سەردێڕ:

١٢ی ئاب رۆژی نێونەتەوەیی لاو - گەنج

8/12/2019 11:46:32 PM
2621 جار خوێندراوەتەوە
سامان ساڵح
+ -

بە گوێرەی رۆژژمێری بۆنەو رۆژە جیھانییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان UN، ئەمڕۆ رۆژی نێونەتەوەیی "لاو - گەنج"ـە لەجیھاندا.
لە ساڵی ١٩٩٩ ەوە ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ١٢/ی ئابی ھەموو ساڵێکی بۆ رۆژی نێونەتەوەیی لاو-گەنج، تەرخانکردووە، کە ئەمڕۆ ھاوکاتی ئەو رۆژەیە.
مەبەست لە دیاریکردنی رۆژی جیھانی و نێونەتەوەیی لەلای نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ ھەر مەبەستێک، دەرخستن و گرنگیێدان و کردنیەتی بە پرسێکی ھاوبەشە لە پێناون گەشەپێدان و رزگارکردنی بەرەو دۆخێکی باشتر.
گەنج-لاو، ئەمڕۆ یەکێکە لە پرسە جیھانییەکان و زۆربوونی رێژەی لاو- گەنج بە جۆرێکە کە لەناو نوسینەکاندا بە "تەقینەوەی گەنجان" ناودەبرێت.
ھەندێک لە دەوڵەت و ھەرێم و کۆمەڵگە سیاسیەکانی جیھان، تووشی جۆرێک لە کەمتەرخەمی و سەرلێشێوان بوون بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ گەنج و چۆنێتی ئاراستە و بەکارخستن و وەبەرھێنانیان، بە جۆرێک لە زۆر شوێنی جیھان، لاو-گەنج، لەبری دەرفەتی پێشخستن و گەشەی ھەمەلایەنە و بەھێزکردنی وڵات خەریکە دەبنە ھەڕەشە لەسەر ئایندەی وڵاتەکە لە ڕووی؛ تەندروستی، تێکدانی نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان، لاوازیی ھێزی سەربازیی، زۆربوونی ئالوودەبوو، ھەڵکشانی نەخۆشییە درمە ترسناکەکان و بێکاریی.
نەتەوە یەکگرتووەکان، بابەتی ئەمساڵی وەک دروشمی رۆژەکە: Transforming education ھاوپەیوەندکردووە لەگەڵ ئامانجەکانی ھەزارە، کە ھەتا ساڵی ٢٠٣٠ کاریان لەسەر دەکرێت و لەگەڵ ئامانجی چوارەم یەکیخستووە، بە مانای دابینکردنی خوێندنێکی شیاو و بەردەست بۆ ھەموو گەنجێک لە ھەموو شوێنێک کە بتوانرێت بەکاربھێنرێت و بەدەستبخرێت.
نەتەوە یەکگرتووەکان، ھانی لاوان، دەوڵەت، رێکخراو، لایەنەکانی تر، دەدات بەوەی رۆڵیان لە دابینکردنی خوێندنێکی باشی بە بایەخ و درێژماوە و ھەمیشەیی ھەبێت کە بتوانێت رۆڵی ھەبێت لە بەدیھێنانی" ئامانجی چوارەمی ھەزارەدا" کە بریتییە لە "Quality Education" "خوێندنێکی بە بایەخ".
ھەرێمی کوردستان، وەک بەشێک لە ناوچەیەکی فەرمانڕەوایی لە جیھاندا، ژمارەی لاو-گەنج، سەرباری شەڕە سەپێنراوەکان، تێیدا زیادیکردووە، بە گوێرەی ژمارەکانی وەزارەتی پلاندانانی ھەرێمی کوردستان، لە ٦٥%ی دانیشتووی ھەرێم لە گروپی تەمەنی لاوانە. دەسەڵاتدارێتی ھەرێمی کوردستان، وەک یەکێک لە دەسەڵاتدارێتییە لاواز و بێ دیدگەکانی ناوچەکە، دەستەوەستان، یان باشتر بڵێین: "خەمسارد و بە مەبەست" لە بەرامبەر دۆخی لاوان وەستاوە.
