منداڵێکی هیندی تەمەن ١٢ ساڵ بەدەست نەخۆشییەکی
دەگمەنەوە دەناڵێنێت ئەویش نەرمبوونی ئێسکەکانی جەستەیەتی، بە جۆرێک کەس ناوێرێت دەستی
لێبدات کە ئەگەری هەیە ئێسکی بشکێت.
بەگوێرەی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، رۆهیتی
تەمەن ١٢ ساڵبەدەست ئازاری شکانی ئێسکەکانی جەستەیەوە دەناڵێنێت، لەگەڵ ئەو ئازارەی
کە هەیەتی بەردەوام زەردەخەنە لەسەر لێوانییەتی.
رۆهیت بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە ناتوانێت بە تەنیا
ئەرکەکانی ژیانی رۆژانەی بەجێبهێنێت، هەر بۆیە دایکی یارمەتی دەدات، تەنیا چەند
کارێکی بجوک نەبێت بەبێ هاوکاری کەس دەیکات وەک شۆردنی ددانەکانی.
بەپێی پزیشکەکانی ئەو منداڵە ١٠٠ ئێسکی جەستەی
شکاوە، ئەمەش بە تێکرایی دەکاتە نۆ ئێسک لە ساڵێکدا، ئێسکی جەستەی بە جۆرێک نەرمە
کە ئەگەر دەستی لێبدەیت ئەگەری هەیە بشکێت، هەر ئەمەش وایلێکردووە نازناوی
"کوڕە شوشەکە"ی لێبنرێت، بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە ناتوانێت بچێتە خوێندنگە،
بەڵام بە یارمەتی خوشکە گەورەکەی فێری خوێندن و نوسین بووە، چونکە دوو خوشکی لەخۆی
گەورەتر هەیە.
روهیتی تەمەن ١٢ ساڵە خەونی هەیە و دەیەوێت کە
گەورەبوو ببێت بە گۆرانیبێژ، هەروەک وتوویەتی "نایەڵم نەخۆشییەکەم رێگە لە خەونەکەم
بگرێت"، ئەگەرچی چارەسەری نەخۆشی نەرمبوونی ئێسک نییە، ئەو کەسانەی بەدەست ئەم
نەخۆشییەوە دەناڵێنن دەرمانی پتەوبوونی ئێسک دەخۆن، لەگەڵ ئەوەشدا دەرمانی نوێ بەرهەمهێنراوە
بەڵام تاکو ئێستا لە وڵاتەکەی ئەم منداڵەدا بەردەست نییە و تێچووی زۆرە.
ئ.ل