چ کاتێک گونجاوە بۆ فڕێدانی جلی ژێرەوە؟

AM:09:17:13/07/2021

24364 جار خوێندراوەتەوە

پسپۆرانی بواری مۆدە ئاماژە بەوەدەکەن، جلەکانی ژێرەوە وەک جلەکانیتر نین نمونە وەک پانتۆڵی کاوبۆ نییە بۆ چەند ساڵێک بەکاریبهێنیت، هەر بۆیە پێویست دەکات لە دوای ماوەیەکی کەم پۆشاکی ژێرەوە فڕێبدرێت و پۆشاکی نوێ بکڕدرێت.

ماڵپەڕی فۆشیا لەو بارەیەوە نوسیوویەتی، ئەو ماددەیەی کە پۆشاکی ژێرەوەی لێ دروست دەکرێت بەرگەی ماوەیەکی زۆر ناگرێت، دەبێت لە دوای شەش بۆ نۆ مانگ فڕێبدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین ڕای جیاواز هەیە سەبارەت بە ماوەی فڕێدانی پۆشاکی ژێرەوە.

ئاماژە بەوەکراوە، فڕێدانی پۆشاکی ژێرەوە دەکەوێتەوە سەر ئاستی ڕاگرتنی پاکوخاوێنی و چۆنێتی هەڵگرتنەکەی، چونکە بە تێپەڕبوونی کات میکرۆب و بەکتریا لەسەریان کۆدەبێتەوە.

چارڵز جیربا پزیشک و مامۆستای زیندەوەرزانی لە زانکۆی ئەریزۆنا رایگەیاندووە، پۆشاکی ژێرەوە زۆرکات پیسای لەسەر کۆدەبێتەوە کە دەبێتە ژینگەیەکی لە بار بۆ میکرۆبەکان، بەڵام ماوەی بەسەرچوونی دەکەوێتە سەر جۆرییەتی قوماش و دروستکردنەکەی.

تارانە شیرازیان پزیشکی ژنان لە زانکۆی نیویۆرک لانگۆن هێڵس کاردەکات ئاشکرایکردووە، بەڵگە زانستییەکان ئەوەیان خستووەتە ڕوو پۆشاکە کۆنەکانی ژێرەوە مەترسی توشبوونی خانمان بە میکرۆبی میزەڵدان و ئەندامی زاوزێ زیاتر دەکات.

ئەو پزیشکە جەختی لەوە کردووەتەوە، پۆشاکی ژێرەوە پەیوەندیی بە ئاستی کۆنبوونییەوە نییە، بەڵکو بە ئاستی پاکڕاگرتن و قەبارەکەی و قورسی و جۆرییەتی قوماشەکەیەوە هەیە.