سەردێڕ:

لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم ھۆکار یان دەرەنجام

9/25/2019 1:51:29 PM
8948 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+ -

میللەتی کورد بەردەوام بۆ مانەوەی قوربانی داوە، چونکە دوژمنانی کورد بەیاسای جەنگەڵستان مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە، واتە گورگ نەبیت گورگ دەتخوات، ئەمەش وای کردووە زۆربەی وێستگەکانی کوردو مێژووی کورد تراژیدیا بووە، لە بەرامبەر ئەم ھەموو دڕندەییەدا کورد کاردانەوەی دڕاندانەی نەبووە  و بە پێی پێداویستی و گونجان بۆ پاراستنی خۆی شێوازی جیاجیای خەباتی گرتۆتەبەر، بەڵام نەمانتوانیوە ئەم تراژیدیایانە بکەینە خاڵی وەرچەرخان، میللەتی کورد لە سەدەی بیستەمدا بەخەباتی چەکداری پارێزگاری لە بوونی خۆی دەکردو داوای مافەکانی دەکرد، بەڵام لەسەدەی بیست و یەک دا کە بە سەدەی ئازادی گەلان و دیموکراتی ناوزەند کراوە، گەلی کوردستان لەباشور بۆ گەیشتن بە ئامانج بۆ بوون بە دەوڵەت بۆ سەربەخۆی وەک ھەرنەتەوەیەکی دیکە لە ڕێگای ڕیفراندۆمەوە بە جیھانی گوت ئێمەش سەربەخۆیمان دەوێت، کورد بۆ ئەم ھەنگاوەی نا بۆ ڕیفراندۆمی ئەنجامدا؟ بۆئەوەی لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم تێبگەین ، پێویستە لە خۆمان تێبگەین، لە کورد بوون و کێشەی کورد تێبگەین لە مێژووی چەوسانەوەی کورد تێبگەین، چونکە ڕیفراندۆم دەرئەنجامە، کەواتە دەبێ بە دوای ھۆکارەکانی دا بڕۆین، بۆ ئەوەی دەرئەنجامەکەی بخوێنینەوە، دەرەنجام چی یە؟ گە شتنە بە سەرەتایەک بۆ ئەوەی بگەین بە ئەنجامی شتێک  ھەربۆیە دەرئەنجام ئامانج نیە، بەڵکو ڕێگایە بەرەو ئامانج. کورد ڕیفراندۆمی ئەنجامدا لە پێناو ئامانجێکی گەورەدا کە سەربەخۆی و دەوڵەتی سەربەخۆی بوو کەواتە ڕیفراندۆم  لە پێناو سەربەخۆی و دەوڵەتی کوردیدا بوو، بەڵام بۆچی لەم کاتەدا ڕیفراندۆم ئەنجام درا؟ لەبەرئەوەی بەغدا ھیچ ھاتنە پێشەوەیان نەبوو بۆ مافە دەستوریەکانی کوردستان ھیچ گۆڕانێک لەبیروبۆچونیان ڕوی نەدا، ستەمکارانە مامەڵەیان دەکرد، لێرەوە دەبێ ستەملێکراو جوڵەبکات و لەجێگایەکدا ڕیسک بکات بۆ ئەوەی ئەو پەیوەندیە نابەرابەرەی ستەمکارو ستەملێکراو تێک بدات.

