سەردێڕ:

لەناوبردنی گەندەڵی جێگەی شەڕی ئتنیکی دەگرێتەوە

11/17/2019 6:13:50 PM
2323 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

لە چەند ڕۆژی پێشوودا وتارێکی ترم ھەر لە سەر ئەم بابەتە نووسی زیاتر پەیوەندی بە خۆپیشاندانەکانی لوبنانەوە ھەبوو لە ژێر سەردێڕی "لوبنان، نیشتمانپەروەری جێ بە تائیفیەت لێژ دەکات"، بەڵام ئێستا حەزدەکەم ھەر لەسەر درێژەدان بەو بابەتەو دوای زیاتر ڕوون بوونەوەی وێنە گەورەکەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە عێراق و ناوچەکە قسەی زیاتری لە سەر بکەم .

ئێستا لە بەشێکی زۆری ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوین لە دوای چوار دەیە شەڕی تائیفی و ئتنیکی کە زیانی گەورەی مادی و گیانی بە گەلانی ئەم ناوچە گەیاند، واخەریکە ئەو شەڕە بە کۆتا دەگات و لە جێگەی ئەو  دیاردەیەکی نوێ سەر ھەڵدەدات ئەویش وەکو بزاڤێکی جەماوەری مەزن و کاریگەر دەستی پێکردووە کە تەجاوزی ئتنیک و نەتەوە مەزھەبی کردووە،  کە ھێشتا زووە حوکم لەسەر ئاکامەکانی بدەین، کە تەخت و تاراجی تاقم و دەستەبژێری حوکمڕانی گەندەڵی وەلەرزە ھێناوە، کە لە ڕابردوودا بە پاساو و بیانووی بەرگری لە نەتەوەو ئاین و مەزھەب و ڕەوایەتی یان بە خۆیان دابوو، وایان لە خەڵکی گەیاندبوو کە بە بێ ئەوان  ھاوزمان و ھاوئایین و ھاو مەزھەبەکانیان لە ناو دەبرێن و پاکتاو دەکرێن .

ئەگەر سەرەتاکانی شەڕی ناوخۆیی لوبنان لە ساڵی ١٩٧٥ەوە، لە نێوان پێکھاتە جۆراو جۆرەکانی ئەو وڵاتەوە دەستی پێکرد بێت، لە ناوچەکە و خەڵکی ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی کارەساتی جەرگبڕ بوونەوەو، لە عێراقیش لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن لە لایەن ئەمریکاوەو ململانێ ی ئاینزایی شیعەو سوونە بە  شێوازێکی زۆر توند سەری ھەڵداو تا ئێستاشی لە گەڵدا بێت کاریگەرییەکانی ماون،  سەرەڕای لە ناوبردنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی داعش و ھێشتا شیعەکان بوار بە سوونەکان نادەن بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان بە تایبەتی لە ناوچەی پشتێنەی بەغداد و مووسڵ و دیالە و زۆر شوێنی تریش .

ئەوەی لە بەرنامەو ئەجندایاندا باسی نیە جێبەجێ کردنی دەستوورە و ئێستا بە نیازن بیگۆڕن بۆ مەبەستی خۆیان و تێکەڵ بە داخوازی خۆپیشاندەرانی بکەن، لە کاتێکدا ئەوان داوای شتی تردەکەن لەوانە "نان و کارو یەکسانی و خزمەتگوزاری و ئاسایش و دادپەروەری و بنبڕکردنی گەندەڵی مالی و کارگێڕی" کە ئەوەندە زۆرن لە ئەژمار نایەن گەر بچمە ناوییەوە دەبێت باسی شتی تر نەکەم .

یەکێکی تر لەو شەڕە ئتنیکیانەی  کە لەم ناوچەدا ھەیە،  شەڕ و ململانێی میللەتی کوردە لەگەڵ ڕژێمەکانی عێراق و ئێران و سوریا و تورکیا دا کە وڵاتەکەیان دابەشکراوەتە سەرئەم چوار وڵاتەدا، ئەوانیش بێباکانە حاشا و نکووڵی لە مافە سەرەتاییەکانیان دەکەن جگە لە عێراق، بە تایبەتی تورکیا کە تا چەند ساڵێک لەمەوپێش ھەر دەی گووت تورکی شاخاوی بە کورد .

بۆیە ئەو ناھاوسەنگییە گەورەی کەلەم ناوچەدا ھەیە بنەماکەی ئەوەیە کە ئەم ناوچەی لە چوارنەتەوەی سەرەکی کورد و عەرەب و تورک و فارس پێکھاتووە، بەڵام نەتەوەکانی تر مافی کورد بە فەرمی ناناسن و کوردیش خۆی ڕادەستی ئەو دیفاکتۆ تاڵ و ناڕەواناکات، لەوەیە تاکە کێشەی ڕاستەقینی ئەم ناوچە ئەوە بێت .

لە سوریاش لە ساڵی ٢٠١١ بەدواوە لە دوای خۆپیشاندانەکانی بەھاری عەرەبی، شۆڕشی گەلانی سوریا گۆڕا بۆ شەڕی تائیفی و ئتنیکی وا  ھەشت ساڵە نزیک بە نیوەی خەڵکی ئەو وڵاتە ئاوارەو دەربەدەربوون و سەدان ھەزار کەس بوون بە قوربانی لە نێوان کوژرا و برینداردا، وائێستا ئەو شەڕەش خەریکە لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە .

لە کۆتاییدا کە ئەم شەڕانە کۆتاییان ھات، سەرکردەی شەڕەکان چ ئەوانەی براوەن یان دۆڕاون ئەگەر سەیریان بکەین ھەموو تێوەگلاون بە  گەندەڵی  و پاشەڵپیسن،  بازرگانی سیاسی  و ناپاک  بە گەلن، بۆیە ھیچ متمانە و بەھایەکی مۆراڵیان نەماوە لە لای گەلەکانیان و ئیتر ناتوانن ڕووی ڕەشی خۆیان لەلای خەڵک سپی بکەنەوە و بۆیە دەبێت چاوەڕوانی ڕۆژی حساب بن.