جدیتر بوون لەسەر گیانی مرۆڤەکان .

لەسەدەی ھەژدەیەمدا، لێکۆڵەری ئینگلیزی بەناوبانگ ( تۆماس ماڵتوس ) لە پێناسە باوەکەی دا کە تیشکی خستووەتە سەر ئەم حاڵەتە لە تێورەکەی سەبارەت بە زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانی سەر گێتی، کە بە ( توانای ھەڵگرتن )ی زەوی ناوبانگی دەرکردووە، وای بۆ دەچێ (گریمانەی کردووە) کە زەوی تەنھا نۆ کەس ھەڵدەگرێ و دەیەمین کەس قورساییەکی زۆر دەخاتە سەر شان و شەوکەتی زەوی و لە دەرەوەی ھاوکێشەی ( دانیشتوان و کەرەستە و خۆراکە).

بە زۆری دیاردەی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان بە شێوەیەکی ئاشکرا و ڕوون لەم سەردەمەدا کەوتووەتە ناوچە تەختایی و وڵاتە بیابانییەکان، کە کەرەستەی خۆراک و شمەک و بابەتی دیکەی تیادا زۆر کەمە، دیارە ئەوەش لەبەر نەبوونی پلانی دەوڵەت و بۆشایی یاسا و عورف و عادەتی ناوچەیی وا دەکات کە کێرڤی دانیشتوان تا دێت بۆ سەرەوە ھەڵدەکشێ، ھەر وەک لە ئێستادا لە ھەندێک وڵاتانی ئەفریقادا ڕوودەدات .

یەکێک لە دیاردەکانی ڕوودانی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و چڕییەتیان یاخود کۆبوونەوەیان لە ڕووبەرێکی بچووکدا، بڵاوبوونەوەی نەزانین و نەخوێندەواری و ھۆشیاری تاک و ئەنجامدانی پرۆسەی ھاوسەرگیری پێشوەختە یە، جگە لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەدایکبووان و کەمبوونەوەی مردن، بەھۆی سەرھەڵدانی تەکنەلۆژیای پزیشکی و دەوا و دەرمان، بە ھەمان شێوە لەم ساڵانەی دواییدا ڕادەی کۆچکردن ڕووی لە زیادبوون کردووە بۆ ناوەندی شارە گەورەکان، ئەوەش لە دەرئەنجامدا دەبێتە ھۆی سەرھەڵدانی نائارامی و جەنجاڵی ناو شەقام و کوچە و کۆڵان و گرانبوونی ھەمە چەشنەی پێداویستیی تاکەکان چ خۆراک بێت یان کەرەستە و کەلوپەل و شوێنی نیشتەجێبوون بێت، سەرەڕای پیسبوونی ژینگە و زیادبوونی ڕێژەی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن و قەتیس بوونی گەرما، ھەروەک چۆن زانایانی کەش و ژینگە تێبینی ئەوەیان کردووە کە بەستەڵەکی ھەردوو جەمسەری باکور و باشوری زەوی بەردەوام دەتوێنەوە و لە کەمی دەدەن، ھەروەھا ڕادەی زەمین لەرزە تا دێت زیاتر دەبێت، دیاردەی زریان و باو و بۆران و خۆڵبارین و تسۆنامیش بەرەبەرە بەرە و ھەڵکشان سەردەنێن، بەھەمان شێوە کەمبوونەوەی ئاوی ڕووبارەکان و ژاراوی بوونی خاک و گژوگیا و دەوەن و کەڵەکەبوونی پاشەڕۆی ماڵان و ناوچە پیشەسازییەکان، کە قەیرانێکی ژینگەیی گەورەیان بۆ شارەکان خولقاندووە و کاری کردووەتەسەر ئاو و ھەوا و خاکیان، ئەوانە و زۆری دیکەش شایەتی ئەوە دەدەن کە زەوییەکەمان لە مەترسیدایە.

لێرەدا بۆمان ڕووندەبێتەوە کە مرۆڤ ھۆکاری سەرەکییە لە سەرھەڵدانی ئەم کێشانە، بەتایبەتی ھەندێک لە مافیا و پارەدار و کەسە بەھێز و دەسەڵاتدار و کۆمپانیا زەبەلاحەکان، کە ڕۆڵیان لە بڵاوبوونەوەی توندوتیژی و مۆنۆپۆڵ کردن و قۆرخکاری لە گشت دەرامەتە سروشتیەکاندا کردووە و بەکاری دەھێنن لە ململانێی دینی و ڕەگەز پەرستی و نەتەوەیی و ... تاد، ھەروەھا چاندنی ماددەی سڕکەر و بێ ھۆشکردن و بازرگانی پێوەکردنی، کە دەبێتە ھۆی بڵاوبوونەوەی خراپەکاری و دوژمنایەتی لە نێوان مرۆڤایەتیدا ( سەرھەڵدانی تیرۆر وەک نموونە.)

لە ساڵی ١٩٧٤دا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا لەمەڕ گەیشتن بە کارەساتی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و لێکەوتەکانی، ھەر بۆیە کاری لەسەر ئەنجامدانی کۆنگرەی تایبەت کرد بە دیاریکردن و ڕاڤەکردن و پێوانەیی ئاستی چڕییەتی دانیشتوان لە گشت ناوچە جوداکانی جیھاندا، لەتەک ئەوەشدا دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری و ڕۆشنبیری لەم بوارەدا .