ڕیفراندۆم لە ھەربارێکدا بێت ھەر ڕِایەکی جیای لەسەر ھەبێ ڕیفراندۆم وەک ئاکت (کردە) یەکی سیاسی دیموکراسیانە مافی ھەر گەل و نەتەوەیەکە کە بەم کردە سیاسیە ھەستێت، ھەڵبەتە ئەگەر ھەلومەرج و بارودۆخ گونجاوبێت و ئامانجێکی گەورەی لەپشتەوە بێت پەیوەندی بەمەسەلەیەکەوە ھەبێ کە بوونی نەتەوەی پێوەبەند بێت، کەواتە ڕیفراندۆم بێ ھیچ بیانوویوک مافە، وەک چۆن بەشداری سیاسی مافە ھەم لەسەر ئاستی تاک و ھەم لەسەر ئاستی کۆ، لەم ڕووەوە ڕیفراندۆم لایەنێکی ئەرێنی و پرشنگدارە لەپرسی سیاسی ھەرنەتەوەیەک کەواتە ڕیفراندۆمی کورد کردەیەکی ئەرێنی یە، چونکە ڕیفراندۆم بۆ داگیرکاری و زەوتکردنی مافی ئەوانی دیکە نییە ، بەڵکو بۆ وەرگرتنەوەی مافە. ھەربۆیە ڕیفراندۆم ئەرێنییە و لەوکردانە نیە دووبار یان دوو ڕووی ھەبێت، بەڵکو تەنھا یەک باررو یەک ڕووی ھەیە،  بەڵام گەر تەماشای کردەی سیاسی بکەین، بەگشتی دوو بار لە خۆی دا ھەڵدەگرێ یان بارێکی ئاسایی ھەیە یان بارێکی نا ئاسایی، واتە کردەی سیاسی تەنھا بەوەوە ناوەستێ کەناوی لێنراوە خزمەت، بەڵکو پێ دەچێ ھەمان کردەی سیاسی دیوێکی دیکەی تاکڕەوانەو چەوسێنەرانەی ھەبێ، بەڵام بە پێچەوانەی ئەمەوە ڕیفراندۆم لەو کردە سیاسیە دەگمەنانەیە کە تەنھا یەک دیوو  یەک باری ھەیە، واتە ڕیفراندۆمێکی باش و ڕیفراندۆمێکی خراپمان نییە.

ڕیفراندۆم لە خۆیدا کردەیەکی زۆرباشە، چونکە بۆ سەندنەوەی مافە و ڕێگایەکە بۆ بەرەو ئامانجێک کە دواتر دێت، واتە دوای ڕیفراندۆم دەکەوینە ناو کردەیەکی سیاسی کە دەکرێ ئەوکات باری جیاواز وەرگرێت، لێرەدا دەگەینە ئەوەی ڕیفراندۆم تاکە کردەی سیاسیە کە پراکتیکی سیاسیە، ئەگەر وا بیرمان کردەوە ئەوە دەگەینە ئەو باوەڕەی ڕیفراندۆم بە گشتی ئەرێنییە، ئەوا ئێمە دەگەینە ئەوەی:

ڕیفراندۆم کردەیەکی ئامانجدارە بەبێ ئەوەی خۆی ئامانجەکە بێت.

ڕیفراندۆم ھۆکارنییە، بەڵکو دەرئەنجامە بۆیە لێکەوتەکانی دوای ڕیفراندۆم پەیوەندی بەدەرەنجامی ڕیفراندۆمەوە نییە، بەڵکو ھۆکارەکانی پێش ڕیفراندۆمەکەیە کە داگیرکاریە و نەکردنی ئیعترافە بەکورد و مافەکانی، کەچی لەبەرامبەر ئەم ھەنگاوە مەدەنی و ئەم مافە سیاسیی و داوا ڕەوایەی کورددا کاردانەوەکان دووربوون لە ھەموو بەھایەک و ھەموو بەھاکان کەوتنە ژێرپرسیار، چونکە لەئەنجامی ممارەسەکردنی ئەم مافەدا کورد بەر لێدانێکی کاتی و پیلانێکی ناڕەوا کەوت و دۆخێکیان بۆ دروست کرد وەک مەئزەق، لێرەدا دەبێ ڕۆڵی دبلۆماسی نێچیرەوان بارزانی لەبیرنەکەین، تەجاوزی ئەو مەئزەقەی کرد، دواتر ڕیفراندۆمیش بوو بە وێستگەیەکی گرنگ بۆ کورد، چونکە کێشە گەورەکەی خۆی بەرجەستە کرد.

