دانانی مەرجێکی نەشیاو بۆ دامەزراندنی کچان لە وڵاتێكدا هەرای ناوەتەوە

PM:01:29:29/01/2022

25264 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کار لە ئیتاڵیا لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە لەبارەی ریکلامێکی دامەزراندنەوە کە تووڕەیی و کاردانەوەیەکی زۆری بەدوادا هاتووە بەهۆی ئەوەی مەرجێکی سەیری ناوەتەوە.

کۆمپانیایەك لە ریکلامێكدا بۆ دۆزینەوەی کارمەندی گونجاو داوایکردووە کە ئەو کچانەی کە سی ڤی دەنێرن لەگەڵیدا وێنەی خۆیان بە جلی مەلەوە بنێرن، وەك لە هەواڵێکی ئاژانسی سپۆتنیكدا باسکراوە.

هەروەها مەرجی ئەوەی داناوە کە ئەم کارە تەنها ئەو کچانە دەگرێتەوە کە تەمەنیان ٣٠ ساڵی تێنەپەڕاندووە، کە دەبێت شێوەیەکی جوانیان هەبێت، خاوەنی ئۆتۆمبێل بن، ئینگلیزی باش قسەبکەن.

دەقی ریکلامەکەش بەم جۆرە نوسراوە، "داوا دەکەین وێنەیەکی باڵای خۆت بە جلی مەلە یان شتێکی لەو جۆرەوە بنێریت".

هەرچەندە کۆمپانیاکە بە زوویی ریکلامەکەی وەستاند، بەڵام نەیتوانی رێگری لەوە بکات کە بە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوببێتەوە و ببێتە مایەی توڕەیی.

دوای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەش کۆمپانیاکە وتوویەتی، ئەو ریکلامە بەهۆی هەڵەی کارمەندێكی بێ ئەزموونەوە دانراوە، دانی بەوەدا ناوە کە مەرجی جلی مەلەکە نەگونجاو بووە.