سەردێڕ:

شەیپووری حوکمڕانیی چەتەکان

6/15/2019 11:16:40 AM
4037 جار خوێندراوەتەوە
هیمداد شاهین
+ -

بەغداد بەھەموو گەندەڵیی، ناشەفافیی، داڕماویی و سەرگەردانیی خۆیەوە پارە و بودجە لە دەمی خەڵکی بەصرە و موصل دەگرێتەوە و بۆ فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانی دەنێرێ، کەچی گاڕانی کوردایەتیی نیوەی پارەکەیان بردووە و حەپەلووشیان کردووە و نابێ کەسیش قسەبکات! جگە لەوەی پارەی فەرمانبەرانیان حەپەلووش کردووە، یەک دیناریشیان لە پارەی ناردنی ئەو دەیان ملیۆن بەرمیل نەوتەی ئاودیویان کردووە نەگەڕاندۆتەوە بۆ حکومەتی ناوەند.

کاتێ حکومەتی عێراق وەزیرەکەیان بۆ لێپێچینەوە دەھێنێتە پارلمان و پارەکەیان دەبڕێ، گاڕانەکە لە مێدیا مورتەزیقەکانی خۆیانەوە کەمپەین دژی زەویی و ئاسمانی حکومەتی عێراق دەکەن، مەسەلەی دزین و ڕاووڕووتی دەیان ملیۆن دۆلار دەکەن بە ڕقی عەرەب لە کورد و جاڕی شەڕی قەومیی و طائیفی لێدەدەن، فو بەکەڕەنای کوردایەتییدا دەکەن و حەجەر و مەجەر دەکەن بە شەیتان و خۆشیان فریشتەی پاکداوێن.

جا کاتێ پێیاندەڵێی حەقیقەتی مەسەلەکە کورد و قەضیە سیاسییە ڕەواکەی نییە بەڵکو دزینی صەدان ملیۆن دۆلاری نەوتە بۆخۆتان و کوڕ و کوڕەزاکانتان، ڕاستەوخۆ لەڕێگای ھەندێ کۆیلەی حیزبی بەکرێگیراوی خۆیانەوە کە نان نییە بیخۆن، لە لاپەڕەی فەیسبووکە قەڵب و فەیکەکانیانەوە، بەسەر پێڵاوەکانتدا دەڕشێنەوە و لێکدا لێکدا پێتدەڵێن عێراقچیی و دژە کورد و خیانەتکار و کۆمەڵێ دەستەواژەی تری قۆڕ و بێمانا کە منداڵی دە ساڵانیش باوەڕی پێناکات.

ھەموو ئەمانە لەبەرچی و بۆچی؟ چونکە حوکمڕانیی چەتەکان لەھەر شوێنێکی دونیا بن، مانەوەیان بەندە بە درووستبوونی شەڕ و قەیرانەوە. کاتێ قەیران و شەڕ بوونی نەبێ، ھەژموونی ئەوانیش بوونی نامێنێ.