لاوانی ھەرێمی کوردستان، بەو پێیەی خاوەنی دەوڵەتی خۆیان نین، لە دۆخی بێ شوناسی و ھەستکردن بە بێ ھێزیی و نەبوونی دەستەبەری نەتەوەیی و نیشتمانیدان، وەک جەستەیەکی لاواز، بە دەم بای بانگەشە و پیلان و درۆی گروپە سیاسییە ھەلپەرستەکان و بازرگان و دەڵەتانی داگیرکەرەوە دێن و دەچن.
ئەگەر دەسەڵاتدارێتیی ھەرێمی کوردستان پلان و بەرنامەی گونجاوی نەبێـت بۆ بەگەڕخستنی لاوان و تواکانیان، لە زووترین کاتدا لاوان بە راستەخۆ و ناڕاستەوخۆ دەبنە ھەڕەشە لەسەر ئەزموونی ھەرێمی کوردستان.
نیشانە ھەرە دیارەکانی بوونی لاوانی ھەرێمی کوردستان، بە مەترسی لەسەر ئەزموونی ھەرێم، وەک؛ کەمیی ھۆشیاریی ھەمەلایەنەی ژیان لەلای لاوان، نەبوونی ئەزموونی چێژبەخش و سوودبەخشی خوێندن، رێکنەخستنی ئینتیمای نەتەوەیی، نەبوونی دەزگە و کارگێڕیی بەھێزی حکومەت، نەبوونی رێکخراوی پیشەیی بە توانا و خاوەن دیدی نیشتمانی و چەندین ھۆکاری تر خۆی دەبینێتەوە.
حکومەتی ھەرێم و پارتە سیاسییەکانی ناوی، ھەر لایەن و بە جۆرێک کاری سیاسیی دەکەن کە زۆرتر لە "راوکردن" دەچێت، لە بنەڕتیشدا کاری سیاسیی نیشتمانی، کە پیشەیەکی شارستانی و رێکخراوە، پێچەوانەی پیشەی راوکردنە، کە پیشەیەکی نا شارستانی و رێکنەخراو و دژە بەھای مرۆییە، ھێزە سیاسییەکانی ھەرێم، ژیرییان ھێندە کەمە، کە ناتوانن سوود لە وزەی لە بن نەھاتووی لاو-گەنج، وەربگرن، بەڵکو وەک وتمان، تەنھا وەک "راوچی" سوود لەو بەشە وەردەگرن کە خۆیان گرتوویانە، ئەویش دەخەنە قەفەسی بیری تەسکی پارتایەتی و بەرژەوەندییە بچووکەکانی حیزب. 
ئەمڕۆ لاوی ھۆشیاری خوێندەوار، مایەی کۆمەڵگەی بەھێزی ھۆشیار و خوڕاگرە، کە بتوانێت گۆڕانکارییە خێرا و ھەژمارنەکراوەکان، بە گوێرەی بەرژەوەندی خودی خۆی و نەتەوەکەی لێکبداتەوە.
بەداخەوە، لاوی کورد بە پێچەوانەی سەردەمانی پێشتوومان، ئێستا کەوتۆتە نێوان مەنگەنەی پیلانی داگیرکەر و بازرگان و سیاسییە بێ ئاکارەکانی کوردەوە، زۆرینەی "گەنجی ھەرێمی کوردستان" بەجۆرێک لەلایەن حکومەت و حیزبەکانەوە پەروەردە کراوە، دژە نەتەوە و نیشتمان، لاواز، ھەلپەرست، زوو ھەڵخەڵەتاو، بێ کولتوور، درۆدنگ، بێتوانا، پشووکورت، پارەپەرست و دژە خۆیەتی، بێگومان ئەمجۆرە نێچیرە، باشترین کەرەستەی راوی پارتە سیاسییەکان و دەوڵەتە داگیرکەرەکانن کە زۆرجار پارتە سیاسییەکانی لای خۆمان ئەو جاشایاتییە بۆ ئەوان دەکەن.