سەردێڕ:

ئیتر قسە ئەکەم (٦)

6/9/2019 7:56:48 PM
9178 جار خوێندراوەتەوە
عەبدولڕەزاق شەریف
+ -

پارتی وەک گای بنە لە خەرمانی ئەوانی تردا

تاڵەبانی ‌و نەوشیروان مستەفا، بەجیا و ھەریەکەیان کۆمەڵێک مەسئولی پشت دەرگا و ناو لەگیرفانیان لەگەڵدا بووە، لەسێبەری ئەواندا، ھەندێکیان بوون بەناو و ناوبانگ، بەڵام لەبەرئەوەی لە بیرکردنەوە، خەیاڵی ھونەری سیاسەت، پەیوەندی و مونافەسەو ململانێدا، ھیچیان لەباردا نەبوو، ھەرزوو لە غیابی ئەو دوو زاتەدا، لەسەربار و ژێربار و دەرباری مەسعود بارزانیدا خۆیان دۆزییەوە، عادەتەن لە سیاسەت و حوکمڕانیدا، ھەر حزب و سەرکردەیەک خاوەنی بیرکردنەوە و بڕیار نەبێت، لەبرسا یان لە ترس و نەزانیدا بێ ئەوەی تر بە ھەر رێگەیەک بێت بیری بۆ دەکاتەوە و بڕیاری بۆ دەدات.

لەبەرئەوەی مەراسیمی یاسایی و رێکاری پەرلەمانی بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی ‌و حوکمڕانی لە بارزانی باوکەوە بۆ نەوەکانی، ھیچ ئەرزشێکی مەعنەوی ‌و سیاسی نەبوو، سبەی تەدارەک و تەبارەکی ئەو گواستنەوە و جێگیربوونە لە شاری ھەولێر و بە شێوازی سوڵتانی ‌و بەیعەتدان رێکدەخرێت.
داوەتی شاھانە بۆ گشت سەرکردە عێراقی و کوردستانییەکان، بە ئامادەبوونی نوێنەری وڵاتانی جیھان سازکراوە، ئەوانەی جیاواز لەوان بیردەکەنەوە، حەتمەن ئیحراجی ئامادەنەبوون نابن، ئەوانەشی ئامادە دەبن، پێ بزانن یان نا، وەک مەراسیمی لوتکە عەرەبییەکانی پێشووی سەدام کە بۆ تەوەلی ئوممەی عەرەبی رێکی دەخستن، بە چەپڵە دەستپێدەکات ‌و بە چەپڵە کۆتایی دێت.

لە ئایندەشدا، پارتی و نەوەکانی بارزانی بۆ بەشەرعییەتکردنی، ئەوەندەی باسی ئەم بەیعەت و تەوەلییە دەکەن باسی یاسا و ھەڵبژاردن ‌و دەنگدان ناکەن، چەپڵە لێدەر ‌و ئامادەبووەکانیش، دەبێت وەک حوسنی موبارەک تەنیا وەڵامیان بۆ خۆیان و گەلەکەیان، ئەوە بێت، کە جگە لە چەپڵە و میوانداریی ھیچی تر تێنەگەیشتن ‌و ھیچیش لە دەسەڵاتیاندا نەبوو( ما فاھمناش حاگە) .

وێڕای ویست و بەرنامەی بۆ دەسەڵاتی سوڵتانی ھەڵە و تەعنی گەورە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەیە، کە لە پاوان و دەسەڵاتی خۆیدا، ئەسپی رایسزە و لە پاوان و خەرمانی ئەوانی تردا گای بنەیە، بە موبەڕیڕی نەمانی تاڵەبانی و فرە کوێخایی ناو یەکێتی، رێککەوتنی ستراتیژی بەکردار ھەڵوەشاندوە و لە جێگەی رێککەوتنی پارتی لەلایەک ‌و بە جیاواز تاک بەتاکی ئەندامەکانی مەکتەبی سیاسی و بنەماڵەی تاڵەبانی، لە پشتی پەردەوە  کرد ‌و جێبەجێی کرد، بۆشایی گەورەی نێوان یەکێتییەکان و سەرکردەکانیان، پابەندبوونی ئەو تاکانەیە بەو رێککەوتنە نھێنی و ژێربەژێرانەوە، کە لە چوارچێوەی بەرژەوەندی شەخسییدا و بە مەبدەئی ( تۆ چیت دەوێت بۆت دەکەین) رێکخراوە.

