سەردێڕ:

پەیمانی میساقی میللی، ئۆجەلان و داهاتووی پرسی کورد لە تورکيا!

9/17/2019 10:32:13 PM
7278 جار خوێندراوەتەوە
شەماڵ بەشیری
+ -

جارێکیتر چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا کەوتۆتە رۆژەڤەوە. ھاوکات لەتەک ئەم پرۆسەیە دوو دیاردە شانەبەشانی یەکتر بەرێوە دەبردرێت. لە لایەکەوە دیدار لەتەک ئۆجەلان، ھەرچەند بە بەردەوامی نەبێت، لە ئارادایە و لەلایەکیترەوە لەسەرکار لابردنی سێ سەرۆک شارەوانی لە باکووری کوردستان لە لایەن دەوڵەتەوە ھاتۆتە ئاراوە و رۆژانەش شەڕ لە نێوان گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و دەوڵەتی تورک روو دەدەن.

لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا زیندوو بکرێتەوە، لەسەر کام بنەماکان ئەو پرسە تاوتوێ دەکرێت و لەسەر کام بنەما بەرەوە چارەسەر دەبردرێت؟ پرسیاری دووھەم ئەوەیە کە خاڵە ھاوبەشەکانی ھەر دوولا لە پرۆسەی ئاشتیدا کامانەن و ئایا ئەم خاڵە ھاوبەشانە دەتوانن رێکەوتنێکی ستراتێژیک لە نێوان کورد و دەوڵەتی تورکی لێبکەوێتەوە؟ بۆ نرخاندنی ئەم پرسیارانە و گەیشتن بە وەڵامەکان سەرەتا بە کورتی باس لەسەر ئەو بنەمایانە دەکەین و ھەڵوێستی لایەنەکانی بەشدار لەم پرسەدا دەنرخێنن.

پەیمانی میساقی میللی و رەوشی دەوڵەتی تورک ناسیۆنالیستەکانی تورکیا پەیمانی میساقی میللی وەک یەکێک لە شکستە گەورەکانی مێژووی دەسەڵاتداری تورکی تەماشا دەکەن. لە دوای کۆتایی ھاتنی شەڕی جیھانی یەکەم، پەیمانی ئاگربەستی مۆندرۆس لەلایەن ھێزەکانی ھاوپەیمان (ئیتالیا، فەرانسە و بریتانیا) و دەوڵەتی عوسمانی واژۆ کرا.

بەپێی ئەو رێککەوتنە دەبوایە ھەموو ھێزەکانی لەشکەری لە شوێنی خۆیان بمینەوە ھەتا پەیمانی ئاشتی واژۆ دەکرێت. لەو قۆناخەدا شاری موسڵ لە ژێر دەسەڵاتی سەربازانی عوسمانی بوو.

بەریتانیەکان کە لە ستراتێژیک و ژێئۆپۆلیتیکبوونی موسڵ گەیشتبوون، ئاگربەستی مۆندرۆس-یان پشتگوێ خست و پەلاماری موسڵ-یان داو و ئەو شارەیان لە دەستی سوپای عوسمانی دەرھێنا. لە دەرئەنجامدا سەرەتا پەیمانی سێڤر و دواتر پەیمانی میساقی میللی لە رێکەوتی ٢٨ ژانویەی ساڵی ١٩٢٠ لە مەجلیسی نوێنەرانی دەوڵەتی عوسمانی پەسەند کرا و بەو پێیە شەڕی جیھانی یەکەم لە پەیوەندی لەتەک دەوڵەتی عوسمانی کۆتایی ھات.

پەیمانی میساقی میللی لە ٦ خاڵ پێکدەھات. پەیمانی میساقی میللی ئەم خاڵانە لەخۆوە دەگرێت:

