سەردێڕ:

خوێندنەوەی ھەڵە بۆ ھەڵوێستەکەی یەکێتی

5/30/2019 5:49:14 PM
6329 جار خوێندراوەتەوە
گۆران ھەڵەبجەیی
+ -

لە فەیسبووک ھەندێک پۆستم بەردیدە کەوت کە بەئەرێنی پێناسەی بڕیارەکەی یەکێتی بە بایکۆتکردنی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم دەکەن.

خاوەنی ھەندێک، لەم جۆرە خوێندنەوانە، لەوەوە  سەرچاوەی گرتووە کە تاسەرھێڵ ،دژی پارتین و تا ئێستاش لە دیدێکی  جەلالیانەوە دەڕواننە پارتی و حسابی مەلایی بۆ ئەو حیزبە دەکەن.  

جا خاوەنی ئەم جۆرە بیرکردنەوانە، ھەر ھەنگاوێک یەکێتی دژ بە پارتی بھاوێت بە دەسکەوت و سەرکەوتنی مەزن بۆ یەکێتی ھەژماری دەکەن، ھەشە کوێرانە داکۆکی لە ھەر ھەنگاوێکی نا دروست و بێ بایەخی یەکێتی دەکەن و دەیخەنە خانەی دەسکەوتی نەتەوەو و وڵاتەوە.

دیارە ئەم جۆرە کەسانە زۆرینەیان مشەخۆری بندیوارن و  پارەی مفت و بەلاش وەردەگرن، بۆیە بەوشێوەیە لە بەرامبەردا وەلاو دڵسۆزییان بۆ یەکێتی بەو جۆرە نیشان بدەن.

جۆرێکی دیکە ھەن کە خاوەن بیروڕای تایبەتی خۆیانن و پەیوەست نین بە یەکێتیەوە، بەڵام بەھەڵە لێکدانەوە بۆ ئەو بڕیارەی یەکێتی دەکەن، وای بۆدەچن کە ئەمە تەنازول نەکردنی یەکێتیە لەسەر ڕەھەندە نیشتمانیەکان وھەنگاوێکیشە دەڕژێتە جۆگەی  خزمەت بە خەڵکی کوردستانەوە.

پێدەچێت ئەم جۆرە خوێندنەوەیە لە کوورتبینی سیاسی و بەدحاڵیبوون بێت لە سیاسەت و مەرامەکانی یەکێتی، بەتایبەت لە دوای ڕاپەڕینەوە.

بۆ ئەوەی بە دروستی و وەک خۆی لەو بڕیارەی یەکێتی تێبگەین ، پێویستە بگەڕێنەوە بۆ ئەو ڕێکەوتنە ستراتیجیەی کە کاتی خۆی لە نیوان کۆچکردوو مام جەلال و کاک مەسعود دا ساڵی ٢٠٠٧ مۆرکرا، کە خاڵە گرنگەکانی بە نھێنی لە نیوان ئەو دووکەسەدا مانەوە، بەڕادەیەک ئەندامانی سەرکردایەتی ھەردوو حیزبیش  تا ئێستا بێ ئاگان لێی.

ئەوەی لەو ڕیکەوتننامەیەدا گرنگەو جێگەی ئاماژەیە، کە خاڵێکی جەوھەریە تێیدا مەسەلەی دابەشکردنی سەروەت و سامانی کوردستانە لە نیوان خۆیاندا.

بەھۆی ئەوەی پارە و بەرژەوەندی ئابووری داینەمۆ و بزوێنەری سەرجەم بزاوت و  کایەکانی دیکەی سیاسەت و ژیانن، بەم ھۆیەوە ھەر ناکۆکی و ناتەباییەک لە نێوان یەکێتی و پارتیدا بێتە ئاراوە، گەر لەسەر پارە نەبێت، ئەو بایەخەی نابێت و دەتوانن بە سانایی چارەسەری بکەن.

ئەوەش ڕاستە  کە لەپاڵ ئەم ڕێکەوتنە ستراتیجیەدا ڕێکەوتنی جێگە نفوزیش کراوە کە ناکرێت سازشی لەسەر بکرێت، بەتایبەت گەر پەیوەندیدار بێت بە دەسەڵات و دەسکەوتەوە.  

دەڤەری نفوزی ھەریەک لەم دوو حیزبە دیارو روونە، بەم پێیە دەبینین ھەر یەکێکیان بەپێی دەسەڵاتی ناوچەیی، قۆرخی دەسەڵاتی کردوە، باج و خەراج بۆ خۆی کۆدەکاتەوە و دەچێتە خەزێنەی حیزبەوە نەک حکومەت، کە ئەمەش بە پلەی یەکەم لە فرۆشتنی نەوت و پاشان دەسکەوتی خاڵە گومرگیەکاندا خۆی دەبینێتەوە.

