ئایا گروپی BTS هەڵوەشاوەتەوە؟

PM:09:05:17/06/2022

4932 جار خوێندراوەتەوە

چەند رۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵی هەڵوەشاندنەوەی گروپی BTSی کۆری بڵاوکراوەتەوە، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەندامانی ئەو گروپە تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتی پشوو وەردەگرن و کارەکانی گرووپەکەیان وەستاندووە.

ماڵپەڕی جەزیرە لەو بارەیەوە نوسیوویەتی، لە نۆیەمین ساڵی دامەزراندنی گروپی BTSدا ئەندامەکانی ئەو گروپە رایانگەیاندووە، بە شێوەیەکی کاتی و بۆ ماوەیەکی نادیار کارەکانی گروپەکە رادەگرن و زیاتر تەرکیز دەخەنە سەر ژیانی هونەرییان بە شێوەی تاک.

کی بۆب ئەندامێکی گروپە موزیکییە لە گرتە ڤیدیۆیەکدا وتوویەتی "بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕین، بەڵام بە بەهێزییەوە دەگەڕێینەوە".

شوگای تەمەن ٢٩ ساڵیدا ئەندامێکی گروپەکە لە لایڤی چەناڵی یوتیوبەکەی بە فەرمی رایگەیاندووە "ئێمە لەم ماوەیەدا وەستاوین".

کۆمپانیای هایبی کە کارەکانی ئەو گروپە بەرێوەدەبات ئاشکرایانکردووە، گروپەکە لە کارکردن نەوەستاون وەک گروپ و تاک دەردەکەونەوە.

لە راگەیەنراوەکەی کۆمپانیاکەدا هاتووە، ئەندامانی گروپەکە بەشێوەیەکی گشتی و لە ئێستادا کار لەسەر ئیشی تاک دەکەن.

لەلایەکی ترەوە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەری هەیە هۆکاری دورکەوتنەوەی ئەم گروپە لە کارەکانیان بۆ ماوەیەک بگەڕێتەوە بۆ خزمەتی سەربازییان لە کۆریای باشور، بەتایبەت شوگا کە گەورەترین ئەندامی گروپەکەیە و تەمەنی بۆ ماوەی سەربازی دەبێت، رەنگە دوو ساڵ خزمەتی سوپا بکات.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵەدا هەوادارەکانی گروپەکە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە و دەترسن وەک گروپی (One Direction) کە لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٦ رایانگەیاندبوو بۆ ماوەیەک پشوو وەردەگرن و دەگەڕێنەوە، بەڵام تاکو ئێستا ئەو گروپە نەگەڕاوەتەوە.

بی تی ئێس "BTS" گرووپێکی میوزیکی کۆریای باشوورە، لە حەوت ئەندام پێکهاتووە لە ٢٠١٠ لە سیئۆل دامەزراوە، ئەندامانی بریتین لە جین، شوگا، ج-هۆپ، ئاڕ ئێم، جیمین، ڤی و یۆنگکوک، لەگەڵ ئەوەشدا یەکەم گروپی میوزیکی کۆریایە کە یەک ملیۆن کۆپی لە ئەلبوومێکیان بفرۆشرێت، یەکەم گرووپی کۆریا بوو لە ٢٠٢٠ لەرێگەی گۆرانی 'Dynamite' هەڵبژێردرابێت بۆ خەڵاتی گرامی، لە هەمان کاتدا براوەی چەندین خەڵاتی میوزیکین، وەک شەش خەڵاتی میوزیکی ئەمریکی و ١٢ خەڵاتی میوزیکی بیلبۆرد.

ئ.ل