خاڵی یەکەم: داھاتووی ئەو بەشانەی خاکی دەوڵەتی عوسمانی – بەتایبەت ئەوانەی زۆرینەی دانیشتووانی عەرەبن – کەلەدوای ئاگربەستەکەی ٣٠ی ئۆکتۆبری ١٩١٨دا لەژێر داگیرکاریی ئەرتەشی وڵاتانی دوژمندا ماونەتەوە، پێویستەبەدەنگدانێک دیاری بکرێت کەدەربڕی ڕای ئازادانەی خەڵکی ئەوێ بێت. لە چوارچێوەی سنوورەکانی ناوەوەو دەرەوەی ئەم ئاگربەستەدا، ھەموو ئەو خەڵکانەی کەبەزۆرینە لەژێر دەسەڵاتی ئیسلامیی عوسمانیدا ژیاون و لەڕووی ئایینی، نەژادی و ئیدەئالەوەپەیوەندییەکیان لەگەڵ یەکتر ھەیەو‌رێز لەپەیوەندییەکی نەژادی و کۆمەڵایەتیی دەگرن کەھەڵگری ھەستی رێزگرتن و لەخۆبوردوویی دوولایەنەیە، پێکھاتەیەکی گشتین کەبەھیچ ئیرادەو بڕیارێک لێک ھەڵناوێردرێن.

خاڵی دووەم: قبوڵی دەکەین ھەر سێ ویلایەتی قەرس، ئەردەھان و باتوم کەلەدوای گەیشتنیان بە ئازادی، بەدەنگدانی گشتیی خەڵکەکەیان ھاتوونەتەوەناو دایکی نیشتمان، ئەگەر پێویست بێت دووبارەلەوێ دەنگدانی گشتی بەڕێوەبچێتەوە.

خاڵی سێیەم: دیاریکردنی بارودۆخی یاسایی رۆژئاوای تراکیا کەتا بەستنی ئاشتییەک لەگەڵ تورکیا بەھەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە، پێویستەلەسەر بنەمای دەنگدانێک بێت کەدەربڕی ڕای ئازادانەی خەڵکەکەی بێت.

خاڵی چوارەم: ئاسایشی دەریای مەڕمەڕەو شاری ئەستەنبوڵی مقەڕی خیلافەتی ئیسلام و پایتەختی سەڵتەنەت و ناوەندی حکومەتی عوسمانی، دەبێ لەبەرانبەر ھەر جۆرەھێرشێک پارێزراو بێت(پارێزبەندیی ھەبێت). بە مەرجی لەبەرچاوگیرانی ئەم بنەمایەو بۆ کرانەوەی گەرووەکانی دەریای سپی و دەریای ڕەش بەڕووی ھاتوچۆ و بازرگانیی جیھانیدا، کار بەو بڕیارانەدەکرێت کەئێمەو دەوڵەتانی پەیوەندیدار لەسەریان رێکدەکەوین.

خاڵی پێنجەم: لەچوارچێوەی بنەماکانی رێککەوتتنامەکانی نێوان دەوڵەتانی ھاوپەیمان لەگەڵ دوژمنان و ھەندێک لەھاوبەشەکانیان، مافی کەمینەکان لەلایەن ئێمەوەدەدرێت و گەرەنتی دەکرێت، بەم ھومێد و تێڕوانینەی کەخەڵکانی مسوڵمانیش لەوڵاتانی دراوسێدا خاوەن ھەمان ماف بن.

خاڵی شەشەم: بۆ دەستەبەرکردنی ئیمکاناتی پێشکەوتنی نیشتمانی و ئابووری و بۆ سەرخستنی ئەمە لەرێی مودیرییەتێکی سەردەمیانەو رێکوپێکەوە، وەک ھەموو دەوڵەتێک، لای ئێمەش گەیشتنمان بەئازادی و سەربەخۆییەکی تۆکمەوەک وەدیھێنەری مەرجەکانی پێشکەوتنمان، پرێنسیپی سەرەکیی بوون و داھاتوومانە. بەم ھۆکارە، ئێمەدژی ھەموو ئەو بەربەستانەین کەپێشکەوتنمان لەبوارەکانی سیاسی، دادوەری، دارایی و ھاوشێوەیاندا سنووردار دەکەن.

دانەوەی ئەو بڕەقەرزانەشمان کەدیاری بکرێن، لەگەڵ ئەم بنەمایەناکۆک نابێت. سنوورەکانی نیشتمانی تورک کە بەپێی پەیمانی ئاگربەستی مۆندرۆس لە ٣٠ی ئۆکتۆبری ١٩١٨دا دیاریکراوە و سەربازانی تورک دەیپارێزن، ناھێڵین بە ھیچ شێوەیەک دەسکاری بکرێن و پارچە بکرێن. ئەمە لەکاتێکدایە کە لە قۆناخی ئاگربەستدا شارەکانی موسڵ، کەرکووک، رەققە و حەڵەب لەژێر دەستی ھێزەکانی فەرانسە و بریتانیادا بوون.