کەرکوک پێگەیەکی گرنگە بۆ ھەردوو لا، ڕاستە جێگە نفوزو دەسەڵاتی یەکیتیە، بەڵام پارتیش بەشی خۆی لەو (کێکە ڕەشە) بەرکەوتووە و لە ڕابردوودا خاونی چەندین بیرە نەوت بووە.

جا ئەم ئاریشەیەی ئێستا کە لە بایکۆتکردنی یەکێتی بۆھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەریمدا خۆی بینیەوە، چ سەرانی یەکێتی و چ خەڵکانێکی دیکەی مشەخۆری یەکێتی دەخوازن بە دەستکەوت بە خەڵکی ھەرێمی  بفرۆشنەوە.

لە واقیعدا مەسەلەکە نەپەیوەندی بە ھەڵویستی نیشتمانی و نەتەوەییەوە ھەیە، نە بە پاراستنی پرەنسیپ و مەبادئی حیزبی و بیروباوەڕو نە بە دڵسۆزی بۆ خەڵک ھەیە، چونکە  ئەم جۆرە خیتابانە لە لای ھەردوو حیزب ھیچ بەھاو پێگەیەکی نیەو نەبووە.

بەڵکو بەکوورتی و کوردی  پەیوەندی بە کێشەی ناوخۆی یەکێتیەوە ھەیە، کە بڕێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی کە پێدەچێت زۆرینە بن، ناخوازن فەرەیدون عەبدولقادر ببێتتە پارێزگاری کەرکوک کە ناوبراو لە ڕیزەکانی یەکێتیدا نەماوەو تارادەیەک لە پارتیەوە نزیکە.

ئەمانە  دەخوازن کەسێک بکەنە پارێزگاری کەرکوک کە لە خۆیان و لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا بێت، چونکە کەرکوک گرنگی خۆی ھەیە لە لای یەکێتی، بەوەی جێگە نفوزیانە، جگە لەمە چاوەڕێی ئەوە دەکەن گەر پارێزگار لە خۆیان بوو، ئەو دەمە بەقاچاخ یا بە ڕێکەوتنی ژێر بە ژێرە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراقدا بەشێک لەو نەوتە بۆخۆیان بفرۆشن.

بەڵام لە حاڵەتێکدا گەر پارێزگار لە خۆیان نەبێت، ئەو کارە ئەستەم دبێت، پێدەچێت پارتی بە ئاگاو بەمەبەست فەرەیدون عەبدلقادری بۆ ئەو پۆستە  پێشنیار کردبێت ، چونکە گەرسەریبگرتایە  فەرەیدون دەبووە پارێزەری بەرژەوەندیەکانی پارتی، بەتایبەتی مەسەلەی نەوت کە بەلای پارتیەوە لەسەرووی ھەموو بەرژەوەندیەکانەوەیە.

ھەندێک ئەم پاشگەزبوونەوەی یەکێتی لەو ڕێکەوتنە کەمن بۆ خۆم دڵنیام ئەو ڕێکەوتنە لەگەڵ کۆسرەتدا کراوە، بەفشاری ئیرانی دەزانن.

ڕاستە لەسیاسەتدا ھەمووشتێک ممکنە، ئەوەش ڕاستە چ ئێران چ تورکیا ناخوازن سەقامگیری لە ھەرێمدا بەرقەراربێت، بەڵام بەش بەحاڵی خۆم دەستی ئێران لەم مەسەلەیەدا  بەدور دەزانم، بەڵکو وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، ئەمە فشارێکی ناوخۆی یەکێتیە بەتایبەتی مەڵبەندی کەرکووک .

سەبارەت بە پیرۆزباییەکەی قوباد تالەبانی کە  ئاراستەی نێچیر بارزانی کردووە . دەبێت  ئەمەش لە چوارچێوەی باڵباڵێنەکانی نێو یەکێتیدا پێناسە بکرێ، بەتابیەتی لە ناو حیزبێکی وەک یەکێتیدا کە فرە مەرجەع و فرە ناوەندی بڕیار ھەن کە نامەی یەکتر ناخوێننەوە. پێدەچێت ئەم پیرۆزباییەی قوباد پەیامێک بێت ئاراستەی پارتی وەبەتایبەتی بنەماڵەی بارزانی کردبێت بەوەی کە ئێمە وەک بنەماڵەی تالەبانی، دۆخی نیوان ھەردوو لا ھەرچۆن بێت و لە چ ئاستێکدا بێت پابەند دەبین بە ڕێکەوتنە ستراتیجیەکەوە و دەخوازین بەشەکەمان لە داھاتی نەوت وەک خۆی بەردەوام بێت.