لەدوای مەرگی نەوشیروان مستەفاش، پارتی بۆ کۆنترۆڵکردنی بڕیاری بزوتنەوەی گۆڕان، ھەمان نەخشەی پیادەکرد و تیایدا سەرکەوتوو بوو، تەنھا شتێک کە بووە بە شکست بۆ پارتی و بۆی راست نابێتەوە( کەلاشی گرنگ نیە راستی بکاتەوە) ئەو دەنگە ناڕازییە فراوانەیە، کە لەدژی  لە ئارادایە و لە گۆڕان و یەکێتی و حزبەکانی تر بوونەتەوە و رۆژ بەرۆژ روو لە زیادبوونە، ھەرئەمەش دنەو تەغزیەی گشت دەنگە ناڕازییەکانی کوردستان دەکات، ھەر قۆناغێک‌و بەناوێکی جیا خۆی نمایش دەکات، ھاوشانی ئەوە، لێکەوتە و کاردانەوەی ئەو سیاسەتەی پارتی، بووەتەھۆی زیاتربوونی  کێشە و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی حزبە رکابەرەکانی،  بە جیابوونەوە و بچوکبوونەوە مەحکومی کردون.

خڕ‌و دووپێوانەیی، لادان و چەواشەکاریی

نەبوونی مەعریفە و فکری سیاسی، گەمژەیی لە کارگێڕی و بەڕێوەبردندا، بێ ئەدەبی لە خوڵق ‌و ئەخلاقی حزبیدا، سەنگەرگرتن لە تێکۆشەرانی بزوتنەوەکە و خودی نەوشیروان مستەفا، ھەستنەکردن بە بەرپرسیارێتی گشتی، رێز و حورمەتنەگرتنی خۆیان لەخۆیان ‌و زۆر رەفتارو کرداری تر کە بۆ ھەریەکەیان دەیان نمونەی زیندوو ھەیە، گەواھیدەری چەواشەکاری ‌و لادان و بێ نۆرم و مۆراڵی ئەم گروپەی خڕ و دەستوپێوەندەکانیانە،  ئێمەومانانیش لەدوای مەرگی کاک نەوشیروانەوە، بەشێوەیەک شەرمەزار و گیرۆدە بووین، لە کۆتاییدا کێشە و ناکۆکیی و جیاوازییەکانمان بە تەقینەوە گەیشت.

ئەمەی رودەدات دەرئەنجامی سوکیی و سلوکی ئەوانە، نەک بانگەوازی گۆڕینی دەستوری بزوتنەوەکە و کفری چوون یان نەچوونە دەسەڵات ‌و بەوەزیر بوون یان نەبوونی فڵان و فیسار.
دوو پێوانەیی لە ھەڵوێست و بڕیاری سیاسی ناوخۆ و دەرەوەی بزوتنەوەکەدا، پابەند نەبون ‌و حساب بۆ نەکردنی شکۆ و شەخسیەتی ئۆرگان و سەرکردە و کادرەکان، برەوپێدانی تەفرەقە و لێکترازان، ئەو دەرد و نەخۆشیانەیە، کەوایکردووە، سەرانی ئێستای بزوتنەوەکە، وەک ئەو منداڵە دەربکەون، کە خۆی پیس دەکات‌و روی مەجلیسی نامێنێ و تەنھا خۆی دەزانێت چ کەتنێکی داوە.

دەرکەوت کە سەید عومەر و ھاوەڵەکانی لەناو یەکێتیشدا، کە بانگەوازی فرەمینبەری و جیاکردنەوەی مینبەری سەربەخۆیان دەکرد، مامۆستاکانی حزبی سۆسیالیستی فەرەنسیان دەعوەتی سلێمانی دەکرد بەو مەبەستە کۆبونەوەی کۆمیتەی سەرکردایەتیان بۆ رێکدەخست و مام جەلالیان بەرێگر تۆمەتبار دەکرد، جگە لە دەجال و چەواشەکارێکی سیاسی ھیچی تر نەبوون، چونکە ئێستا خۆیان، رێگە بە رەخنەیەکی ئازادی ناو ئۆرگانەکانی خۆشیان نادەن، چ جای مینبەر و دەنگ و رێکخستنی جیاواز.

