سەردێڕ:

کوردستان لە ئابووریەکی کەلاوە بۆ ئابووریەکی ناجێگیر

1/24/2020 8:09:30 PM
6395 جار خوێندراوەتەوە
زانا تۆفیق بەگ
+ -

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس تێگەیشتنێکی فراوان ھەبوو لەسەر دۆخی ئابووری ھەرێمی کوردستان وە ھاوبەشیکردنی سەرمایەدارانی بیانی بۆ وەگەڕخستنی سەرمایەکانیان لەھەموو سەکتەرەکانی بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی وەبەر‌ھێنان لە بوارەکانی سامانە کانزایەکان و دروستکردنی ئەپارتمانەکانی نیشتەجێبوون، ھەروەھا کۆمپانیاکانی وەبەرھێنان لە بوارەکانی مادەی خاو و کارگەی  دروستکردنی بیناو بەتایبەتی ئاسن و کەرەسەی دروستکردنی مادەی لە قوتنانی بەرھەمی وەکو گوشت و ماسی و سەرچاوە ئاوییەکان. 

تا ئێرە بۆ ھەرێمی کوردستان بایەخێکی گەورە و گرنگی ھە بوو لە پێناو دروستکردنی ژێرخانێکی ئابووری ھاوسەنگ کە لەگەڵ دۆخی سیاسی و دارایی ھەرێم و ناوچەکە بگونجێ . بەڵام پرسیاری جەوھەر ئەوەیە ئایا پاش ئەو ھەموو سەرمایەگوزارەی کە لە ھەرێمدا کرا لە دوای کەوتنی رژێمەکەی (سەدام حسێن) وە دۆخی سیاسی و ئابووری ئێمە لە ئێستادا لەچ قوناغێکدایە ؟ ئایا توانیمان ئەم ھەلە زێڕینەی ئابووری ھەرێم بکەینە پاشخانێک بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی ھاوڵاتیی یان ھەرێمی ھاوڵاتی کەلایەنی کەمی دۆخی ھاونیشتمانی لەم ھەرێمەدا بگاتە ئاستێکی بەرزی دارایی و رێژەی بێکاری لە ھەرێمدا لە دابەزیندا بێ بۆ خواروو ( ٤%) کە رێژەی ستانداردی جیھانیە . بێ گومان بە داخەوە نەمانتوانی  ئەم بابەتە گرنگە بکەینە سەرماییەکی سیاسی بۆ دابین کردنی دواڕۆژی خۆمان و نەوەی داھاتوومان ئەگەر وردتر سەیری ھەڵە و کەموکوڕییەکانی خۆمان لەم بوارەدا بکەین دەبینن خاوەنی سەرمایەگوزارێکی سیاسی و ئابووری جێگیر نین لە ناوچەکەدا، چونکە زۆرینەی ئەو وەبەر‌ھێنەرانەی کە لە سەرەتاوە لە کوردستان کاریان دەکرد دان بەو راستیەدا دەنێن کە زۆری ھاوبەشەکانیان یان ھاوپشکە کوردەکان پەیوەست نابن بەو ( کونتراکتانەی) کە لە نێوان کۆمپانیا بیانییەکان و بەڵێندەرانی ھەرێمی کوردستاندا کراوە یان بە پێچەوانەوە لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا کراوە ھاوکات دادگاکانی ھەرێمیش نەیانتوانی وە پشتگیری یاسای بۆ ئەو کۆمپانیانەی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان دەستەبەربکەن بەتایبەتی لەکاتی بوونی نیزاعاتی قانونیدا واتە ئەگەر بە دیوێکی تر بڵێن دادگاکانی کوردستان نەیانتوانیەوە بێ لایەنی لەکاتی بوونی نیزاعی ئابووری لە نێوان (لایەنەکانی نیزاع) دا بێ لایەن خۆیان بسەلمێنن. ئەم بێ متمانەییەی نێوان کۆمپانیاکان و دەسەڵاتی سیاسی ھەرێم و ھاو پشکەکانیان کاریگەریەکی گەورەی لەسەر ئاستی داھاتووی دۆخی سیاسی  ھەرێمی کوردستان دروستکردووە . لەوانەیە لە ئێستادا ئەم کاریگەرییە بەو شێوە فراوانە نەکەوێتە بەرچاوی ھاونیشتمانی یان خەڵکانی ئابووریناس و سیاسییەکانی کورد، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئەو ھەڵاوسانە ئابووری و سیاسییە دەبینن وە کاریگەرییەکی گران دەخاتەسەر شانی ھاوڵاتییانی ھەرێم . 

