سەردێڕ:

بۆچی ئەم جەژنە سارد و سڕ بوو؟

8/11/2019 4:12:04 PM
14168 جار خوێندراوەتەوە
عەزیز ڕەئوف
+ -

یەکەم: ئەوەی لە دنیای ئێمە دەگوزەرێت دروستکردنی دیوارە بۆ خۆجیاکردنەوە لەوی تر، دروستکردنی دیواری گەورە و بینای گەورە و ماڵی بێ ڕۆح ژوری میوانی بێ میوان، دۆخێکی دروستکردووە کە مرۆڤ لەوی تر جودا بکرێتەوە.

دووەم: جیاوازی چینایەتی و کۆمەڵێک تێر و زۆرێک برسی و بەشێک لە ناو وڵات و بەشێک لەدەرەوەی وڵات، دۆخێکی دروست کردووە ئیتر ھەڵەیە بڵێین یەک نیشتیمان و یەک جۆر لە ھاوڵاتی بوونی ھەیە. کوردستان بەشێکی لە دوبەی و بەشێکی تری لە سۆماڵ دەچێت. ئەم جیاوازییە چینایەتییە جەژنێکی قوربان لەحەقی نایات ئەم سنورە کاڵ بکاتەوە.

سێیەم: تۆڕی کۆمەڵایەتی و خاڵیکردنەوەی پەیوەندی بە مەسج و چات و ڤایبەر. ئیدی مرۆڤ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، جەژن و پرسەکان لەکۆڵ خۆی دەکاتەوە. ئیدی ئێمە لە سەردەمی مەرگی ڕووبەڕووداینface to face ، سەردەمێک ئیدی تەکنەلۆژیا جێگەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بینینی ڕووبەڕوو دەگرێتەوە.

چوارەم: دڵەڕاوکێی مرۆڤ لە دنیای ئێمەدا لەوەی کە ژیانی چۆن دەبێت و دۆخی ناوچەکە و نیگەرانی خەڵک لە ژیانکردن.

پێنجەم: تێکچوونی کاتەکانی خەو و کاتی کۆبوونەوە لەسەر سفرە. تا سێی شەو خەریکی یاری و پۆپجیە، سبەی لە حەوت و ھەشت بەخەبەر نایات تێکچوونی کاتەکان کاریگەری ھەیە. ئێستا درزێک کەوتووەتە نێوان خێزانەکان. سفرەکان وەک جاران کاتی دیاریکراویان نیە و خەوتن و ھەڵسان و کۆبوونەوە لەنێو خێزانەکاندا کاتی دیاریکراوی خۆی نەماوە.

شەشەم: جەژن زیاتر لە نمایش دەچێت ھێندەی مناسەبەیەکی گەرم و گوڕی نێو چینەکان بێت. کەناڵی بەشێک لە ھێزەکان بە ھی خۆیانی دەزانن و بەشێکی تر بە فۆرمێکی تر جەژن دەکەنەوە. لای پارتە ئیسلامییەکان بە دەنگی پیاوانی ئاینی و لای ھێزەکانی تر بە ھەڵپەڕکێ و گۆرانی. ئەم درزە کە کەوتووەتە کۆمەڵگەوە لەوە گەورەترە بە (گەردنم ئازاد بکە) چارەسەر بکرێت.

جا ئەوە ھەرکەس بەھۆی نامەیەکەوە جەژنە پیرۆزە دەنێرێت. منیش نامەیەکی خۆم کۆپی کردبوو بۆ زۆرێک لە ھاوڕێکانم نارد. یەکەم ھاوڕێ ناوی ستار بوو. نوسیبووم (جەژنی ڕەمەزانت پیرۆز کاک ستار) و بۆ زۆربەی ھاوڕێکانم نارد. لە بەیانیەوە خەریکی ڕاستکردنەوەی مەسجەکەمم. یەکەم جەژنی قوربانە جەژنی ڕەمەزان نیە، دووەمیش ئەم ھەموو خەڵکە ناوی ستار نیە.ئەمەش بەزمی کۆپی پەیست.