واتە بەپێی خاڵی یەکەم ئەو ھەرێمانە ئیتر ھی تورکەکان نین. ئەمە لە کاتێکدایە کە جوگرافیای دەسەڵاتداری عوسمانی لە ساڵی ١٦٩٩ ھەتا پەیماننامەی کارلوفیتز، ٢٤ میلیۆن مەتری چوارگۆشە بووە. دواتر بەپێی پەیمانی کارلوفیتز کە لە ساڵی ١٩١٤دا واژۆکراوە سنوورەکانی دەوڵەتی عوسمانی بۆ ٥.٢ ملیۆن مەتری چوارگۆشە و دواتر بەپێی رێکەوتنی میساقی میللی و پەیمانی لۆزان ـکە لەسەر بنەمای میساقی میللی واژۆکرا)، جوگرافیای تورکیە بۆ ٧٨٠ ھەزار مەتری چوارگۆشە بچووک کرایەوە. ئەم دۆخی بچووکبوونەوەیەی جوگرافیای دەسەڵاتداری تورکیە، ھەمیشە جێگای نارەزایی گەنجە ناسیۆنالیستەکانی تورک بووە و ھەمیشە خەونی گەڕانەوەی ھەرێمەکانی موسڵ، کەرکووک، حەڵەب و رەققە بەشێکی دانەبڕاوی ئەم ھێڵە بووە لەناو سیاسەتی تورکیە.

لە سەرەتای قەیرانی سوریە لە ساڵی ٢٠١١، ئەحمەد داود ئۆغڵوو کە ئەو کات وەزیری دەرەوەی حکومەتی ئاکەپە بوو، رایگەیاند کە دەوڵەتی تورکیە لەتەک ئەو گەلانەی کە لە سەدەی رابردوودا لە تورکیە دابڕاون، جارێکیتر یەکدەگرنەوە. ئەردۆغانیش پەیتاپەیتا لەم چوارچێوەیەدا لێدوانیداوە ھەتا ئەوەی ئەو مژارە کاردانەوەی ئێرانی لێکەوتەوە و وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە رێکەوتی ٢٠ مانگی ئۆوتی ٢٠١٦ سەفیری تورکیای لە تاران بانگھێشتکرد و نارەزایەتی و نیگەرانی ئێرانیان لەمەڕ پرسی میساقی میللی و لێکەوتەکانی، بە تورکیا راگەیاند.

ئێستاکە لە تورکیە ھاوپەیمانیەک لە نێوان ئاکەپە و مەھەپە لە ئاردایە. ئەو ھاوپەیمانیە نوێنەرایەتی ئەو ھێڵە لە نەژادپەرەستی تورکی دەکات کە بەردەوام خەونی بەرفراوانبوونی خاکی تورکیە و گەڕانەوەی حەڵەب، رەقە، موسڵ و کەرکووک بۆ ژێر دەسەڵاتی تورک دەبینێت. لەم سۆنگەیەوە دەتوانین تێبگەین کە مەھەپە و ئاکەپە لەسەر کۆمەڵێک مژاری ستراتێژیک گەیشتوونەتە ئەو ھاوپەمانییە.

بەڵام ئێستاکە ئەم ھاوپەیمانییە لەژێر مەترسی لەناوچووندایە. ھاوپەیمانی تاکتیکی ھەدەپە و جەھەپە لە گەورەشاری ئیستامبووڵ، مەترسی لەسەر داھاتووی ھاوپەیمانی و دەسەڵاتی سیاسی مەھەپە و ئاکەپە درەست کردوە. ھەتا ئاستێک کە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ئیستامبووڵ وەک سەرەتای خۆرئاوابوونی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەھەپە ناوزەد کراوە.

لێرەدا ئۆجەلان بۆ جاری چەندەم وەک رزگاریدەری قەیرانی تورکیە دێتەوە مەیدان. لەم کۆنتێکستەدایە کە جارێکیتر ئاکەپە- مەھەپە روو لە دورگەی ئیمراڵی دەکەن و پرسی پرۆسەی ئاشتی دەخەنەوە رۆژەڤ. پرۆسەیەک کە ھەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای میساقی میللی بووە و تەنانەت ئەو کۆریدۆرەی کە تورکیە وەک کۆریدۆری ئاشتی بە درێژایی ٣٠ کیلۆمەتر دەیھەوێت لە باکووری سوریە سازی بکات، رێک جوگرافیای میساقی میللیە کە ھەتا رەققە درێژ دەبێتەوە.