ھەندێ لەو دەوڵەتانەی کە دووچاری کارەساتی تەقینەوەی دانیشتوان بوو بوون، دەستپێشخەرییان کرد بۆ سنووردارکردنی زاوزێ و مناڵ بوون، وەکو وڵاتی چین، ھەروەھا ھەندێ دەوڵەتی دیکە ھەستان بە دانانی یاسای باج لێوەرگرتن لەو کەسانەی کە مناڵی زیاتریان دەبێت .

کیشوەری ئەفریقا ناوچەیەکی گەورەیە، کە تەقینەوەی دانیشتوان تیایدا سەریھەڵداوە، بەتایبەتی لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە دووەم کیشوەرە لە دوای کیشوەری ئاسیا، لەتەک جیاوازییەکی زۆر گەورە لە نێوان ئەو دوو کیشوەرەدا چ لە ڕووی ڕووبەر و چ لە ڕووی دەرامەتی سروشتیەوە بووبێت کە کیشوەری ئاسیا دەوڵەمەند ترە، بەڵام وا پێشبینی دەکرێت کە کیشوەری ئەفریقا یەکەم کیشوەر بێت کە تەقینەوەی دانیشتوانی تیادا سەریھەڵدابێت لەسەر ئاستی گشتی کیشوەرەکان، ھەروەھا لەتەک زۆربوونێکی بێ شوماری مناڵ و گەنج و ژینگەیەکی گونجاو بۆ گوزەرانکردن، بەڵام لە ڕووی پێشکەوتنەوە زۆر لە خوار گشت کیشوەرەکانی ترەوەیە .

بەروبوومی کشتوکاڵی(وەبەرھێنانی کەرەستەی کشتوکاڵی) بەردەوام لە گرژبووندایە لە بەشێکی زۆری دەوڵەتان، بە شێوەیەک کە ئاستێکی مەترسیدار تۆمار دەکات بە بەراورد لەتەک ژمارەی دانیشتواندا، ھەروەھا بەرزبوونەوەی ژمارەی ھەژار و نەدار لە کیشوەری ئەفریقا لە ساڵی ٢٠٠٠ دا گەیشتە ١٢٧ ملیۆن کەس، چاوەڕێ دەکرێت ئەو ژمارەیە لەساڵی ٢٠٢٠ دا بگاتە ٦٠٨ ملیۆن کەس، واتە ٥٠ % ی دانیشتوانی گشت کیشوەری ئەفریقا .

بە گوێرەی ئامار و پێشبینیەکان، دەبووایە ژمارەی دانیشتوانی گشت سەر زەوی بگاتە ( ٧,٨ ) ملیار کەس لە ساڵی ٢٠٥٠دا، بەڵام لە ئێستادا ئەو ژمارەیە لەسەر ڕووی زەوی نیشتەجێیە و وا پێشبینی دەکرێت لە ساڵی٢٠٣٠ دا بگاتە پتر لە ٨ ملیار کەس، ئەوەش بەمانای گەیشتنی سەردەمی تەقینەوەی دانیشتوان و بەردەوامبوونی .

سەرباری ھەوڵی نێودەوڵەتی بۆ سنووردارکردنی ئەم کارەساتە، بەڵام لە دەرئەنجامدا بێئاکام دەرچوون! کۆمەڵێک یاساو ڕێسای گرنگ و مەزن ھەن، کە دەبێ دەوڵەتان و کۆمەڵگەی مرۆیی ڕەچاوی بکەن بۆ پاراستنی ژینگە و سەلامەتی زەوی و خاوێن بوونی سەرچاوەی ئاو و خاک و ھەوا، ئەوەش یەکگرتنی گشت دەوڵەتان و سووربوونی خۆیان لەسەر پڕۆسەی ئاشتی و مرۆڤدۆستی دووپاتبکەنەوە بۆ ئەوەی جارێکیتر شەڕ و وێرانکاری و داگیرکاری و قۆرخکردن نەبێتە بارگرانییەکی مەترسیدار لەسەر شان و شەوکەتی زەوی و مرۆڤ، بۆ ئەوەی گۆی زەوی و ماڵە گەورەکەمان لە مەترسی ڕزگاری ببێت .

لە سەردەمی ئێستاماندا، بە شێک لە دەوڵەتە پێشکەوتووەکان دەستیانکردووە بە گەڕان بە گەردوندا، ئەوەش بۆ دۆزینەوەی شوێن و جێگای تازە، ڕەنگە لە ئایندەدا پێویست بێت مرۆڤایەتی لەوێش جێگیر بکرێت وە ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئەم زەوییە لە ئایندەدا وێران ببێت و بە کەڵکی ژیان نەمێنێت، چونکە تا دێت کێشە و شەڕ و نەخۆشی و ئافاتی جۆراو جۆر ڕووی تێدەکات تاکو وای لێدێت لە دەستی مرۆڤ نەمێنێت کە چارەسەری بکات .