ژنێک دوای ١٧ ڕۆژ لە هاوسەرگیریی بەهۆی هاوڕێکانییەوە داوای جیابوونەوە دەکات

AM:08:40:29/01/2022

10044 جار خوێندراوەتەوە

ژنێکی میسری بە ناوی ئامینە دوای تێپەڕبوونی ١٧ ڕۆژ بە سەر هاوسەرگیرییەکەی، لە دادگای وڵاتەکەی داوای جیابوونەوەی تۆمارکردووە، چونکە مێردەکەی ئازادییەکانی تەسک کردووەتەوە و رەفتاری لەگەڵ هاوڕێکانیدا خراپ بووە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی وەتەنی میسری، ئامینە لە دادگا ئاشکرایکردووە هاوسەرەکەی دوای تێپەڕبوونی ئاهەنگی گواستنەوەیان گۆڕاوە، بە جۆرێک ڕێگەی نەداوە لەگەڵیدا بچێتە دەرەوە و پێی راگەیاندووە توشی حەرام دەبێت و خەڵکی سەیری دەکەن، هەرچەندە هەوڵی زۆری لەگەڵ مێردەکەی داوە بەلام بێسوود بووە.

ئەو ژنە روونیکردووەتەوە، کاتێک هاوڕێ کچەکانی بۆ پیرۆزبایی سەردانی کردوون، ڕەفتاری هاوسەرەکەی لەگەڵ هاوڕێکانی جوان نەبووە، تەنانەت بە یەکێک لە هاوڕێکانی ژنەکەی وتووە "ناکرێت هەر کەسێک لە چ کاتێکدا پێی خۆشبوو سەردانی ماڵم بکات، تکایە ئەمە دووبارە مەکەنەوە"، بەمکارەی هاوڕێکانی ژنەکەی گریاوە و لە ماڵ چوونەتە دەرەوە، بەوهۆیەوە شەڕ و دەمەبۆڵەی زۆر لە نێوان ڕوویداوە، دوای ئەوەی هاوسەرەکەی داوای لێبوردنی لە هاوڕێکانی ژنەکەی کردووە نێوانیان باشبووەتەوە.

ئەو ژنە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکردووە، کاتێک ویستوویەتی لەگەڵ هاوڕێکانی بچێتە دەرەوە، بەڵام مێردەکەی ڕێگریی لێکردووە و پێی وتووە "تۆ شووت کردووە و ئێستا تەنیا موڵکی منی و نابێت چیتر هاوڕێکانت ببینت، دەبێت پەیوەندییان لەگەڵدا بپچڕێنیت"، ئامینە هەوڵی زۆری لەگەڵ مێرەکەیداوە کە ئازادییەکانی تەسک نەکاتەوە و حەز بە چوونە دەرەوە لەگەڵ هاوڕێکان و کەسە نزیکەکانیدا دەکات، بەڵام بێ سوود بووە.

مێردەکەی پێی راگەیاندووە، ئەگەر لەگەڵ هاوڕێکانت بچیتە دەرەوە و پەیوەندیت لەگەڵیاندا بمێنێت ئەوا لێت جیادەبمەوە "تەڵاق دەدەم"، لە کۆتاییدا ژنەکە داوای جیابوونەوەی کردووە کە چیتر ناتوانێت بەرگەی ئەو جۆرە ژیانە بگرێت، هاوسەرەکەی رەتی کردووەتەوە لێی جیابێتەوە، بەڵام ئامینە سوربووە لەسەر بڕیارەکەی و ماڵەکەی بەجێهێشتووە و لە دادگا داوای جیابوونەوەی تۆمارکردووە.