ئۆجەلان و میساقی میللی لە ساڵانی نەوەدەکان، پرسی میساقی میللی سەرەتا لە لایەن جەلال تاڵەبانی و دواتر عەبدوڵا ئۆجەلانەوە خرایە رۆژەڤەوە. ھەر دوو سەرکردە لە ھەوڵی ئەوەدابوون کە لە قۆناخی دەسەڵاتداری ئۆزاڵ-دا، ئەم بابەتە وەک تەوەرێکی ستراتێژیک بۆ پەیوەندی لەتەک دەسەڵاتدارانی تورکیە و چارەسەری پرسی کورد لە تورکیە و ئێراق بەکاربھێنن.

جەلال تاڵەبانی لە دژی پارتی دیموکرات کە ئەو کات ھاوپەیمانی ستراتێژیکی ئێران بوو، خۆی لە تورکیە نزیک دەکردەوە و ھەڵگری ئەو پەیامە بوو کە ئەگەر بێت و دەوڵەتی تورک ھەنگاوی ستراتێژیک لەتەک کوردانی ئێراق ھەڵبھێنێت، ئەوا کورد دەتوانن لە جیاتی مانەوە لەناو قەوارەی سیاسی ئێراق، لەتەک تورکیە تێکەڵ ببن.

بەڵام ئەو پرۆژەیەی جەلال تاڵەبانی کێشەیەکی جیدی ھەبوو.

چونکە بە بێ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیە، ناتوانرێت کورد لە عێراق جیابکرێتەوە و بە تورکیاوە بلێکندرێت. ھەر بۆیە لەلایەن جەلال تاڵەبانیەوە ھەوڵی نێوەندگێڕی لە نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و دەوڵەتی تورک ھاتە ئاراوە.

تەنانەت ئەوکاتە پرسی گۆڕینی ناوی کۆماری تورکیا بۆ کۆماری ئانادۆڵی لەلایەن ئۆزاڵ-وە وروژێندرابوو. ئیتر ھەموو لایەک چیرۆکی تێداچوونی ئۆزاڵ و ئاکامەکانی ئەو قۆناخە دەزانن. دواتر لە دوای گیرانی رێزدار ئۆجەلان، ناوبراو چەندین جار ھەوڵی چارەسەری پرسی کوردی لە رێگەی سیاسیەوە داوە. ھەوڵەکانی ئۆجەلان ھەمیشە لە چوارچێوەی ئەو پرۆژەیەدا بووە کە کاتی خۆی لەتەک ئۆزاڵدا دارێشترابوو.

ئۆجەلان لە قۆناخی ئاگربەست لە ساڵی ٢٠١٣، رایگەیاند کە کورد دەتوانێت جارێکیتر پرسی میساقی میللی زیندوو بکاتەوە. شەرتی ئۆجەلان بۆ ئەو مژارە ئەوە بووە کە سەرەتا دەوڵەتی تورک گۆڕانکاری دیموکراتیک لە یاسای بنەڕیتیدا بکات و مافە سیاسی، ئابوور و کۆمەڵایەتیەکانی کوردان بەفەرمی لەناو دەستووردا جێگیر بکات.

دواتر پێویستە ھاوپەیمانیەکی ستراتێژیک لە نێوان کورد و تورک بێتە ئاراوە. ئۆجەلان لەو مژارەدا باس لەوە دەکات کە ئەو ھاوپەیمانێتیە دەبێت کوردی ھەر چوارپارچە لەخۆ بگرێت. واتە بە قەبووڵکردنی کورد و مافەکانی لەلایەن دەوڵەتی تورکیەوە، کورد دەتوانێت لەسەر بنەمای میساقی میللی ببێتە بە بەشێک لە خاکی تورکیە. ئۆجەلان لە جڵدی پینجەمی پارێزنامەکەی کە ناوی پرسی کورد و چارەسەری نەتەوەی دیموکراتیک-ە، لە بەشی تاوتوێ کردنی چارەسەری پرسی کورددا میساقی میللی وەک ژێرخانی ئەو چارەسەرییە نیشان دەدات.

