ڕیفراندۆم زامنی مافە زەوت کراوەکانی گەلی کوردە

5/18/2017 8:36:00 PM

7906 جار خوێندراوەتەوە

ئەحمەد گلی
+ -

ماوەیەكی زۆرە لەسەر زاری كەسایەتی سیاسی و لایەنە سیاسییەكان، قسە و باسێكی زۆر دەكرێت لەبارەی (ڕیفراندۆم) و سەربەخۆیی كوردستانەوە، هەندێك پشتیوانیی لێدەكەن و هەندێک لایەن و کەسانی نابەرپرس بەجۆرێ لێی دەڕوانن و شروڤەی دەکەن سەرۆک بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان وەك موزایەدە ئەو بابەتەیان جووڵاندووە، دەیانەوێت گیروگرفتە سیاسییەكان و قەیرانی ئابووریی كوردستانی پێ پەردەپۆش بکەن و لەبیری خەڵكی كوردستانیان ببەنەوە.
بەڵام ئەوانەی بەم جۆرە دەرواننە پرسەکە، کەپرسێکی نیشتیمانییە و دەریایەک خوێنمان لەپێناویدا داوە و سەدان ساڵە خەباتی بۆ دەکەین، ئامانجیان بەلاڕێدابردن و چەواشەکردنی ڕای گشتیە و بەهۆی کۆنەقینی نابەرپرسانیان کە بەڵێنیان داوە دەوڵەتی کوردی لەسەردەستی سەرۆک بارزانی ڕابگەینرێت لە ژێر ئاسمانەکەیدانەبن.
ئەو كەس و لایەنانەشی باوەڕیان بە مافی سەربەستیی و سەربەخۆی گەلەكەمانە لە بڕیاردان بۆ چارەنوسی خۆیان، بەردەوامن لە كار و زەمینەسازی و تەقەلا بۆ گەیاندنی گەلەكەمان بە خەون و ئامانجی لەمێژینەمان و بەڵێنێکە کەشتی سەربەخۆی دەبێت بگاتە کەناری ئارامی.
 ڕوونە لەئێستادا هەلومەرجی ناوچەیی و عەرەبی و نێودەوڵەتی گۆڕانكاریی گەورەی بەسەرداهاتووە لەهەمبەر مافەرەواکانی گەلی کورد، دەرفەتێکی زێرینە بۆ گەلی کورد کە پێداگری لەسەر مافەکانی خۆی بکات.
ناکرێت ئەم دەرفەتە زێرینە بکرێتە قوربانی چەند دەست و پێوەندێکی نەیارانی کورد و چەند گروپێکی بەرژەوەندی خواز، گرنگە هەمووهاوڵاتیان ئاگادربن ئێمەی کورد تاخاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ نەبین، سەروەریمان نییە و هەمیشە لەژێر هەڕەشەی وڵاتانی درواسێداین و هەرکە ئارەزویان بێت دەستوانن دەستدرێژی بکەنەسەرمان و خاوەنی سەرو ماڵی خۆمان نین.
پێشتر كە كورد داوای مافە ڕەواكانی خۆی دەكرد، بە ئاگر و ئاسن و وێرانكردن وەڵامی دەدرایەوە، دیكتاتۆرێكی بەهێزی وەكو سەدام حسێن بە یەك ملیۆن و سێ سەد هەزار چەكدار و بە تفاق و كەرەسەی جەنگیی زۆر و بە تەكنەلۆجیای جەنگیی پێشكەوتوو، بە ئابوورییەكی بە توانا و بە یارمەتی دارایی دەرەكی و پشتیوانیی سیاسی و دیپلۆماسی بەهێزی عەرەبی و نێودەوڵەتی تەقەلای بێدەنگكردنی دەداین، بەڵام لە ئێستادا ئەوعێراقەی پێشوو نەماوە لەڕووی سەربازیەوە لاوازن و دەیان کێشەی نێوخۆیان هەیە، لەنێوان شیعە و سوننە و سەرکردە شیعیەکان.
سوریا پێشوتر ڕژێمێكی بەعسی تا ڕادەیەك بەهێزبوو، جاروبار بەهێزی سەربازی و بۆ سەركوتكردنی كورد بە هانای دەوڵەتی عێراقەوە دەهات، لەئێستادا لەپێش چاومانە کە سوریا لە چ دۆخێکدایە.
 تورکیا و ئێران کە پێشوتر بەربەستی گەورەبوون لە پێش سەربەخۆییدا، لە ئێستادا بەهۆی بەرژەوەندی ئابوری و دیپلۆماسی نەرمیان تێدا بەدی دەکرێت و کاردانەوەکانیان بەوجۆرەنییە مەترسیبن لە هەمبەر سەربەخۆی کوردستان.
پێویستە سەرکردایەتی کوردی بوارنەدات ئەم دەرفەتە لەکیس بچێت و بکرێتە قوربانی، لەئێستادا هەلومەرج لە بەرژەوەندی گەلی کوردە و پەلەیەکی ڕەش دەبێت لە مێژوودا سەربەخۆی ڕانەگەیەنرێت.