سەردێڕ:

ئیسرائیل لە بیرەوەرییەکانى فازڵ میرانی دا

11/20/2019 4:35:09 PM
14082 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+ -

گێڕانەوەی مێژوو یان بیرەوەری، ڕۆڵێکی گرنگی لە کەلتوری گەلاندا ھەیە، ئەگەر سەیری مێژووی سیاسی گەلان و میللەتان بکەین یان بە نوسین یان نیگار و ھەڵکۆڵین کۆبونەوەو ڕووداوەکانیان  ماوەتەوە، وەچە لە دوای وەچە سودی لێ وەردەگرن، یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی کەلتوری ئێمە ئەوەیە کەلتورێکی زارەکییە ئەگەر سەیری مێژووی کورد بکەین، مێژووی میرنشینەکان یان خێڵەکان دواتریش لاپەڕەیەک نوسینمان نییە یاخود خاوەنی وێنەیەک نین کە بۆ ڕووداوێکی سیاسسی کێشرابێت و خۆمان خاوەنی بین، بۆیەمێژووی کورد ھەندێ جار چەواشە دەکرێ، چونکە خۆمان نەمان نووسیوە، یان ڕووداوەکانی گێڕدراوەتەوە، بۆیە ھەرکاتێ باسی سەرکردەیەکی مێژوویی یان دەسەڵاتێکی کوردی دەکەین، ھێندەی سەرسامین بە دەمانچەی لاقەدی و جبەخانەی، ھێندە پرسیار لە فکرو بیرکردنەوەیان ناکەین.

چونکە نوسینمان نییە، یان گێڕانەوەی جدیمان نییە، لێرە لە باشور دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ بەشێکی کەم لە بەشداربووانی شۆڕش بیرەوەری  سیاسی خۆیان نوسیوەتەوە تا ئەو کاتەی کاتم ھەبووبێت زۆربەیانم خوێندۆتەوە ، بەڵام لێرەدا بە ھیچ بارێکدا قسەیان لە سەر ناکەم تەنھا مەبەستمە قسە لە سەر بیرەوەریەکانی میرانی بکەم ، بۆ ئەوەی مانا شاراوەکانی ئەودیو ڕووکەش تێبگەین لەم ڕاڤە کردنە ھیچ کارم بەوە نییە میرانی دەستخۆشیم بکات و پێی بزانێ یان نەزانێ و بەڕێزیشیان پێویستی بەم شتانە نییە، بەڵام مەبەستم لە گرنگی ئەم بیرەوەرییە تێبگەین، لە چوار چێوەی فکری سیاسی و تێگەیشتن لە مێژووی سیاسی.

سەڕەڕای تێبینیم لە سەر سیاسیەکانی کورد، لە ھەمان کاتدا ئەم بیرەوەییانەی میرانی جوانترین ئاستی زمان و فکری ھەیە ،کە لەم چەند ڕۆژەدا لە کتێبێکی ١٥٢ لاپەڕەییدا کەوتە کتێبخانەی کوردی گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانی میرانی لە گفتوگۆیەکی پێنج ئەڵقەی دا لە کەناڵێکی عەرەبی گفتوگۆی لەگەڵ ئەنجام داوە ،کە دواتر لە چوار چێوەی  کتێب بە نوسین و بە وێنە بە ناوی (الژاکرە سیاسیە) گەیشتە دەست خوێنەران ، گێڕانەوەی بیرەوەری سیاسی  بۆ گەلی کورد گرنگییەکی زۆری بۆ ئێستاو داھاتوو ھەیە.

 بۆیە میرانی زۆر بە دیقەت و بە تەرکیز و دوور لە کاریگەری ئایدۆلۆجیا و بە زمانێکی باڵا  بە تەوازوعی مەعریفی مێژووی سیاسی کوردی  لە پوخترین و کورترین وەڵامی پرسیارەکاندا دەخاتە ڕوو ،کەوەڵامی یاروو نەیارە بۆمەسەلەی کورد ،ئەم تەوازوعە مەعریفیەش لەدەوڵەمەندی کایەکەوە ھاتووە، میرانی لە م دیداروو گێڕانەوەیە بە خوێنەرانی جیھانی عەرەبی و ڕۆشنبیران و سیاسیەکانیان دەڵێ ھەرکاتێ ویستان لە کێشەیەکی گرنگ بکۆڵنەوە بگەڕێنەوە سەر بنەچە مێژوویەکەی، تا بتوانن ئاکامێکی زانستیانە وخەمڵیو ڕاست بە دەست بھێنن،کەواتە بیرەوەرییە سیاسیەکانی میرانی دەکرێ ببیێتە پاسپۆڕێکی ئەکادیمی و مێژوویی کە دنیای عەرەبی لێیەوە لە کوردو داخوازییەکانی تێبگەن،بە خوێنەرانی کوردو نەوەکانی داھاتووش دەڵێ ئەگەر دوێنێ بێگانە سەرچاوەی زانیاری مێژووی ئێمە بوو،ئەوا ئەمڕۆ خۆمان  لە بیرەوەرییە سیاسیەکانمان دەبینە سەرچاوەی زانینی گەلەکەمان.