سەید عومەر و ھاوەڵەکانی نامەیان بە ئیمزای خۆیان ئاراستەی مام جەلال دەکرد، تیایدا دەڵێن (تەمەنت چووەتە سەر و ٧٠ ساڵ ‌و ئیتر کاتی ئەوەیە بچیتە ماڵەوە) لە کاتێکدا مام جەلال، سەرۆکی کۆماری عێراق بوو، خاوەنی دو لیوای ٢٠ ھەزار پێشمەرگە و حیمایەی شەخسی ‌و بەرپرسی راستەوخۆی خەرجی موڵک ‌و ماڵی زۆر و زەوەندی یەکێتی بو، ئێستا خۆیان بەولات بازییەوە دوای خۆپیسکردن، تەمەنیان نیوەی یەکەمی سەرو ٧٠ ساڵیشیان تێپەڕاندووە و لە ھەوڵی درێژکردنەوەی دوو ساڵی تریشدان، دەردەکەوێت کە ئەوسا ئیمزاکەیان جگە لە بوغز ‌و کینەو کاردانەوەی کۆستی پەکی پارە و پۆست ھیچی تر نەبووە. ھەیەو نیانە وەک خولە چەخماخساز ( کەمال و مارف)ێکیان لەگەڵدایە، دەنگی بزوتنەوەکەشیان کردووە بە چارەک، لە پێناو مانەوەی خۆیاندا، قەرەج و سواڵکەری ھاوردەی ئەم شارەیان بەرداوەتە گیانی تێکۆشەرەکان و ناشرینترین شێوازی سوکایەتی  بەرامبەر ھاورێکانی دوێنییان بەکاردەھێنن، دەشیەوێت کەس نەڵێت سەید بسیمیلا بکە و دەستھەڵبگرە و تەمەنت چووەتە سەرو ٧٠ ساڵ. ئەی دوو پێوانەیی لە ھەڵوێست ‌و رەفتاری سیاسیدا چیە؟!

وردتر قسە بکەین، خڕو خێوی ئەم بزوتنەوەیەی ئێستا فڕو فەھمی بە نەوشیروان مستەفاوە نیە، کەسێک ھەیە نەزانێ، دەستەواژە و چەمکەکانی ئەنجومەنی باڵا و سەرکردایەتی سیاسی و کۆبونەوەی لوتکەی حزبەکان، بەناو و کارو کردار، ھێندەی ئەرزو ئاسمان لە پرەنسیپی بەدامەزراوەکردن و بە نیشتمانیکردنی حوکمڕانی ھەرێم و فکری نەوشیروان مستەفاوە دورە، ئەی ئەم دەروێش تامەزرۆییە، بۆ کۆبوونەوەی لوتکە و بەیعەتدانەوە بە شێخی دیوەخان، لادان نەبێت چیە؟

دواجار لە سایەی سێبەری نوسراو و لێدوانە رەسمییەکانی کاک نەوشیروانەوە، کەسێک ھەیە لەم کوردستانەدا نەزانێ گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی و چاکسازی لەم گەندە کاولەیەی ھەرێمدا، بە گۆڕینی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم و بەدوایدا بە گۆڕینی یاسا گەلێکە کە پەیوەست و پەیوەندیداری ئەو دەسەڵاتەی سەرۆکدا، جێبەجێدەکرێ. پێچەوانەش ھیچ چاکسازییەک ناکرێ؟! بۆچی ئەم گروپەی خڕ وەکو لە کۆبوونەوەکاندا دەیانوت و ( مەحزەرەکانی ماوە) کە فاکتەری سەرەکی بۆچوونە حکومەت پارە و بێ پارەییە، بەڵام لای خەڵک‌و گۆڕانخوازان، کردوویانە بە ئامانجی چاکسازی، گەر ئەمە چەواشەکردنی خەڵک و دەنگدەرەکانی بزوتنەوەکە نیە، چ ناوێکی تری ھەی؟!

ماویەتی....