دەشزانین ئەوەی شوێن کێشە بکەوێت بوێری دەوێ وەک ئەوەی تۆ بەڕێگایەکدا بڕۆی و جیھان بە ڕێگایەکدا ، ئەمەش بیرکردنەوەی دەوێ بیرکردنەوەش ھەمیشە ترسناکە وەک بیرکردنەوە لەڕیفراندۆم، لێرەدا مێژوو ئەوە لەبەرچاو دەگرێت کە بوێری (مەسعود بارزانی) نمونەیەکی سیاسی یە لەجیھانداو لە مێژووی کوردیش دا بۆیەکەم جار ڕابەرێک سەرۆکێک نەخێر بۆ ئەوان و بەڵێ بۆ نەتەوەکەی بکات کە گەورەترین ئیرادە بوو، دەکرێ ئەم بەڵێ یە بە بەڵێی مقەدەس ناوبەرین، ڕیفراندۆم بەڕاستی ڕووداوی سەدە بوو یەک ڕۆحی و گەورەیی دا بەڕۆحی تاکی کورد، ئەگەرچی وەک زۆرێک لە بابەتەکانی دیکە لە ناوخۆی کورددا و بەتایبەتی لە باشوری کوردستاندا ڕای جیاوازی لەسەر دروست بوو بە ناوی بەڵێ و نەخێر، ئەوانەی وتیان نەخێر دەکرێ بە دووبەش بناسرێن بەشێکیان لە کینەو ڕق دان، بەشێکی دی بەتێگەیشتنی خۆیان بە دڵسۆزییان دەزانی، ئەوەی جێگای سەرنجە ھەندێ لەو ڕۆشنبیرانەی کە لەگەڵ نەخێردا بوون پێشتر ھەمیشە دەیان گوت  سەرکردایەتی کورد بوێر نییە و ناتوانێ بڕیاری گەورە بدات، کەچی ھەرئەوانە بوونەتە دژی ڕیفراندۆم.

سەرەنجام کورد قسەی خۆی کرد بۆ ڕاستی و دروستی و و ناڕاستی ئەم ڕووداوە گەورەیە حەقیقەتی لۆژیکی سیاسی ھەوڵ دەدا بزانێ ئەم ڕووداوە ھەڵە بوو یان ڕاست، لە ڕاستیدا ئەوەی بەھەڵە ئەم کردارە بخوێنێتەوە فێڵی لە کەرامەتی خۆی کردووە، لە کاتێکدا یەکێک لە ئامانجەکان و دەستەواژەکانی سیاسەت کەرامەت وشەرەفە بەمانای سیاسەت نەک بە ماناکەی لای خۆمان، نەتەوەیەکیش بێ دەوڵەت و داگیرکراو بێت لە کوێی ئەم ھاوکێشەدایە، کەواتە ئەنجام دانی ڕیفراندۆم کارێکی ڕاست و ئەرێنی بوو ئەوەی دەکرێ بلێین نەرێنیە ئەوەیە ڕیفراندۆم نیشانیداین کوردو ڕۆشنبیرانی تا ئێستا لێی ڕانەماون ڕیفراندۆم چیە؟ خۆ ئەگەر لە ھەندێ کەس دەبیستین ھەمیشە ئەو دەستەواژە باوە دوبارە دەکەنەوە دەڵێ سیاسەت ھونەری مومکینە و داوای موستەحیل نییە، ئەوە بۆ نەتەوەیەکە کەمومکینەکانی دیکەی تاقی نەکردبێتەوە، کورد ھەموو موکینێکی خەباتی تاقی کردەوە دواجار دەستی بۆ ئەم موستەحیلە برد.