لە ئێستاشدا وادیارە کە رێزدار ئۆجەلان ھیچ متمانەیەکی بەو ھاوپەیمانیەی نێوان رۆژئاوای کوردستان و ئامریکا نییە و ھەست بە مەترسی رێککەوتنێک لە نێوان ئامریکا و تورکیا دەکات کە لەناوچوونی پشتگیری رۆژئاوای کوردستانی لێبکەوێتەوە. لێدوانەکەی ترامپ لەمەڕ کشاندنەوەی ھێزەکانی ئامریکا لە سوریە باشترین بەڵگەیە بۆ نەبوونی پرۆژەیەکی جدی سیاسی ئامریکا بۆ چارەسەری پرسی کورد لە رۆژھەڵاتی ناوەراستدا.

ھاوکات ئۆجەلان دەترسێت بمرێت و مێژوو و ئەزموونی سەرکردە کلاسیکەکانی کورد دووبارە بکاتەوە. تایبەتمەندی سەرکردایەتی سیاسی کورد ھەمیشە ئەوەبووە کە شۆڕشیان بەرپا کردوە بەڵام بەبێ بەئەنجام گەیاندنی شۆڕش یان مردوون و یان بەجۆرێک لەناو بردراون.

لەگەڵ نەمانی سەرکردەکانیشدا شۆرشی کورد نەک ھەر نەگەیشتۆتە ئامانج بەڵکو پرسی کورد ھەر وا بەبێ چارەسەری ماوەتەوە. ئۆجەلان بە ھەستکردن بەو ئەرکە مێژوویە دەیھەوێت پێش مردن ئەو پرسە چارەسەر بکات. خوێندنەوەی پارێزنامەکان و دەقی دیداری چاوپێکەوتنەکان ئەو راستیە نیشان دەدات و دەیسەلمێنێت.

میساقی میللی و پەکەکە پەکەکە ھەتا قۆناخی ساڵانی ٢٠١٣ ھیچ کێشەیەکی لەتەک ھەوڵی رێکەوتنێکی ستراتێژیک لەسەر بنەمای میساقی میللی لەتەک تورکیە نەبوو. بەڵام لە دوای فەشەڵی پرۆسەی ئاشتی کە ئەردۆغان ھۆکاری سەرەکی تێکچوونی ئەو پرۆسەیەی ساڵی ٢٠١٣ بوو، سەرکردایەتی پەکەکە بریاری شکاندنی ئاک-پارتی دەرکرد.

پەکەکە گەیشتە ئەو قەناعەتە کە ئامانجی ئاکەپە لەناو بردنی پەکەکە و یاری بە پرسی کوردە. ئەو مەترسیە بەباشی لە لایەن ئۆجەلانیشەوە دەبینرا. ئەو کات ئۆجەلان لەگرتووخانە لە دیدار لەتەک ھەیئەتی ئیمراڵی گوتبووی،" بڕۆن بە جدی بۆ سەرخستی ئاشتی کار بکەن. ئەگەر ئەم جارە ئاشتی سەرنەکەوێت، جومعە گۆپاڵێک دەگرێتە دەست و وەدوامان دەکەوێت." ئەم دەربڕینەی ئۆجەلان پەیامێکی راستەوخۆ بۆ دەوڵەتی تورک بوو.

واتە ئەگەر بێت و پرۆسەی ئاشتی سەرنەگرێت ئیتر بۆ ئۆجەلان چەتوون دەبێت کە سەرکردایەتی پەکەکە بۆ ئاشتی رازی بکات. ئاکەپە لوتکەی فاشیزمی تورکی لە ٥٠ ساڵی رابردوودایە.

تەنھا حکومەتێکە کە توانیوێتی نزیکەی ٢٠ ساڵ دەسەڵاتی سیاسی بگرێتە دەست و ھەموو جومگەکانی دەسەلات و ناوەندە حقوقی و لەشکەریەکان بگرێتە ژێر رکێفی خۆی و ھەم بە ئایدیۆلۆژیای تورکچێتی و ھەم بە ئیسلامی سیاسی پەلاماری کۆمەڵگا بدات. لەو چوارچێوەیەدا دەتوانین بڵێن کە ھیچ یەک لە حکومەتەکانی تورکیە لە ٤٠ ساڵی رابردوودا نەیانتوانیوە وەک ئاکەپە، پەکەکە تەنگاو بکەن.

