سەردێڕ:

حوکمرانی کوردی بەرەو دیموکراسی ستەمکاری!

1/8/2019 10:55:04 PM
2545 جار خوێندراوەتەوە
هێمن سەعید
+ -

ھەرچەندە رێگاکانی گەیشتن بە دەسەڵات جیاوازن، بەڵام بەگشتی لەسەردەمی ئێستاماندا رێگەی دیموکراسی بە باشترین و گونجاوترین رێگە دادەنرێت بۆ فەرمانڕەوایکردن و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات، بەڵام دەبێت بپرسین ئایا مەرجە ئەو فەرمانڕەوایەی لە ڕێگەی ھەڵبژاردنەوە دەسەڵات دەگرێتە دەست فەرمانڕەوایەکی باش دەبێت؟ یاخود فەرمانڕەوایەکی ستەمکار نابێت؟

وەڵامەکە بەدڵنیاییەوە نەخێرە! چونکە ھیتلەریش لەڕێگەی ھەڵبژاردن و بەپرۆسەیەکی دیموکراسی چووە دەسەڵاتەوە، بەڵام دواتر دەسەڵاتەکەی زۆر بەسانایی گۆڕا بۆ دەسەڵاتێکی ستەمکار.

تایپەکانی حوکمڕانی ستەمکار سێ جۆرن، ھەندێکیان لەلایەن ھاوڵاتیانەوە ھەڵدەبژێردرێن، ھەندێکیان بەزۆر و لەڕێگەی ھێزەوە دەسەڵات دەگرنە دەست، ھەندێکیتریان لەڕێگەی بۆماوەییەوە دەبێت.

ئەوانەی لەڕێگەی ھاوڵاتیانەوە دەسەڵات دەگرنە دەست گەرچی وەھا پاساودێننەوە بەڕێگەی شەرعی و بەخواستی ھاوڵاتیان فەرمانڕەواییان وەرگرتووە، بەڵام کاتێک خۆیان لەپێگەی دەسەڵاتدا دەبیننەوە ئەستمە بتوانن دەستبەرداری کورسیەکەیان بن، بەڵکو بەپێچەوانەوە بەردەوام لەھەوڵدادەبن بۆقایمکردنی جێگە و پێگەی خۆیان لەڕێگەی ھێنانە پێشەوەی خزمەکانیان بەبەخشینەوەی دەسەڵات پێیان، لەڕاستیدا ئەم جۆرە لە حوکمڕانی زۆر مەترسیدارترە لەجۆرەکانی تر، چونکە شێوازی فەرمانڕەوایکردنەکەی چوون یەکە لەگەڵ ئەوانی تر، بەڵام لە ڕێگەی قایلکردن و رەزامەندی خەڵکەوەیە، ھەر ئەمەش پاساوی ئەوەی پێدەدات بەردەوام بێت لەسەر ستەمکاریەکەی.

ئەوەی جێگەی پرسیارە ئەوەیە بۆچی کۆمەڵانی خەڵک لەژێرباری ئەو جۆرە ستەمکاریە دەمێننەوە و قبوڵی دەکەن؟ بۆچی دەھێڵن ئەو ستەمکاریە بەردەوام بێت و رێگەی پێناگرن؟

گوێڕایەڵی ھاوڵاتیان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای درووستبونی ستەمکاری، ھەندێکجار بارودۆخێک دێتە پێشەوە وەک جەنگ و قەیران لەم بارەدا کومەڵێک لەحوکمران درووست دەبن بەسود وەرگرتن لەوقەیرانە و بەپشتیوانی دەرەکی جێگە و پێگەی خۆیان قایم دەکەن و وەک دیکتاتۆر و ستەمکارێک فەرمانڕەوای دەکەن، چونکە ھەر لەسەرەتاوە دەستدەکەن بەبەکارھێنانی ھێز و توندوتیژی، دوای کۆتایھاتنی بارودۆخەکەش ئەوان ھەر بەردەوام دەبن تا خەڵکی رادێن لەسەری بەشێوەیەک ھەندێک لەو خەڵکانە خودەگرن پێوەی یان زیاتر لەمەش ھەندێکیان خۆیان دەبن بەچاو و دەست و قاچی ستەمکار و چاودێری و چەوسانەوەی ئەوانی تری پێدەکەن.

