سەردێڕ:

ئایا میللەتی کورد پێویستی بە مەرجەعیەتە؟

9/11/2019 1:41:46 PM
9592 جار خوێندراوەتەوە
بەهادین نوری
+ -

لەم ماوەیەی دواییدا قسەوباسێ پەیدابوو کە ئەم ھەرێمە پێویستی بە مەرجەعێک ھەیە، واتە پێویستی بەکەسێ ھەیە کە لەسەرووی ھەموو کەسێک و ھەموو ھەیئەت و دەسەڵاتێکەوە بێ و ھەرچی وت دەبێ بێموناقەشە جێبەجێ بکرێ . جاران پاشا ئەو مەرجەعە بوو، دەسەڵاتی ئاینی و دنیایی لەدەستدا بوو، ھەرچی بووتایە وەکو یاسا دەبوو جێبەجێ بکرایە . شیعەکان دەوڵەتیان نەبووە، لەبەر ئەوە وەزعێکی تایبەتیان ھەبوو، پیاوی ئاینی گەورە – ئایەتوڵایەک – دەبووە مەرجەعێکی ئایینی ، حەرام و حەڵالی بە فتوایەک دیاری دەکرد . کەئەوانیش بوون بەخاوەنی دەوڵەت پاشا بوو بەسەرچاوەی ھەموو دەسەڵاتێکی ئایینی و دنیایی . ئێستەش لە ئێراندا ھەروایە . ئایەتوڵلا خامنەئی سەرچاوەی – مەرجەعی – ھەموو دەسەڵاتێکی ئاینی و دنیاییە بە ناوی ( ولایەتی فقیھەوە ) . 

لە عێراقدا، ئەگەر چی شیعەکان زۆرینەی دانیشتوان بوون ، لە ٥٠٠ ساڵی دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا والیەکان ھەر لە سونەکان بوون و قەت شیعە نەکراوە بە والی . پاش ڕووخانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیش ئیستیعماری بەریتانی لەیەکەم رۆژی دەسەڵاتیانەوە ھەر لەسەر ڕێبازی عوسمانیەکان ڕۆیشتن تا ١٩٤٧ کە بۆیەکەم جار سالح جبر کرا بە سەرەک وەزیری عێراق بەھیوای ڕازیکردنی شیعەکان و بەدەستھێنانی بێدەنگی بەرامبەر سەپاندنی پەیمانی پۆرتسموس . لەبەر ئەوە شیعە نەیانتوانیوە سەرچاوەی حکومڕانی لەخۆیان دانێن، بەڵام ھەمیشە مەرجەعی ئایینی لەخۆیان بووە . ئێستە سەید عەلی سیستانی مەرجەعە . 

ھێندەی من بەئاگابم ئەم جۆرە مەرجەعیەتەی کەباس دەکرێ لەمێژووی کوردا نەبووە . بۆ ماوەیەکی درێژ شێخەکانی قادری و نەقشبەندی بوو بوون بە جۆرێ لەمەرجەع بۆ دەروێش و سۆفیەکان . ئەمە پرسێکی ئاینی بوو بەس ، تایبەتیش بوو بەو کەسانەوە کە دەروێش یان سۆفی بوون .

جگە لەمەش بۆ ماوەیەکی کورت لەساڵی ١٩٧٤ – ١٩٧٥ ، گەلی کوردی باشور مەلامستەفای قبوڵ کرد وەک و سەرکردە و مەرجەع و بەتەمای سەرکەوتن و سەربەخۆیی بوو . بەڵام مەخابن ئەو ھیوایە بۆ سەرکەوتن لەسەر پایەیەکی لمین دانرابوو چونکە جڵەوی ئەسپەکە درابووە دەستی شای ئێران و ئەنجامیش ئەو داڕمانە ترسناکەبوو کە لەئازاری ١٩٧٥ بینیمان . ئەم پڕۆژە خەیاڵیە جارێکیتریش لە ٢٥ ئەیلولی ٢٠١٧ تاقی کرایەوە و ئەنجامەکەشی ئەو کارەساتە گەورەیە بوو کەدیمان . 

مەرجەعیەت بەم شێوازەی کە ئەمڕۆ لای ئێمە باس دەکرێ بە ھیچ جۆرێ لە کۆمەڵگەی پێشکەوتوودا ، لەگەڵ دیموکراسی و سەردەمی گڵۆباڵدا ، لەگەڵ بیروبۆچوونی عیلمانیدا جێگەی نابێتەوە . ئەو جۆرە مەرجەعە کە لەسەرۆکایەتی لیژنەیەک یان ئەنجومەنی چەند حیزبێکدا خۆی دەبینێتەوە ھیچ پێوەندیەکی بە بزاڤی دیموکراتی ھاوچەرخەوە نیە و تەنھا ھەوڵ و کۆششێکە بۆ پەردەپۆشی مەرجەعیەتە ئایینیەکە ، دەیانەوێ بەکراسێکی تازەوە، بەناوی ئەنجومەنی ئەحزابەوە دیکتاتۆرێکی تازە بسەپێنن . بەڵێ دەکرێ سەرۆکی حیزب ببێ بە مەرجەع لەناو حیزبەکەی خۆیدا بۆ کاروباری حیزبی – سیاسی - .. بەڵام لەسەر چ بنەمایەک دەبێ بە مەرجەع بۆ کۆمەڵگە ؟ ئەم شێوازە لەمەرجەعیەت واتای گەڕانەوەیە بەرەو دواوە بەھەزار ساڵ !

بەڵێ چەرخی دیموکراسی و پێشکەوتن و گڵۆباڵیش دەبێ مەرجەعیەتی خۆی ھەبێ بۆ کاروباری گشتی ، ئیداری و سیاسی و ئابووری وڵات . بەڵام ئەم جۆرە مەرجەعیەتە دەبێ خودی کۆمەڵگە بۆ خۆی دروستیبکات لە رێگەی ھەڵبژاردنێکی دیموکراتی ئازادی خاوێنەوە ، وەکو ئەو ھەڵبژاردنانەی لەوڵاتە دیموکراتیەکان دەکرێ ، نەک ئەم ھەڵبژاردنە درۆینە پڕ لە تەزویر و ساختەکارییەی کە لەعێراق و کوردستاندا دەکرێ و پەرلەمانێکی پڕ لەعەیب و ناشایستەی پێ پێکدەھێنرێ . مەرجەعیەتی پتەوی بێ لەکەی ڕاستەقینە بۆ کۆمەڵگە تەنھا لە ڕێگەی دیموکراسیەوە بەدەست دێ . ئەو دیموکراسیە ئەمڕۆ لای ئێمە نیە ، بەڵام بەڕێوەیە بۆ ئایندە .