لە ھەمان کاتیشدا پەکەکە تەنھا ھێزێکی کاریگەر بووە کە توانیوێتی گەورەترین ئاستەنگی و چەڵەمە لەبەردەم پرۆژەی نێئۆعوسمانی ئاکەپە ساز بکات.

ئەو گورزەی پەکەکە لە سوریە لە تورکیەی خستووە، ھەتا ئێستاکە ھیچ ھێزێک بەسەر ئەو وڵاتەی نەھێناوە. تەنانەت سیاسەتەکانی پەکەکە لە سوریە بۆتە ھۆی تێکچوونی ھەموو پەیوەندیە دیپلۆماسییەکانی تورکیە لەتەک ھاوپەیمانە ستراتێژیکەکانی. بەڵام ئێستاکە پەکەکە کە ھیچ متمانەی بە ئاکەپە نەماوە ناتوانێت خۆی لە قەرەی پرۆژەی میساقی میللی بدات.

پرۆژەی میساقی میللی ھەموو ھێلکەکانی پەکەکە دەخاتە سەبەتەی تورکیەوە و لەھەمان کاتیشدا ھەموو پەیوەندیەکانی پەکەکە لەتەک دونیای دەرەوە تێکدەدات و گۆشەگیری دەکات. پرۆژەی میساقی میللی لەم قۆناخەدا گەورەترین گورز لە پێگەی ئامریکا لە سوریە و رۆژھەڵاتی ناوەراست دەدات و رۆژئاوای کوردستان تەواو مەجبووری تورکیا دەکات و ئەمەش گەورەترین ریسکی سیاسی مێژووی پەکەکە-ی لێدەکەوێتەوە. ھاوکات پەکەکە رێک دێنێتە بەرامبەری ئێران و دەوڵەتی ئێراقیش.

ھەر بۆیە پەکەکە زۆر بە گوومانەوە تەماشای ئەو دۆخە دەکات. لەو چوارچێوەیەشدایە ھەتا ئێستا پەکەکە نایھەوێت ئەو بابەتە بکەوێتە ناو راگەیاندن و ئاشکرا بکرێت.

چونکە بە درێژایی ٢٠ ساڵی رابردوو دوژمنانی پەکەکە بەردەوام ھەوڵی ئەوەیان داوە کە لە نێوان پەکەکە و ئۆجەلاندا ناکۆکی ساز بکەن. پەکەکە توانیوێتی لەو قۆناخەدا وەفاداری خۆی بۆ ئۆجەلان نیشان بدات و ئەو وەفادارییەش بە بەھێزی بیھێڵێتەوە.

پەکەکە لە چوارچێوەی لەناوبردنی گۆشەگیری سەر ئۆجەلان خەباتێکی مەزنی مانگرتنی راگەیاند. لە ئەنجامدا ٩ کەس شەھیدبوون و مانگرتن بە دونیادا بڵاوبۆوە. دواتر دەوڵەتی تورک لەژێر زەختی دەوڵەتی ئامریکا و ئەو چالاکیانە، گۆشەگیری سەر ئۆجەلانی لابرد و دیدار لەتەک پارێزەران دوای چەندین ساڵ ھاتە ئاراوە.

بەڵام لە دوای سێ حەوتوو ھیچ زانیاریەک لەسەر رێزدار ئۆجەلان و ناوەرۆکی دیدارەکان بڵاو ناکرێتەوە. لە سەرەتای مانگی ٦ ھەتا مانگی ٨، پرسی دیدار لەتەک ئۆجەلان لە رۆژەڤی راگەیاندندا کەم رەنگ بۆوە.

بە گشتی لەو ماوەیەدا لە ٢ و ٢٢ مانگی پێنج و ھاوکات لە ١٢ و ١٨ مانگی شەش دیدار لەتەک ئۆجەلاندا سازدراوە. ئەنجامی دیداری ١٨ی مانگ کە سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی ئیستانبوڵ بوو، ئاشکرا نەکرا.