دەسەڵاتی ستەمکار ھەموو رێوشوێنێک دەگرێتەبەر بۆ مانەوە و بەردەوامی دەسەڵاتەکەی، ھەندێک لەوانە وەک:

یەکەم/ ھەڵخەڵەتاندنی خەڵکی لەڕێگەی دروستکردنی قەناعەتێک کە فەرمانڕەوای ستەمکار کەسانی باش و دادپەروەر و چاکەخواز و ئازاو و ....ھتد،ن. ئەمە شێوازێکی تەرفیھیە بۆ مەشغوڵکردنی ھاوڵاتیان و تەڵقینکردنیان بەھەڵدان بەشان و باڵی ستەمکاردا، ئەمەش بێگومان لەڕێگەی جۆرەکەسانێکەوە دەبێت لەزاری کوردیدا ھەڵگری پاشگری ماستاوچین.

دووەم/ ھەندێکجار فەرمانڕەوای مۆنۆپۆڵکار سود وەردەگرێت لە مەزھەب و ئایدۆلۆژیا بۆ مانەو و درێژەدان بە فەرمانرەواییەکەی خۆی، ھەندێکیان بەپیرۆزی ئاینی و ھەندێکیان بەناوی پیرۆزی نیشتمانی و دەستگرتن بەو چەمکە باوانەی ئێستای دیموکراسی درێژە بە ستەمکاری خۆیان دەدەن.

سێیەم/ بەبەکارھێنانی ھێز و فرتوفێڵ ھەندێکجار فەرمانڕەوای ستەمکار درێژە بە فەرمانڕەوایەکەی دەدات لەڕێگەی بەکەلتوریکردنی بەشێوەی عادات و تەقالید، چونکە لەڕێگەی بەردەوامی و درێژەکیشانی فرتوفێڵ و توندوتیژیەکانیان ئیتر ھاوڵاتیان رادێن لەسەری و بەوشێوەیە تا خەڵکی خودەگرن پێوەی و لەسەری رادێن بەمەش دووپاتی ملکەچی خۆیان دەکەنەوە بۆ فەرمانڕەوای ستەمکار.

چوارەم/ ھەندێکجار دەسەڵاتی ستەمکار بۆ بەردەوامی دەسەڵاتەکەی و دامرکانەوەی پشکۆی ناڕازی ھەڵدەستێت بە درووستکردنی قەیران یان دۆخێکی مەترسیدار دەخولقێنێت کە خەڵکی ناچاربن درێژە بەملکەچی خۆیان بدەن، چونکە باشترین کاتێک بۆگوێڕایەڵی فەرمانرەوای ستەمکار کاتی قەیرانە. 

ماکیاڤیللی دەڵێت" دەسەڵات و ھێز وابەستەی رادەی پشتگیری و پشتیوانی ھاوڵاتیانە" بەڵام دەبێت بپرسین ئایا پێویستە فەرمانڕەوا پشتیوانی و پشتگیری ھاوڵاتیان بەدەستبھێنێت یان پێویستە ھاوڵاتیان پشتگیری و پشتیوانی فەرمانڕەوا بن؟

 دەسەڵاتدارە مۆنۆپۆڵەکان دەست دەبەن بۆ قوت و ژیانی ھاوڵاتیان و دواتریش لە کاتی بانگەشەکانیاندا وەک چەکێک سودی لێوەردەگرن و لەڕێگەی بەخشش و سەدەقەوە ھاوڵاتیانیان ھەڵدەخەڵەتێنن و دەڵێن حکومەت لەپێناو بەرژەوەندی ھاوڵاتیاندا ھەنگاو دەنێت!. بەڵام بەداخەوە خەڵکی لەوەش تێناگەن کە ئەوەی وەری دەگرن بەشێکی کەمە لەو سەرەوەت و سامانەی خۆیان کە لەلایەن بەرپرسەکانەوە تاڵان دەکرێت، خەڵکی ئەگەر بریاری گوێڕایەڵی خۆویستانەیان نەدابێت نابێت بپرسن ئەوان ئەم سەروەت و سامانەیان لەکوێ ھێنا؟

سەرەرای ئەوەی کومەڵێک خەڵکی عەوام بونەتە دەست و پێیان و خەریکی رەشوە وەرگرتنن، تەنانەت ھەندێکیان بەگیانی خۆیان دیفاعیان لێدەکەن، بەڵام لایەنگران و وەفاداران و خزمەتکاران و پاسەوانان و دیوان سالارەکان، ھۆکارێکی سەرەکین بۆئەوەی حکومەتێکی ستەمکاتر درووست ببێت.