میرانی لە بیرەوەرییە سیاسیەکەی دا سەبارەت بە کێشە ناوخۆییەکانی کوردستان  بە زمانێکی بەرپرسانەو پڕ حیکمەت وەڵامەکان دەداتەوە ،ئەگەر بۆخۆی  وەک پارتی نەناسانایە و بێگانەیەک  ئەم بیرەوەرییانەی بخوێندایەتەوە دەیزانی مییرانی خاوەنی دیدێکی میانڕەو ناسیۆنالیسی کوردە، بەڵام نەیدەزانی ئینتیمای بۆ کام حزبی سیاسی ھەیە ،چونکە گفتوگۆکەی  تەجاوزی بیری تەسکی حزبی ئەم فەزای ئێستای کردووە، بیرکردنەوەی میرانی بۆگێڕانەوەی بیرەوەرییەکانی بریتییە لە کۆکردنەوەی ھەموو ڕووداوە جیاوازەکان و خاڵە جیاوازەکان و وێنا جیاوازەکان بۆ دروستکردنی وێنەیەکی ڕاستی ڕووداوە سیاسی و مێژووییەکانی بزوتنەوەی سیاسی کوردو ئامانجەکانی، بۆ ئەوەی وێنەی شێواوی کورد لە چاو، بیرکردنەوەی ئەوانی تردا ڕاست کاتەوە ، بۆیە ئەم گێڕانەوەیە و ئەم بیرەوەرییانە دەبنە بە شێک لە سامانی سیاسی کورد دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی توێژینەوە بۆ ئەوانەی بە دوای مێژووی سیاسی کوردا دەگەڕێن، چی کوردو چی نەتەوەکانی تر.

بیرەوەرییەکانی میرانی جگە لە نووسین کۆمەڵێک وێنەی تێدایە وەک دەڵێت( لە پشتی ھەموو وێنەیەکەوە چیرۆکێک ھەیە) بۆیە دەکرێ خوێنەر لە چیرۆکی پشت وێنەکانیش تێبگات، کەواتە گێڕانەوەی بیرەوەری سیاسیەکانی کورد زۆر گرنگە بەڵام  بە شێوەیەک  وەک ئەوەی ڕووی داوە نەک وەک ئەوەی کە حەزمان لێیە بینوسنەوە ، ئەگینا دەچێتە خانەی چەواشە کاری ،لە لایەکی دیکەوە نوسینەوەی بیرەوەری و گێڕانەوەی جگە لەوە بۆ نەوەکانی داھاتوو زۆر پێویستە بۆ توێژینەوە بۆ دروستکردنی دراما لە سەر مێژووی سیاسی کورد، دەبێتە شکۆ و شەفاعەتکارێک لە بەردەم نەتەوەکەماندا، ئەم بیرەوەرییانەی میرانی بیرەوەری کەسێکە دەکرێ پێی بڵێین سیاسی ڕۆشنبیری و ڕۆشنبیری سیاسی، ئەوەی جێی سەرنجە لە گفتوگۆکەدا ڕۆژنامە نووسەکە لە زۆر جێگەدا میرانی دەباتەوە بۆ پرسیارێکی کلاسیکی عەرەبی، ئەویش ئەوەیە ھەموو ڕۆژنامەنوسێکی عەرەب لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ سیاسیەکانی کورددا دەیکەن، ھەمیشە یەکێک لە پرسیارەکانیان ئەوەیە پەیوەندی کورد و ئیسرائیلە، ئەم پرسیارەش پرسیاری تەحەدی نییە بەڵکو پرسیاری ئیستیفزازییە، ئیتر نازانم پرسیاری ئەم ڕۆژنامە نوسە بۆ ئیستیفزازە یان تەحەدی، چونکە جیاوازی لە نێوان تەحەدی و ئیستیفزازیدا زۆرە، بەڵام میرانی بە ئەرگۆمێنت وەڵامی جددی ئەم پرسیارەی داوەتەوە.

 کەواتە دەکرێ بڵێین ئەو بیرەوەرییەی میرانی دەمانباتە لای واقع جیاواز لە ھەندێ بیرەوەری کە دەرخواردمان دەدرێ، چونکە پێمان دەڵێ و پێیان دەڵێ کێشەی ئێمە کێشەی بونە، کێشەی حەرام و حەڵاڵی سیاسی یە لە دیدی ئەوان، بەوان دەڵێ ئێوە لە دۆخی لێک دژی دا دەژین و داوای ئەوەیان لێدەکا تەسەورەکانی پێش و لە خۆیان داماڵن، چونکە ئەو بیرکردنەوە تان لە ڕووی سیاسی و کەلتوری یەوە ھەژارە، لە بەرئەوەی بێ بنەمایە، لێرەوە بە ھەردوو ئاڕاستەی تێگەیشتنی زمان و تێگەیشتنی بیرکردنەوە بە ئەوانی دیکە دەڵێ پێویستە پیاچوونەوەیەک بە تێگەیشتنتان بکەن لەو تێگەیشتنەی بۆ کورد ھەتانە ، دەبێ بۆ ئەوەی ژیان بە دروستی بڕوات پێویستە ڕێکەوتنی نوێ بۆ پێکەوە ژیان بکەین، بۆ ئەوەی دواجار دەکرێ ئەم بیرەوەرییانەی میرانی کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر فکری سیاسی و زەمینە خۆشکەر بێت، بۆ خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ مێژووی سیاسی ناو ھێزی کوردی و ھێزی ئەوانی دیکەش.