سەردێڕ:

دەزگای ئاسایش خۆی دووبارە دەکاتەوە

7/25/2019 3:13:21 PM
20817 جار خوێندراوەتەوە
نیاز عەبدوڵا
+ -

-ڕۆژی ١٥/٩/٢٠١٠دەزگای ئاسایشی گشتی لە ئەنجامی "لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ناسنامەی بکوژانی قوتابی سەردەشت عوسمان" دانپێدانانی (ھیشام مەحمود ئیبراھیم)ی لە ڕێگای کەناڵە ئاسمانییەکانی کوردستان و زاگرۆزی پارتی دیموکرات بڵاوکردەوە، کە تیایدا دانینابوو بە تیرۆرکردن و کوشتنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان لە ڕێگای "انێار اسلام"ەوە، لیژنەی لێکۆلینەوەکەش بە فەرمانی مەسعود بارزانی لە وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکان پێکھاتبوو.

دواتر لە رێگای دادگاوە دەرکەوت، (ھیشام) پێش دەستگیرکردنی لە ٧/٩/٢٠١٠و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی دانپێدانانەکەی بۆ ڕای گشتی، لە ٣٠/٨/٢٠١٠ئیفادەی "سیناریۆکان"ی لێوەرگیرابوو،‌ لە کاتێک ئازادبووە. 

پاشان (ھیشام) لە وتەکانی دادگای، لە دانپێدانان بە "کوشتنی سەردەشت عوسمان" پەشیمانبووەوە، بۆیە بە بڕیاری دادوەر ئازادکرا، لە دوای تەواوی ئەو سیناریۆ و ساختەکارییەی نێوان (ھیشام) و دەزگا ئەمنییەکان ھیچ لەبارەی کاری تازەی ناوبراو نازانین.
-ساڵی ٢٠١٦ لە ڕووداوی تەقینەوەی "بۆمبی دەنگی" پێش ئۆفیسی کەناڵی ڕووداو، جارێکی تر دەزگای ئاسایش کۆمەڵی ئیسلامی و دوو ئەندامی ئەو حیزبەی وەک تاوانبار لە نمایشی فیلمێک بۆ ڕای گشتی خستەڕوو، کە تیادا ماڵپەڕ و پەیجە سێبەرەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵی گەورەیان لە شێواندنی زانیارییەکان بینی، بەڵام دوای ماوەیەک بەھۆی نەبوونی ھیچ بەڵگەیەک بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراوەکان ئازادکران.

-دەزگای ئاسایش پێشتر لە ڕێگای ڕوونکردنەوەیەک تێوەگلانی چەند ئەندامێکی خۆی لە "شکاندنی بۆری نەوت و بەقاچاغ بردنی نەوت" لە ھەولێر ڕاگەیاند، بەڵام ھیچ لێکۆڵینەوە و ئەنجامێکمان نەبینی کە بۆ ڕای گشتی بخریتەڕوو. ئەمە جگە لەوەی لە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان و "بازرگانیکردنی نەوت لەگەڵ داعش" بەھەمان شێوە، دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ، ھیچ ئەنجامێکیان نەخستۆتەڕوو کە باوەڕ پێھێنەربێت.
-کاتێک دەزگا ئەمنییەکان دەبنە بەشێک لە حیزبەکان، لەناو حیزبەکانیش دابەش دەبن بەسەر بەرپرسانی ناو یەک حیزب و، بەرپرسانی ناو یەک حیزبیش دەکەونە ژێر ڕکێفی وڵاتانی ھەرێمی، ئەنجام ئەم شێوەیە لە سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دەزگا ئەمنییەکان لە ھەرێمی کوردستان دەبینین، زانیارییە ڕاستەکان دەشاردرێنەوە و شوێنگۆڕکێیان پێدەکرێت لەگەڵ زانیارییە ساختەکان.
بۆیە زانیارییەکانی کوشتنی ئەندامەکەی میتی تورکیا لە ھۆقەبازی ھەولێر، بە زنجیرە درامای کورت خرانەڕوو، ھەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییە  سێبەرەکانی پارتی دیموکراتیش بوونەتە سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆکان و گرووپە دابەشبووەکانی ناو دەزگا ئەمنییەکان بەر یەکتری کەوتو‌ون.

بەپێی ئاماژەکانی پێشوو و بەڵگە بەردەستەکان، جارێکی تر دەزگای ئاسایش لەم تاقیکردنەوە و بەرپرسیارێتییە بەخاوێنی دەرناچێت و ناتوانێت ببێتە دەزگایەکی بەکارنەھێندراو لە لایەن حیزب.