٢٠٦ بەرد لە گورچیلەی پیاوێکدا دەرهێنرا

PM:10:19:22/05/2022

4768 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی پیاوێک لە باشوری هیندستان بۆ ماوەی شەش مانگ ئازاری بەردەوامی لە رانیدا هەبووە، پشکنینی پزیشكی دەریخست ٢٠٦ بەرد لە گورچیلەی چەپیدا هەیە.

رۆژنامەی ئیندپێندنتی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئەو پیاوە کە دانیشتووی شاری حەیدەر ئابادە لە ویلایەتی تيلانجانا بۆماوەی شەش مانگ ئازاری بەردەوامی لە رانیدا هەبووە، پزیشکەکان ٢٠٦ بەردیان لە رێگەی نەشتەرگەرییەوە لە گورچیلەیدا دەرهێناوە.

ئەو پیاوە سەردانی نەخۆشخانەی ئوێر گلان ئیگلزی کردووە و پزیشکەکان بەهۆی تای بەرزی نەخۆشەکەوە توانیویانە جۆری نەخۆشیەکەی دەستنیشان بکەن، ئەمەش دوای ئەوە هاتووە کە نەخۆشەکە دەرمانی هێورکەرەوەی ئازاری زۆر بەکارهێناوە و بۆ ماوەی شەش مانگ نەخۆشییەکەی پشتگوێ خستووە.

نافين كومار یەکێک لە پزیشکانی بەشدار لە نەشتەرگەرییەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، "هەندێک لە پشکنینە سەرەتاییەکان ئەوەیان دەرخست کە چەند بەردێک لە گورچیلەی چەپی نەخۆشەکەدا هەیە، بەڵام لە رێگەی پشکنینی سیتی سکانەوە دڵنیابووینەوە و لە نەشتەرگەرییەکی یەک کاتژمێریدا ٢٠٦ بەردمان لە گورچیلەی نەخۆشەکە دەرهێنا."

نەخۆشەکە تەنها یەک رۆژ لە نەخۆشخانەکە ماوەتەوە و دواتر گەڕاوەتەوە ماڵەوە، ئەو پزیشکە ئامۆژگاری هاوڵاتینیشیکرد بەردەوام ئاو بخۆنەوە بۆ پاراستنی سەلامەتی گورچیلەکانیان.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە رووداوێکی هاوشێوەدا لە دیلهی پایتەختی هیندستان ٨٥٦ بەردیان لە گورچێلەی هاوڵاتیەکی ٤٥ ساڵ دەرهێنرا.