وەك بارزان سەیری عەبابەیلێ دەكات...

5/17/2017 8:52:00 PM

17266 جار خوێندراوەتەوە

دلین عەلی
+ -

قەیرانی ئابووری هێشتا هەیە، بەڵام لەو لاشەوە ئەم قەیرانانە وای نەكردووە چۆك بەو پیاوە دابدەن لە خزمەت كردنی خەڵكی هەرێمی كوردستان بەبێ جیاوازی.

لە دەستپێكی ئەو قەیرانە ئابوورییە نێچیرڤان بارزانی هەر زوو بە خەڵكی كوردستانی ڕاگەیاند، ئەگەر ئیرادەمان بەهێز و قایم بێت دەتوانین هەموو كێشە سیاسی و ئابوورییەكان چارەسەر بكەین و تێیان پەڕێنین، ئەوەتا دەیبینین نیوەی زیاتری ئەو رێگا سەختەمان بڕیوە و خەریكە بەو ئەو ئاسۆیە دەگەین كە هەر زوو سەرۆكی حكومەت پێی وتین دوای سەختیەكان دەست کراوەیی  و فراوانی جارێکی تر ئاسویی روونە.

یەكێك لە مەرجی سەركەوتنی سەركردەی سیاسی بریتیە لە ڕاستگۆی و بەدەست هێنانی متمانەی خەڵكی خۆی، هەر كاتێک ئەو متمانەیە نەما پێم وایە مەیدانێك بۆ ئەو سەركردەیە نامێنیتەوە تا تیایدا سیاسەت بكات، ئەزموونی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی حكومەت لە چەند ساڵی رابردوو ئەوەی سەلماندووە كە چۆن بتوانێت متمانەی خەڵكی كوردستان بەدەست بهێنیت، هەڵبەت ئەمەش وەها كارێكی ئاسان نەبووە، وەك خۆی ووتەنی هەر تاڵێكی سپی كە لە سەری ئەو پەیدا بوووە  هۆكاری چەندین ساڵ ماندبوون و كاركردنە بۆ خزمەت كردنی خەڵكی،تا بتوانین ئەو متمانەیەی كە خەڵكی بە ئێمەی هەیە بیپارێزین.

بڕیاری خەرج كردنی نزیكەی(١١) ملیۆن دۆلار لەو قۆناغە بۆ كەمپی نوێی زانكۆی هەڵەبجە و بەشەناوخۆی شاری هەڵەبجە من پێم وایە سەركێشییەكی زۆری دەوێت كە ئەم پیاوە كردویەتی، چونكە ئەو بەر لەوەی ئەو بڕیارە بدات پێم وایە لە هەموو كەس زیاتر ئاگاداری دۆخی ئابوری هەرێمی كوردستانە، بەڵام هێشتا قەیرانەكان هەڵەبجەی بیری سەرۆكی حكومەت نەبردۆتەوە، ڕەنگە لە ئێستادا كەسمان بیرمان لای ئەوە نەبوبێت بڕە پارەیەكی وەها بۆ پایتەختی ئاشتی خەرج بكرێت، بەڵكو هەموومان خەیاڵمان لای مووچە و سەری مانگ بێت، بەڵام خەیاڵی ئەم پیاوە بەسەر خەیاڵدانی هەموومان پازیدا و ووتی نا من هێشتا هەڵەبجەم لە یادە هەتا قەیرانیش بێت، كاتێک سەرۆكی هەرێمی كوردستان ووتی هەڵەبجە دەكەین بە پارێزگا و كردیشی، خەڵكی پێیان وابوو كارێكی نەكردەیە، ئێستاش خەریكە نێچیرڤان بارزانی بەم بڕیارە حەكیمانە و بەجێیەی خەرمان و جێ دەستی خۆی لە ئاوەدان كردنەوەی زیاتری ئەو شارە دەنەخشێنێت.

ئاخر خۆ بەس هەڵەبجە نیە، بیرمە كاتێک ئەو پیاوە سەردانی گەرمیانی كرد و دروستكردنی خانووی بۆ هەموو كەسوكاری ئەنفال كراوان كردە دیاری، گەرمەی دروست كردنی بەربەستی سیاسی و ئیداری بوو لە زۆنی سەوز و نیلی بۆ سەرۆكی حكومەت، بەڵام هێشتا سەرۆكی حكومەت نەوەستا و كەسوكاری ئەنفال كراوەكانی كردە خاوەنی خانووی خۆیان، كە تا ئەوكات بەشێكی زۆریان لە كەلاوە دەژیان. سەرۆكی حكومەت بەم خزمەتكردنەی گەرمیانیەكان ئەو هەستەشی لای بەرپرسانی ئەو ناوچەیە دروست كرد دەكرێت خزمەتی خەڵكی خۆمان بكەین بێ ئەوەی بپرسین سەر بە كام حزب و لایەنن.

من وەك تاكێكی ئەم هەرێمە خاڵی بەهێزی ئەو پیاوە لەوە دەبینمەوە وەك چۆن سەیری گوندی بارزان دەكات، بەهەمان چاویش سەیری گوندی عەبابەیلێ دەكات، وەكچۆن  دهۆك و هەولێری خۆشدەوێت، ئاواش سلێمانی و گەرمیانیشی خۆشدەوێت، ئەوە من نایلێم بەڵكو هەنگاوەكانی بۆ خزمەتكردنی هەموو شار و دێیەكانی كوردستان بەبێ جیاوازی گەواهی ئەوە دەدەن، كە كەمپی نوێ زانكۆ لە هەولێر قەرارە دروست بكرێت، ئێ ئەوەتا لە هەڵەبجەش بڕیاری دا دروست بكرێت، مادەم بەشە ناوخۆی تازە بۆ هەولێر دروستكراوە، ئێ خۆ لە كۆیەش دروستی كردووە و خەریكە لە هەلەبجەش دەکرێت، مادەم خانوو بۆ كەسوكاری شەهیدان و ئەنفال كراوەكانی سنوری هەولێر و هۆك بونیاتنراوە، سەرۆكی حكومەت ووتی دەبێت بۆ سنوری گەرمیان و سلێمانیش بونیات بنێت و كردی.

وەك نوسەرێك پێم وایە ئەگەر زەمینەی سیاسی و ئیداری لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لە بار بوایە هاوشێوەی هەولێر و دهۆك، ئێستا ئەو دوو شارە بە ئەندازەیەك ئاوەدان كرابوونەوە كە خەڵكی خۆشیان چاوەڕێیان نەدەكرد، سەرباری ئەوەش هێشتا ئەم پیاوە باز بەسەر ئاستەنگەكان دەدات و لەسەر بەرد نەخش دەردەهێنێت، چونكە ئەنجامدانی یەك كار لەو سنورەی باسم كرد وەك ئەوە وایە لەسەر بەرد نەخش بكێشیت. ئێتر من پێم وایە ئەوەی لە كۆتایدا دەمێنێتەوە ئەو خزمەتكردنانەیە، چونكە خەڵكی هەڵەبجە و گەرمیانی شایەنی زۆر زیاتر خزمەتكردنن لەوەی بۆیان كراوە، ئەگەر قەرارە پێشبڕكێ بكەین با لەسەر خزمەتكردنی خەڵكی خۆمان بكەین، نەك دەسكەوت و مەكسەبی حزبی.