کەشناسی نوێترین زانیاری لەبارەی خۆڵبارینەکەوە بڵاوکردەوە

PM:08:47:20/05/2022

23580 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی کەشناسی و چاودێریکردنی بومەلەرزەی عێراق رایگەیاند، دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە شەپۆلێکی خۆڵبارینی چڕ روو لە وڵات دەکات و بەربەیانی رۆژی سێشەممە وردە وردە کاریگەرییەکەی کەمدەبێتەوە. دەشڵێت، "لە هەریەک لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر پلەکانی گەرما چوار بۆ پێنج پلە دادەبەزن".

ئەمڕۆ هەینی، عامر جابری بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندنی دەستەی کەشناسی و چاودێریکردنی بومەلەرزەی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، شەپۆلێکی خۆڵبارینی چڕ روو لە وڵاتدەکات.

ئاماژەی بەوەشدا، وڵات دەکەوێتە ژێر کاریگەری بەرزە پەستانێک کەلە خۆرهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاستەوە لە دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، رۆژی یەکشەممە ئاسمانی وڵات ساماڵدەبێت و کەمێک تۆز لە هەوادادەبێت ولەبەشی خۆرئاوای وڵاتەوە وردە وردە دەست بەچڕبوونەوەی خۆڵبارین دەکات.

عامر جابری باسی لەوەشکرد، پلەکانی گەرماش دەست بەنزمبوونەوە دەکەن و بەرزبوونەوەی خۆڵبارینەکەش لە ٣٠ کیلۆمەترەوە بۆ ٤٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بەرزدەبێتەوە.

دەشڵێت، رۆژی دووشەممە خۆڵبارینەکە چڕتر دەبێتەوە و ئاستی بەرزییەکەی دەگاتە ٥٠ کیلۆمەتر لەکاتژمێرێکدا.

بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندنی دەستەی کەشناسی و چاودێریکردنی بومەلەرزەی عێراق ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە هەرێم خۆڵبارینەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر چڕتر دەبێت و پلەکانی گەرماش چوار بۆ پێنج پلە نزم دەبنەوە.

لە کۆتایی قسەکانیدا، عامر جابری بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندنی دەستەی کەشناسی و چاودێریکردنی بومەلەرزەی عێراق وتیشی،بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە وردە وردە کاریگەری خۆڵبارینەکە دەست بەلاوازبوون دەکات و بەگوێرەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواش پلەکانی گەرما بەردەوامدەبن لە دابەزین.

ر.ئ