 ئەگەر نمونەیەک وەربگرین لەسەر نزیکی دۆخی ھەرێم لەگەڵ دۆخی ھەندێ لە ووڵاتانی (خلیج) لە سەرەتاکانی نەوەدەکانەوە لە پاش ئەو ئەزموونە گەورەیەی ئەو وڵاتانە لە دەرھێنانی نەوت ھەیان بوو .  کەچی ھەرسێ وڵاتانی (بەحرەین و ئیمارات و عومان) نەیانتوانی سەرنجی ئەو کۆمپانیا گەورانە ڕابکێشن کە بێن لە وڵاتەکەیان دا وەبەرھێنانی گەورە بکەن بەتایبەتی لە بواری  دروستکردنی پارچەکانی (ئۆتۆمبێل و بەستنی ھەیکەلی ئۆتۆمبێل) لەگەڵ ھەندێ کومپانیای خواردەمەنی کە لەسەر ئاستی جیھان ناوبانگێکی گەورەیان ھەیە وە براندیان لەھەموو وڵاتێکدا ھەیە.

ئەم  دوو بوارە یەکێکیان لەپاش ھەوڵێکی گەورەی (ئیمارات) کە ویستی بەشێکی گەورەی دروستکردنی ئوتۆمبێلی( بی ئێم) بێنێتە (خلیج) بەتایبەتی (ئیمارات و عومان و بەحرەین) کە پارچەکانی بەستنی ئەم (ئۆتۆمبێلە) لەوێ دروستبکرێت، تەنانەت ھەوڵێکی زۆر گەورەیان دا کە کومپانیای خواردەمەنی فاست فودی ئەمریکی (مەکدۆنال) وەکیلی سەرەکی لە (ئیمارات) بێت بۆ ناوچەکانی وڵاتانی  رۆژھەڵاتی ناوەراست وە لای ئەوانەوە دابەشبکرێت وەھەوڵەکانیان بێ ئەنجام مایەوە بەھۆی ھۆکارگەلێکی زۆری خراپی بەکارھێنانی سامانی گشتی وڵات بۆ بەرژەوەندی تایبەتی .

لێرەدا دەبێت بزانین ھۆکارە سەرەکییەکانی نەھاتنی ئەو کومپانیانە بۆ چی دەگەڕێتەوە بە مەرجێک کە ئەو وڵاتانە لەڕووی سیاسی و ناسنامەی نێودەوڵەتییەوە ھیچ کێشەیان نیە بە بەراورد لەگەڵ ھەرێمی کوردستان. وە تا ئەندازەیەک کێشەکانی ھەرێم ھاوتەریبی ھەمان کێشەکانی خلیجە کە لەم وتارە تەنھا دوو نمونەیان باس دەکەین سەرەتا پێش ئەوەی بێمە سەر باسی کێشەکان گرنگە   باسی ڕۆڵی (ئەمیرەکانی خلیج) بکەین کە گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە دەبێت بە زووترین کات چارەسەری دۆخی ناسەقامگیری ئابووری و نەبوونی متمانەی ئابووری بکرێ.   وە پێداچوونەوە بە  پلانی ئابووری و سیاسی بکەن وە بتوانن لەو دۆخە خراپە رزگاریان بێت .  ئەویش بە ریفۆڕم و فۆڕمەلەکردنەوەی ستراتیژێکی نوێ ئابووری و سیاسی وە دوورخستنەوەی ئەو کەسانەی کە دەستیان لەگەڵ دەسەڵاتی بەڕێوەبردن و کۆمپانیاکان تێکەڵ کردبوو بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان. لەم  دوونمونەی خوارەوە باسی بەشێکی بچووکی گەندەڵییەکان دەکەین.

