عێراق چۆن دەگاتە مۆندیال؟

PM:03:01:13/10/2025

476 جار خوێندراوەتەوە

+ -

عێراق لە بەردەم هەلێکی مێژوویدایە بۆ گەیشتن بە مۆندیال پاش 40 ساڵ بەڵام رێگەکەی ئاسان نابێت.

هەڵبژاردەی عێراق پێشتر تەنها یەکجار بەشداری لەو پاڵەوانێتییە کردووە ئەویش لە مۆندیالی مەکسیکی ساڵی 1986 بوو، لە ئێستاشدا ئەگەری هەیە دووبارە لەو وڵاتە بەشداری پاڵەوانێتییەکە بکاتەوە چونکە مەکسیک یەکێک لە وڵاتە میواندارەکانی مۆندیالی 2026.

شەوی سێ شەممە هەڵبژاردەی عێراق لە شاری جەددەی سعودیە رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە دەبێتەوە، شێرەکانی رافیدەین سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ سعودیە بەهاوبەشی خاوەنی سێ خاڵن لە پاڵاوتنەکان بەڵام چونکە سعودیە گۆڵی زیاتری تۆمارکردووە پێویستە یارییەکە ببەنەوە، تا بەشێوەیەکی راستەوخۆ بگەنە مۆندیال.

تیپەکەی ئاڕنۆڵد، ئەگەر یەکسانبێت یاخود شکستبهێنێت رووبەڕووی یەکێک لە هەڵبژاردەکانی ئیمارات یان قەتەر یاخود عومان دەبێتەوە، پێویستە ئەو یارییەش بباتەوە پاشان دەچێتە پاڵاوتنی پلەی ئۆفی جیهانەوە کە شەش هەڵبژاردەی تێدا دەبێت.

لەو شەش هەڵبژاردەیەش، دوو هەڵبژاردەی کە لە ریزبەندی فیفا لە پێشەوەن بە شێوەیەکی راستەوخۆ سەردەکەون بۆ مۆندیال، چوار هەڵبژاردەکەی تریش رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە و براوەکانیان دەگەنە مۆندیالی 2026.

بۆ شەوی سێ شەممەش، چاوەڕێی یارییەکی بەهێز دەکرێت چونکە هەردوو هەڵبژاردەی سعودیە و عێراق کێبڕکێیەکی مێژووی لەنێوانیاندا هەیە، پێشتر 37 یارییان بەرامبەر یەکتر ئەنجامداوە، عێراقییەکان خاوەنی 17 بردنەوەن، لە بەرامبەردا سعودیە 11 بردنەوەی هەیە و نۆ یاریش یەکسانبوون.