ئەمانە ئەو کەسانەن کە بەھۆی بردن و تاڵانکردنی سەروەت و سامانی ھاوڵاتیانەوە پشکی باشیان بەردەکەوێت، ئەمانە لەلایەک بونەتە پارێزەری ستەمکاری و لەلایەک ستەمکاری دەسەپێنن.

ئەو کاتەی ستەمکارێک پێگەو دەسەڵاتی خۆی بەھێز و جێگیردەکات پیاو کوژ و دەست و پێوەندەکانی و تەواوی ئەو کەسانەی بەشوێن پلە و پایەو پۆست و بەدەستھێنانی سەروەت و سامانەوەن لە دەوری کۆدەبنەوە لە پێناو بەھێزترکردنی پێگەکەیدا ھاوکاریی و پاڵپشتی دەکەن تا بەڵکو پشکێکیان بەرکەوێت لەو دەسەڵاتەدا و بەرپرسیارێتی گەورەتر وەربگرن و لەپاڵیدا درێژە بە عەیش و نۆشیان بدەن.

ئەم زنجیرە لەبەدەستھێنانی ئیمتیازات لەدەوڵەمەندەکان و بازرگانەکان و دەسەڵاتدارەکانەوە لە پێشەوە دەستپێدەکات و بە فەقیر و ھەژارەکانیش دەگاتە کۆتایی، بەگشتی ئەمانە وابیردەکەنەوە بەڵکو لە گیرفانی ئەوانەوە شتێک بکەوێتە خوارەوە و بەنسیبی ئەوان بێت، بەمشێوەیە لە بەرامبەر ئەم دەسکەوتەشدا ئەمانە تەلقین دەکرێن بە بە دوو ووشەی ملکەچی و وەفاداریان (گوێڕایەڵی وسەرپیجی نەکردنیان)، بەگشتیش گوێڕایەڵی وەک زنجیرەیەک لە خوارەوە تاسەرەوە بەیەکەوە بەستراوەتەوە.

بەمشیوەیە گوێڕایەڵی درێژە دەکێشێت و دەبێتە عورف و تەقالید و نەوەکانی داھاتوو وەک میرات بۆیان دەمێنێتەوە، بەشێک لەمانە بە سرووشتی خۆیان دەچنە ژێرباری ئەو ستەمکاریەو بەشەکەی تریان بئ ھیوا دەبن لەھەر گۆڕانکاریەک کە ئەگەر بیانەوێت روبدات لەدەسەڵاتدا، لەم بارەشدا کۆمەڵەی دووەمیش ھیچ کەمتر نین لە کۆمەڵەی یەکەم لە سەپاندن و بەردەوامی ستەمکاری.

بەم شێوە ستەمکاری رەگ و ریشەی لەناو کۆمەڵگادا دادەکوتێت و بەگۆڕانی دەم و چاوەکان و کەسەکان ھەر بەردەوام دەبێت، تاکە ڕێگەیەکیش بۆ کۆتایھاتنی تەنھا دەبێت لەڕێگەی نوخبەی رۆشنبیرانەوە، ئەمانە ئەوجۆرەکەسانەن کە بەھیچ جۆرێک ناکەونە ژێر ھیچ کاریگەریەکەوەو بەئاسانی فریونادرێن، دەبێت ئەمانە کومەڵگە لەڕێگەی ھۆشیارکردنەوەوە بڕوا  پێبھێنن چیدیکە پاڵپشت و پەنای ستەمکار نەگرن، چونکە کۆمەڵگەی ھۆشیار ھەرگیز لەمافی خۆی خۆشنابێت، ھەروەک چۆن دۆلابۆیسی دەڵێت " ئاگرێک ھەر چەندە بەتین بێت، ئەگەر واز لە بردنی پوش بێنیت بۆی خۆی بەسانایی دەکوژێتەوە."