سەردێڕ:

کاریگەرییەکانی کۆرۆنا لەسەر ھەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی ئەمریکا

4/1/2020 5:37:45 PM
6323 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

لە وڵاتێکی وەکو ئەمریکا کە خاوەنی یەکێک کۆنترین سیستمە دیموکراسیەکانە لە جیھاندا، تائێستا  ئەوەی بەخۆیەوە نەدیووە کە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان تێیدا دوابخرێت یان ئەنجام نەدرێت، لەژێرھیچ بارودۆخێکدا تەنانەت لەسەروەختی شەڕی ناوخۆییشدا لەووڵاتەدا، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا تێبینی دەکرێت جۆرێک لە گومان و دوودڵی و ساردییەک لەلای ھاوڵاتیانی ئەمریکا دروستبووە لەسەرھەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکە کە بڕیارە٢٠ ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ٢٠٢٠ بەڕێوەبچێت بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید١٩) کە ھەڕەشە لەسەرجەم مرۆڤایەتی دەکات.

ئەوەش  ئەوگومانەی زیاتربەھێز کردووەلای ئەمریکیەکان ئەوەیە کە حزبی دیموکرات لە ھەندێک ولایەتەکان ھەڵبژاردنە سەرەتاییە کانیان دواخست، جگە لەوەش ھەندێک چالاکی ھەڵبژاردن ھەڵوەشێنرانەوە لەلایەن ھەمان حزبەوە بۆکاندیدەکانی حزبەکەیان بۆھەڵبژاردنە سەرۆکایتیەکەو بۆ ڕکابەری کۆمارییەکان کە سەرۆکی ئێستا ترەمپیان کاندید کردۆتەوە.

لەلایەکی ترەوە بۆچوونێکی دی لەناو ئەمریکیەکاندا ھاتۆتە ئاراوە کە گوایە سەرۆک ترەمپ  بڕیاری دواخستن یان ئەنجام نەدانی ھەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکە دەدات لەئێستادا بەھۆی کاریگەری و کاردانەوەکانی ڤایرۆسی کۆرناوە ئەمیش بەکەڵک وەرگرتن لە باری نائاسایی  فیدراڵی، بەڵام یاسا ناسەکانی ئەو وڵاتە لە ھەردوو حزب کۆماری و دیموکراتیش ئەم ھەنگاوە بەدووردەزانن، دەبێژن ترەمپ ئەودەستەڵات و توانای نیە ئەوھەنگاوە بھاوێژێت.

لە ڕووی دەستوریشەوە دەستوری ئەمریکا بوارنادات ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دوابخرێت، یان ئەنجام نەدرێت لەژێر بار و دۆخێکی قورس و سەختدا نەبێت، ئەویش پێویستی بەیاسادانانە لەلایەن کۆنگرێس و ڕەزامەندی سەرۆک کۆمار و نەبوونی ھیچ بەربەستێک لەلایەن دەستەڵاتی دادوەرییەوە، ھەرچەندە لە ساڵی ١٨٤٥ ەو ئەوپەیمانەی واژۆ کراوە تا ئێستا ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئەمریکادا ھیچ گۆڕانکاری و دواخستنێکی تێدانەکراوە.

ئەگەر کەمێک بۆ پێشوو بگەڕێینەوە لەکاتی ڕوداوەکانی ١١سپتەبەری  ٢٠٠١، ڕایەک سەری ھەڵدا لەنێو ڕاوێژکارەکانی ئەوسای سەرۆک جۆرج  دەبلیو بۆش کە ھەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکە دوابخرێت بەھۆی  ئەوڕوداوانەوە، بەڵام ھەرزوو کۆندالیزا ڕایس ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەوکات بەرپەرچی ئەوانەی دایەوەووتی لەژێرھیچ بارودۆخێکدا نابێت و ناکرێت ھەڵبژادنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دوابخرێت، چونکە لە سەردەمی شەڕیشدا و بەتایبەتی ترشەڕی ناوخۆییش دوانەخراوە.

ئەوەی لە ھەڵبژاردنەکان لە ئەمریکا دواخرابێت، ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکان بووە  کە لە چەند وێستگەیەکی کەمدا لە مێژووی ئەمریکادا بووە ئەویش لەولایەتی نیۆرک بەھۆی ڕوداوەکانی١١ سپتەمبەرەو، جارێکیش لە ولایەتی فلۆریدا بەھۆی گێژەلوولکەی ئێرما ساڵی  ٢٠١٧  ئەوانیش تەنھا  بۆماوەی دووھەفتە.

ئەوەی زیاترمەبەستم بوو لەم وتارە کورتەدا کاریگەری پەتای نەگریسی کۆرۆنایە لەسەر ھەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی ئەمساڵ٢٠٢٠ کە ھەندێک لە ولایەتەکان ھەمووچالاکی  و پرۆسەکانی ھەڵبژاردنیان ھەڵپەساردووە ھەرچەندە حزبی کۆماری یەکلایی بوونەوە لە کاندیدکردنی سەرۆک ترەمپ بۆخوولێکی نوێ، دیموکراتەکانیش ھەمووچالاکی و ڕیکلام و پڕوپاگەندەکانی نێوان ھەردووکاندید جۆبایدن و سیناتۆر بیرنی ساندرزیان گواستۆتەوە بۆ سەر تۆڕی ئەنتەرنێت، دواجار ھەمووکۆکن لە سەرئەوەی کە لە ڕێگەی پۆستە و ئەلکترۆنیەوە پرۆسەکە ئەنجام بدرێت پۆستەی خۆڕایی دابین بکرێت بۆ ئەندامان و ستراتیجیەتی پاراستنی ھەڵبژاردنەکان لە ھەموو ولایەتەکانی ئەمریکادا و لابردنی ھەرکۆسپ و تەگەرەیەک کە دێتە ڕێگەی ئەوپرۆسە.