ئەمە وەھای کرد کە دەوڵەتی تورکیە مەجبوورما دوو رۆژ دواتر دوکتور کەماڵ ئۆزجان بنێرێتە دیدار لەتەک ئۆجەلان و لە زمانی ئەوەوە داواکاری ئۆجەلان لە پەکەکە و ھەدەپە بڵاو بکاتەوە. سەرەڕای ئەمانەش ئەگەر ھەموو ئەو لێدوانانەی پارێزەرەکان کۆبکەیتەوە ٢٠ دێڕ قسەی ئۆجەلانیان بڵاو نەکردۆتەوە. لەبەر ئەم ھۆکارە رای گشتی نازانێت کە تێڕوانین و پەیامی ئۆجەلان بۆ پەکەکە و رای گشتی کوردستان و تورکیە چیە و ئەو پرۆسە ئاشتیەی کە ھەنووکە باسی لێوە دەکرێت لەسەر کام بنەماکان دەبێت.

میساقی میللی و پدک- ئێراق سەرچاوەی ھێز و دەسەڵاتی پدک-ئێراق و ماڵە بارزانی لەو دۆخە سەرچاوە دەگرێت کە کورد تێیدایە. واتە دۆخی داگیرکاری لە کوردستان دەرفەتی ئەوەی خوڵقاندوە کە ئەم لایەنە بتوانێت لەچوارچێوەی ھاوکاری و ھاوپەیمانی سیاسی- ئابووری لەتەک دەوڵەتانی ھەرێمی و جیھانی، پەرە بە دەسەڵات و ھێزی خۆی بدات. پدک- ئێراق لە چارەسەری پرسی کورد لە پارچەکانیتر دەترسێت.

ئەو لایەنە لە چارەسەریەک دەگەرێت کە بتوانێت ھێز و پێگەی بنەماڵەی بارزانی لەداھاتوودا مسۆگەر بکات. ھەر بۆیە بە ساڵانە پدک-ئێراق لە چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد لە باکووری دەترسێت.

کاتێکیش باس لە چارەسەری دەکات بەردەوام ھەوڵی ئەوە دەدات کە حیزبی دەستەمۆ بۆ شەریکایەتی لە دەستکەوتەکان ساز بکات. ئەنەکەسە لە رۆژئاوا، سازکردنی دەیان رێکخراوی مەدەنی و سیاسی لە باکوور و دەستەمۆکردنی چەند حیزبێکی رۆژھەڵاتی باشترین نموونەن.

دروشمی پدک-ئێراق ئەوەیە کە ھەر پارچەیە بەخۆی پرسی خۆی چارەسەر بکات و لەتەک حکومەتی ناوەندی خۆی رێکبکەوێت. ئەوە زۆر جیاوازە لەتەک ئەو پرۆژەیەی کە ھەوڵ دەدات ھەموو یانخود زۆربەی جوگرافیای کوردستان لە چوارچێوەی تەرحێکدا بەیەک ببەستێتەوە و چارەسەریەکی لە چەشنی میساقی میللی ساز بدات.

پدک- ئێراق و بنەماڵەی بارزانی لە دژی پرۆژەی میساقی میللی ئۆجەلانن. ئەوان پێیان وایە ئەو پرۆژەیەی ئۆجەلان دەبێتە ھۆی ھێز و وزەیەکی زۆری سیاسی بۆ پەکەکە و لاوازبوونی پدک-ئێراق. یەکێک لە ھۆکارە سەرەکیەکانی ھاوپەیمانێتی سیاسی- ئابووری ئەو بنەماڵەیە لەتەک دەوڵەتی تورکیە لەسەر بنەمای دوژمنایەتیکردنی پەکەکە بووە.

رێککەوتن و چارەسەری ئەو پرسە لە گرینگی پێگەی بنەماڵەی بارزانی کەم دەکاتەوە. ھاوکات میساقی میللی ھەتا ئاستی زۆر پێگەی دەسەڵاتی پدک-ئێراق لە جوگرافیای کوردستان لەبەرامبەر پەکەکەدا لەناو دەبات. لەو چوارچێوەیەدا پدک نیگەرانی ھاتنە ئاراوەی چارەسەرییەک لەسەر بنەمای میساقی میللی-یە.

بەڵام رۆژانە لە رووی نەزانینەوە گەورەترین خزمەت بە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیە لە چوارچێوەی وەدیھێنانی میساقی میللیدا دەکات. رێفراندۆمی باشووری کوردستان باشترین بەڵگەیە بۆ ئەو بابەتە. چونکە پرسی رێفراندۆم لە باشووری کوردستان بەپێی پەیمانی میساقی میللی، ئەو مافە بە دەوڵەتی تورک دەدا کە ھەرێمی باشووری کوردستان داگیر بکات و بە خاکی تورکیەوە بلکێندرێت.

