ڤیدیۆ.. بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە کوڕێک ٢٠ ساڵە وەک کچ دەژی

PM:08:17:19/05/2022

11492 جار خوێندراوەتەوە

گەنجێکی سعودی بە درێژایی ٢٠ ساڵی تەمەنی وەک کچ ژیاوە و لە جەستەی کوڕێکدا بووە، پشکنینێکی پزیشکی تەواوی ژیانی هەڵدەگێڕێتەوە و دەردەکەوێت ئەم گەنجە هیچ کاتێک مێ نەبووە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی ئیماراتی ئەمڕۆ، رەندە لەکاتی لەدایکبوونیدا لە نەخۆشخانەیەکی حکومی لەدایکبووە و ئەندامی نێرینەی شێواوبوون، هەر بۆیە پزیشکەکان لەو کاتەدا رەگەزەکەیان بە روونی نەزانیوە و وەک رەگەزی مێ هەژماریان کردووە.

لەو کاتەوە ماوەی ٢٠ ساڵە رەندە وەک کچ ژیاوە و لە خوێندنگەی کچان خوێندویەتی و هاوڕێکانی کچن، بەڵام بە درێژایی ئەو ماوەیە هیچ نیشانەیەکی مێینەبوونی تێدا نەبووە و گەشەی نەکردووە، هەر بۆیە خێزانەکەی دووبارە لە نەخۆشخانە پشکنینیان بۆ کردووەتەوە، ئەنجامی پشکنینەکان توشی شۆکی کردوون، دەرکەوتووە رەندە لە بنەرەتدا نێرە نەک مێ.

لە دوای زانینی رەگەزی رەندە کە ئێستا ناوەکەی کراوە بە رائید رایگەیاندووە، بەردەوام هەستی کردووە شتێکی ناسروشتی لە جەستەیدا هەیە یان کەسێک راستی لەگەڵدا نەکردووە، هەروەک وتوویەتی "لە دوای ئاشکرابوونی پشکنینەکەم ژیانم هاتووەتەوە خاڵی سفر، ناوی نوێ و ناسنامەی نوێ، تەنانەت ئێستا هاوڕێ و کەسی نزیکم نییە".

خێزانی ئەو گەنجە سکاڵایان لەسەر وەزیری پێشووی تەندروستیی سعودیە بەرزکردووەتەوە و لە هەمان کاتدا داوایان کردووە لێکۆڵینەوە لەم رووداوە و کەمتەرخەمی پزیشکەکان بکرێت، ماوەی شەش مانگ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەسەر ئەو رووداوە کراوە، بەڵام بێ ئەنجام بووە.

عەبدوڵا شیبیلی باوکی رائید ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەرەتای لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ بەرپرسانی تەندروستیی کە ماوەی شەش مانگی خایاندووە پێیان راگەیاندوون، هیچ بەڵگە و مەلەفێک یان ئەو کەسانەی بەرپرسبوون لە کاتی لەدایکبوونی رائیددا نەماون، یان مردوون یان وڵاتیان بەجێهێشتووە.

ئەو باوکە روونیکردووەتەوە، پزیشکێکی بەریتانی هەیە دەتوانێت نەشتەرگەریی شێواوی ئەندامی نێرینەی کوڕەکەیان بکات، بەڵام بەرپرسانی وڵات رێگە بە کوڕەکەیان نادەن گەشت بکات، تا ئەو کاتەی ناسنامەی نوێی بۆ دەردەهێنرێت و وەک نێر ناسنامە و باری شارستانی بۆ دەردەهێنرێت و لە جێگەی رەندە دەبێتە رائید، لە هەمان کاتدا دەبێت پەراو و رێگەپێدانی پزیشکی هەبێت بۆ چارەسەرکردنی لە دەرەوەی وڵات.

ئ.ل