١. ھاوپشکەکانی خلیج زیاتر بریتیبوون لە ئەمیرەکانی دەسەڵاتی ھەرێمەکانی ئیمارات و بەحرەین و سەڵتەنەی عومان بە رێژەی قازانجی ٢٠% بە بێ ئەوەی ھیچ سەرمایەگوزارێکیان لەگەڵ کومپانیاکانی بیانی کردبێت، ھیچ ھاوکارییەکی مادیان پێشکەش بە  کومپانیاکان کرد بێت لە بەرامبەر ئەودا لە ھەرێمی کوردستان زۆربەی پشکەکانی ھاوبەش لە ھاتنی کۆمپانیا دەرەکییەکان و تەنانەت ناوخۆییەکان دەسەڵاتی سیاسی بە شێوەیەکی ناراستەخۆ دەبێت بکرێنە ھاوبەشی پشک  بە رێژەی (٤٠%) زیاتریش لەم رێژەیەی ئەوان، ئەمە وای کردووە کومپانیاکان ھیچ قازانجێکیان بۆ نەمێنتەوە وە قەبارەی پێشکەوتنی  ئابووری و سەرمایەگوزاری بەردەوام لە نزمبوونەوەدا بێت وە بزنزمانی گەورە لەم دۆخە دڵەڕاوکێیە ھەوڵبدات سەرمایەکەی  تەحویلی وڵاتانی ئەوروپا یان خلیج یان ئاسیا بکات بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە ئیستیقراری سیاسی لێیە.

٢. سەرمایەداری خزم خزمێنە لەسەر مۆڵکەکانی گشتی (خلیج) بەتایبەتی لە وڵاتی (قەتەر) لە سەروویانەوە جگە لەو سێ وڵاتەی تر کە باسمان کرد زۆربەی مۆڵکە گرنگ و ستراتیژییەکانی دەوڵەت دەدرێت بە کەسانی نزیک لە بنەماڵە یان دەسەڵاتی سیاسی ناو حکومەت و دەسەڵاتی ئەمنی بۆ دروستکردنی شوێنی نێشتەجێبوون یان گەشتوگوزار و یان فرۆشتنەوەی بە نرخێکی گران بە کۆمپانیا بیانییەکان ھاوکات جارێکی تریش لە پرۆژەکەدا دەبێت بکرێنەوە بە شەریک وە پشکیان ھەبێت.

بە ھەمان دۆخی گەندەڵی لە ھەرێمدا وە خزم خزمێنە لە دابەشکردنی مۆڵکەکانی گشتی حکومەتی ھەرێم دەبەخشرێت بە دەسەڵاتدارەکانی حزب و کەسانی دەسترۆشتووی ناو حکومەتی ھەرێم، ھاوکات فرۆشتنیان بە نرخێکی گرانبەھا و دیسان داواکردنی پشک لەو کەس و کۆمپانیانەی لێیانی دەکڕن ھەندێجار بە چاو سورکردنەوە و ھەڕەشەلێکردن لێیان .

ئەمە دوو نمونەی بچووکی دۆخی خراپی ئابووری ھەرێمی کوردستانن ئەگەر ئێمە خاوەنی ئەم جۆرە ئابوورییە داڕووخاوە بین ناتوانین بە دروستکردنی قەوارەیەکی سەربەخۆی ھەرێم دڵ خۆش ببین، چونکە ئەگەر ئێمە سەربەخۆی سیاسیشمان وەرگرت بەم جۆرە خراپەی دۆخی  ئابووری، گەنجانی ئێمە زیاتر ڕوودەکەنە ھەندەران بەدوای ھەلی کاردا دەگەڕێن لە جیاتی ئەوەی  دەوڵەتێکی سەربەخۆی ھەژارمان ھەبێت، دەبێت بەدوای پلانی ستراتیژی ئابووری گەورەدا بگەڕێین کە سەرنجی کۆمپانیاکانی دنیا بۆلای خۆمان ڕابکێشن بتوانن ئابووریەکی تۆکمەمان بۆ دواڕۆژ مسۆگەربکات پاشان ببینە قەوارەیەکی سیاسی کە خاوەنی ئابووریەکی بەھێز و پتەوبێت.