سوکرات دەیگوت (سیاسەت بە پلەی ئیمتیاز ھونەری موستەحیلاتە واتە موستەحیل دروست دەکات) نمونە ئەگەر سەیری مێژووی ئەمەریکاو سەرەتای چۆنیەتی دروست بوونی بکەین تا گەیشتووەتە ئەمڕۆ ئەمە خوڵقاندنی موستەحیلە، بۆیە ڕیفراندۆمی کورد ئەگەر لای ھەندێ کەس موستەحیل بوو بێ، ئەوە (مەسعود بارزانی) ئەو موستەحیلاتەی خوڵقاند و ڕووناکی خستە ئەو جوگرافیا تاریکەی کە چاوی جیھان  لە ئاستیدا کوێر بوبوو، دابڕانێکی مێژووی خوڵقاند بە یارو نەیاری گوت کوردیش مێژووی ھەیەو مرۆڤن، بۆیە شایستەی سەربەخۆین. وەک حەمدی شاعیردەڵێ (ھەڵپەرکێ جائیزە بۆ کوردان بێ قەزابێ ڕەحمەخان ناھێڵێت ھەڵپەڕین) دواجار ھەرچۆن بوو ڕیفراندۆم ئەنجام درا، دڵنیام لە ئایندەدا نەوەکانی بەڵێ و نەخێر وەک یەک شانازی بەم مێژووەوە دەکەن، کەواتە بۆئەوەی سیاسەت بھێنینەوە ڕێگا دروستەکەی، باشتر وایە لەسەر کۆی بابەتەکان بەڕیفراندۆمیشەوە گفتوگۆ و دیبەیت بکەین، بەڵام گفتوگۆیەکی بیزەنتینی نا گفتوگۆیەک نا بۆ بردنەوە، گفتوگۆیەک بۆ تێگەیشتن کە ببێتە ھۆی بەرھەم ھێنانی بیرکردنەوەی ستراتیژی، ئەمەش بەوە دەکرێ نابێ خەریکی چەپاندنی بابەتەکان بین، بەڵکو خەریکی دروست کردنی ھاوسەنگی بین، ئێمە قوربانی گەورەمان ھەیە، کارەساتی گەورەمان ھەیە، بەڵام لێبوردنی گەورەمان نییە بەرامبەر یەک و بیرکردنەوەی بچوکمان ھەیە ئازاری توند و کێشەی قوڵی ناوخۆمان ھەیە، کەوابو نابێ لە بەرامبەر ئەم کێشانەدا دەسەوسان بین نابێ ئەم ئازارو نەخۆشیانەی جەستەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و مێژوویمان بێ ئومێدمان کەن و نیگەران بین، دەبێ لە قوڵایی ئەم کێشانەوە خوڵقاندن بکەین وسەیری نەتەوەکانی دیکە بکەین لە ناو کێشەکانیان و لە کارەساتەکانیان چییان خولقاندووەو چۆن وەبەرھێنانیان کردووە، بەڵام ئێمە ھیچ بەرھەم ناھێنین، چونکە ئەم کێشە دەدەینە دەست ئەو کێشە لەسەر کێشەکان تەنھا پاساوی بۆ دێنینەوە یا یەکتر تاوانبار دەکەین بێ بیرکردنەوە، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو پارادۆکسەیە کە لە بیرو بۆچونماندا ھەیە لە ئەنجامی ئەو کێشە قوڵە مێژووییەی کە بووە بەگرێ لەنێو فەزای سیاسی و کۆمەڵایەتیمان دا.

دواجار پێویستە ئەوە بڵێم ئێمە ئێستا لە ساتێکی مێژووی داین لە یادی ڕۆژێکداین کورد بەڵێی موقەدەسی کرد، ئیتر دوێنێ ئەگەر دووڕای جیاوازمان ھەبوو ئەوە بوو بەمێژوو،  کەمینەیەک  نەخێرو زۆرینە بەڵێ، گرنگ ئەوەیە ئێستا لە ئاستی فیکریدا چی بەرھەم بێنین، لە ئاستی سیاسیدا چۆن وەبەرھێنانی لەسەر بکەین. بۆ وەڵامی ئەم پرسەو ئەم پرسیارانە ئێمە نابێ ھەرگیز نائومێد بین، بۆیە بە پێویستی دەزانم بۆ ئەم مەبەستە بەشێک لە نامەکەی (مارتن ھایدگەر ) کەبۆ ھاوڕێ یەکی نوسیبووی بخەمە ڕوو کە دەڵێ: (ھاوڕێ لە ئێستادا ھەمووان بیر لە ئاوابوونی خۆر دەکەنەوە، بەڵام ئێمەی ئەڵمانی نابێت بکوژێینەوە و ئاوابین، لەبەرئەوەی ھێشتا ھەڵنەھاتووین، بەرلەوەی ھەڵبێین پێویستە شەو تێپەڕێنین)

بۆیە ڕێفراندۆم ڕۆژی دەرکەوتنی ئێمەیە دەبێ بەردەوام بین تا شەو تێدەپەڕێنین ئەمەش بە بیرکردنەوەی دروست دەبێ نەک بە چەلەحانە و یەکتر سڕینەوە، دەبێ دروست قسە لەسەر ھۆکار و دەرەنجام بکەین بۆ ئەوەی خۆمان بۆ ئامانجەکە ئامادەکەینەوە.

تێبینی:
پوختەی سیمینارێکە بۆ قوتابیان و لاوان و ئافرەتان پێشکەشکراوە لە ئەنجامی گفتوگۆیەکی جیاواز ئەم بابەتە نوسراوە.