ئامادەکردنی تەپسی باینجان

PM:12:47:19/05/2022

1724 جار خوێندراوەتەوە

تەپسی یەکێکە لە خواردنە بەتامەکان و ئامادەکردنی کەمێک کاتی دەوێت، جگەلەوەش شێوازی ئامادەکردنی جیاوازی هەیە.

لێرەدا چۆنییەتی ئامادەکردنی تەپسی بە باینجان دەخەینە ڕوو:

پێداویستییەکانی:

یەك كیلۆ باینجان

نیو كیلۆ گۆشت

دۆشاو

سێ سەلك پیاز

نیو كیلۆ تەماتە

یەک دەسك كەرەوز

دوو بیبەری‌ سەوز

سیر بەپێی ئارەزوو

خوێ‌

بەهارات

ئامادەکردنەکەی:

سەرەتا باینجانەکان پاکدەکرێت و قاش قاش دەکرێت و دەخرێتە ناو ئاو و خوێوە بۆ ماوەی نیو کاتژمێر، دواتر دەشۆرێتەوە ئەمەش بەمەبەستی نەمانی تاڵی باینجان و کەمتر هەڵمژینی ڕۆن.

گۆشتەکە لەگەڵ بڕێک ڕۆن و پیازدا سوردەکرێتەوە، دواتر کەمێک ئاوی تێدەکرێت و لەکۆتایدا بەشێک لە ئاوەکەی جیادەکرێتەوە.

تەواوی کەرەستەکانی تر بەشێوەی بازنەی لەت دەکرێت و لەناو ڕۆندا سوردەکرێنەوە، جگە لە تەماتەکە.

کەرەستەکان لەناو تاوەیەکی قوڵدا چین چین دادەنرێن و تەماتەکەش بەشێوەی قاش قاش دادەنرێت، دواتر گۆشتەکە و سیری جنراو، کەرەوزی جنراو، بەهاراتەکانی تێدەکرێت، لە قاپێکدا کەمێک خوێ و ئاوی گۆشتەکە لەگەڵ دۆشاوەکە تێکەڵدەکرێت و دەکرێت بەسەریدا.

دەخرێتە فڕنەوە بۆماوەی ٣٠ خولەک لەناو فڕندا دەبێت تا خەست دەبێتەوە، یاخود دەخرێتە سەر ئاگرێکی هێواش، لەدوای هەڵچنینی ئاوەکەی و خەستبوونەوەی لەگەڵ برنج و دۆ پێشکەش دەکرێت.