سەردێڕ:

پرشنگ لە ‌باشورەوەیە

10/21/2019 12:36:49 PM
7985 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+ -

لەدوای سایکس بیکۆ دابەشکردنی کوردستان بۆ چوار بەش و کردنی بەبن دەستی فارس و عەرەب و تورک، ئیتر لەو ساتە وەختەوە گەلی کوردستان شێوازی جیا جیای خەباتی بۆ بەرەنگاری ئەو داگیرکاری و دابەشکردنە نائەخلاقیە گرتۆتە بەر، لەبەر ھەل و مەرجی سیاسی کۆمەڵایەتی و ئاینی و ئابوری ھەر پارچەیەک لەناو ئەو دەوڵەتانەدا، خەباتی گەلی کوردستان لەھەر پارچەیەک چووە دۆخێکی سیاسی تایبەت بەخۆی، لەچوارچێوەو پەیوەندی و بەریەککەوتنی ئاگایی نەتەوەی سەردەست و نەتەوەی ژێر دەست، بەپێی بیرکردنەوەو ئاگایی نەتەوەیی سەردەست گەلی کورد شێوازی خەباتی بەڕێوەبردووە. باشوری کوردستان بەشێکی گرنگی گەلی کوردستانە کە ‌بە درێژایی مێژووی داگیرکاری نەسرەوتووە تا ئاستی سەرکێشی چووەتە مەیدانی بەرەنگاریەوەو ئامادەنەبووە چۆک دابدات، باشوری کوردستان جگە لەبارە جوگرافیەکەی، لەبارە سیاسی و ئابوریەکەشیدا پێگەیەکی گرنگی ھەیە ئەمەش ھاوشانە لەگەڵ بارە کۆمەڵایەتی و ھۆشیاریەکەیدا ئەگەر لەڕووی جوگرافیەوە سەیری بەشەکانی کوردستان بکەین باشور بەوەی کەچەقی ناوچەکەیەو پێگەیەکی جێگری جوگرافیای ھەیە، ھەروەھا لەبەرئەوەی تاکەبەشی کوردستانە کە لەسێ لاوە بەتەواوەتی لەگەڵ سێ پارچەکەی دیکەدا دراوسێیەو خاوەنی زەوییەکی بەپیتە، ئەمەو چەندان ھۆکاری دیکە وایکردووە کە ‌کاریگەری ئەرێنی باشور لەسەر پارچەکانی دیکە بەڕونی دیارە، بەتایبەتی لەمێژووی شۆڕش و بەرەنگاریدا نمونەیەکی کۆڵنەدانە لەئاستی جیھاندا ھەموو رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عیراق ڕێگا نەما نەیگرنەبەر بۆ سەرکوتی باشور، بەڵام نەیانتوانی چۆکی پێدادەن وخۆیان بوون بەپەندی زەمانە.
گەلی کورد لەباشور توانی بەرەنگاری سەختترین دۆخ ببێتەوە بەرەنگای پیلانی نەگریسی جەزائیر کەویستیان کورد قڕان بکەن، بەڵام حەکیمی سەرکردایەتی شۆڕش توانی ئەو پلانە پووچەڵکاتەوەو کوردستان لەسەر خاکی خۆی بھێڵێتەوە ئەویش بۆماوەیەک شۆڕشی سڕکردو، لەدەرفەتێکی تردا شۆڕشی ھەڵگیرساندەوە، کورد بەرەنگاری کیمیا بارانکردن بوویەوە بەرامبەر ئەنفال وەستایەوە پێشمەرگە لەخەباتی بەردەوام لەقارەمانێتیدا بووە، گەنجانی کورد لەزیندانەکانی داگیرکەردا کوردستان یان نەمانیان دەوتەوە، سەرەڕای ئەم دۆخە ترسناکە ھەرکاتێک کورد لەپارچەکانی دیکە پێویستیان بەباشور ھەبوایە ئەوا بێ حسابکردن بۆ سنورە دەستکردەکان چوون بەھانای براکانیان لەپارچەکانی دیکە، چوونی بارزانی بۆ کۆماری مھاباد نمونەیەکی باڵاو بەرچاوە، بەڵام بەجیھانی نەبوونی ئەم ڕۆڵە گەورەیە لەوکاتەدا ئەوە بووە وەک ئێستا میدیاو تەکنەلۆجیا نەبووە بۆ گەیاندنی ئەم قارەمانێتی و قوربانیە ئەوکات بەگوندێک ئەگەر ڕادیۆیەکی ھەبووایە ئێستا ھەموو تاکێک دەتوانێت خاوەنی دەزگایەکی گەیاندن بێت لەڕێی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە، دوای ئەو ھەموو قۆناغە سەختەی گەلی کورد لەباشور، دوای ڕەخسانی دەرفەتی نێودەوڵەتی توانی حکومەتی کوردستان دروست بکات. ئەوە ماوەی ٢٨ ساڵە خاوەنی حکومەت و، پەرلەمانەو یەکەم دەستکەوتە لەمێژووی کورددا بەم فۆڕمەو مانەوەی بۆ کاتێکی بەردەوام، لەماوەی ئەو ٢٨ ساڵە گەلی کورد لەباشورو دەستکەوتەکانی ڕوبەڕووی چەندان پیلان و قۆناغی سەخت بۆتەوە، بەڵام توانیوێتی خۆی ڕاگرێ سەرەڕای کەم و کوڕیەکانی کە ‌کەسمان لاریمان نیە لێی، بەبەراورد لەگەڵ دەوروبەردا پڕۆسەی مەدەنی و دیموکراسی بەردەوامە، ئەگەر چی ھەرێمی کوردستان توشی چەندان پەلاماری تیرۆریستی بووەو لەناوخۆو دەرەوەدا قوربانی زۆریشی لێ کەوتەوە کە ‌گەورەترین پەلاماری تیرۆریستی پەلاماری داعش بوو، بەڵام حکومەتی کوردستان پرسی کوردی، بەتیرۆرەوە نەئاڵاند، لەسەربنەمای (دلێری، میانڕەوی، خۆڕاگری) ئیدارەی دۆخەکەی داوە، مرۆڤ دۆستانە مامەڵەی لەگەڵ دۆخەدا کردووە، سەرەڕای ئەم دۆخە دژوارەی حکومەتی کوردستان و گەلی کورد لەباشور، ئەوکاتەی بەشێکی جەستەی نیشتیمان دەکەوێتە دۆخێکی سەختەوە لەڕۆژئاوا سەرۆکایەتی ھەرێم و پەرلەمانی کوردستان بڕیار وەردەگرن بۆ ناردنی ھێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ، مێژوویەک بوو دووبارە بوویەوە دوێنێ کوردی باشور بەڕابەرایەتی بارزانی ڕاستەوخۆ چووە مھاباد، ئەمڕۆش بەبڕیاری دامەزراوەیی باڵای باشور پێشمەرگە چووە کۆبانێ. لەم قۆناغەشدا کە تورکیا لەشکرکێشی دەکات بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، گەلی کوردستان لەباشور سەرۆکایەتی ھەرێم، پەرلەمان، و حکومەت بەھێزی دبلۆماسی سیاسی و میدیایی ھاوکارێکی گەورەن بۆ رۆژئاوا لەلایەکی دیکەوە دەزگای خێرخوازی بارزانی لەھاوکاری خۆراک و پێداویستی مرۆییەوە درێغی نەکردووە، ئەمە جگەلە ڕۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی کە پێگەی خۆی لەڕووی سیاسی و دبلۆماسیەوە خستۆتەکار بۆئەوەی ڕۆژئاوا نەکەوێت ، ئەمەی سەرەوە ئاماژەم پێدا بۆ خۆ فەرزکردن نیە یاخود بۆ سوپاس نیە چونکە ئەرک سوپاسی ناوێت ئێمەش وەک باشور ئەرکی خۆمان ئەرکی ھاوخوێنی و ھاوزمانی و ھاومێژوویی خۆمانە بۆ براکانمان ئەنجامداوە، ئەوەی مەبەستمە بیڵێم ئەوەیە چەند کەسێکی زۆرکەم لێرەو لەوێ لەنوسینەکانیان لەسیمینارو کۆڕو کۆبوونەوەکانیان دەیانەوێت لەپێگەی باشور بدەن، کەئەمانە ئامانجەکەیان دیارە بۆچی وادەکەن و کێ لەپشتیانە لەناو ئەمانەشدا خەڵکی تێدایە بەھەڵە کەوتووەتە ناو مەسەلەکەیانەوە. بۆیە ئەوانە دەبێت بزانن باشور بەفرمێسک و خوێن گەشتووەتە ئێرە ئەم حکومەتەش کەھەیە پێویستە لەھەموو لایەکەوە ببینە ھێز بۆی، لەلایەکەوە ڕەخنەی لێ بگرین بۆ بەھێزبوون نەک بکەوینە لێدان و شێواندنی حکومەت و گەلی باشور ، چونکە باشور قەڵایە بۆ پارچەکانی دیکەو خۆرە بۆ پێدانی وزە بۆ پارچەکانی دیکە، واتا پرشنگی خۆری ئازادی لەباشورەوە سەرچاوە دەگرێت بۆ پارچەکانی دیکە، لەئێستادا لەم دۆخە دژوارەدا بەھیچ جۆرێک کات و ساتی ئەم بەراوردکردنە نیە لەنێوان فکرو ھێزەکانی بەرەنگاری کوردیدا. ئێستا کورد لەتەنگانەدایەو تاکە شتێکە پێویستە بڵاوکردنەوەی ڕۆحی کوردانەو بەرەنگارییەو دەستگرتنی یەکترو پشتیوانی کردنە، ئەگەر تەنھا بە وشەیەکیش بێت ئەو تاکە وشە کوردانەیە ڕۆڵی باشی خۆی دەبینێت نەک لەبەر ھەرھۆکارو ئامانجێک بێت ھەندێ کەس بکەونە لێدانی، پێگەی باشوری کوردستان و دەستکەوتەکانی لەکاتێکدا سەرچاوەی ھێزو وزەی پارچەکانی دیکە لەھەموو ڕوویەکەوە باشورە.