لە دوای ھاتنە سەرکاری مەسرور بارزانی، ئەو ترسە زیاتر دەبیندرێت. ھەر بۆیە ناوبراو لە لایەک سەرقاڵی لاوازکردنی پەکەکە و لەلایەکیتریشەوە سەرقاڵی ئەوەیە کە خۆی زیاتر لە بەغدا نزیک بکاتەوە. بە پیی ھەواڵەکان پدک-ئێراق پرۆژەی چەکدارکردنی عەشیرەتەکانی ھەرکی و زێباری لەتەک حکومەتی مەرکەزی دەست پێکردوە.

ئەوە دەتوانێت یەکێک لە تەدبیرەکانی پدک-ئێراق بۆ ئەگەرەکانی رێککەوتنی پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا لەچوارچێوەی پرۆژەی میساقی میللی-دا بێت. بە درێژایی ساڵانی ھاوپەیمانێتی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق و تورکیە، پدک ھەمیشە دەستێکی بە ئێرانەوە بووە. پاراستن و بەھێزکردنی پەیوەندیەکان لەتەک ئێراندا وەک دەرگای قووتاربوون لە تەنگانە و سازدانی ھاوسەنگی لەنێوان تورکیە و ئێران بووە.

ئەنجام دەتوانین بڵێین کە پەکەکە لەو بڕوایەدایە کە لە دوای قۆناخی رزگاری کۆبانی، رۆژئاوای کوردستان دەربازی قۆناخێکی جیاواز بووە. بە دەربازبوونی رۆژئاواش بۆ قۆناخێکی نوێ، پرسی کورد بە گشتی لە ھەرێمەکەدا تێپەڕی قۆناخێکی نوێ بووە. لە راستیدا پەکەکە بۆ گەیشتن بەم قۆناخە لە رۆژئاوا باجی گەورەی داوە.

بۆیە گەڕانەوە بۆ پەیمانی میساقی میللی بەپێی قۆناخی پێش کۆبانی بۆ پەکەکە مایەی قەبووڵکردن نیە. ئۆجەلان دەیھەوێت تەماحی بەرفراوانکردنی دەسەڵاتداری تورکیە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە چارەسەری پرسی کوردەوە گرێ بدات. ئۆجەلان ئەو پەیامە بە تورکیە دەدات کە بەھێزبوونی دەوڵەتی تورکیە لە رۆژھەڵات ناوەراست و زیندووکردنەوەی پەیمانی میساقی میللی بە دەرگای چارەسەری پرسی کورد و ھاوپەیمانی لەتەک کورداندا، تێپەڕ دەبێت... بەڵام ئۆجەلان لەو بڕوایەدایە کە ئەم دۆخەی لە دوای قۆناخی کۆبانی ھاتۆتە ئاراوە، جێگەی متمانە نیە و ھەست بە مەترسی کۆمەڵکووژی کوردان بەدەستی دەوڵەتی تورک دەکات.

ئۆجەلان پێی وایە کە ئەم دۆخەی رۆژئاوا، گرێدراوی ھەبوونی ئامریکا لە ھەرێمەکەدایە و لە ھەمانکاتیشدا ئامریکا جێگەی متمانە نیە. ئۆجەلان شیمانەی ریکەوتنێک دەکات کە لە ئەنجامدا کورد بێ پشتگیری بمینێتەوە و لە دەرئەنجامدا چارەنووسی عەفرین ببێتە چارەنووسی ھەموو رۆژئاوای کوردستان. تێداچوونی رۆژئاواش بە واتای ئیفلاسی خەبات و تێکۆشانی بزاڤی ئازادیخوازی کورد دێت. لەم چوارچێوەیەدایە کە ئاکەپە پەلاماری شارەوانیەکانی باکووری کوردستان، ھێزەکانی گەریلا لە قەندیل، ئاسۆس و خواکورک دەدات. ئاکەپە دەیھەوێت پەکەکە مەجبووری پاشەکشە بکات. پاشەکشەیەک کە ئەنجامەکەی پاسیڤکردنی پەکەکە و داسەپاندنی پرۆژەی خۆیەتی. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەوڵەتی تورک بۆ رازیکردنی کورد بۆ ئەم پرۆژەیە ھەتا ئێستاکە ھیچ ھەنگاوێکی بۆ چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد لە یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتەدا نەناوە.