دوو کرێکار لە ویلایەتی ماینی ئەمەریکی پیاوێکیان رزگارکرد دوای ئەوەی بینیان
قۆڵە قرتاوەکەی هەڵگرتووە و بە شەقامێکدا رادەکات.
ماری ئان برینشیك، بەڕێوەبەری کاری گشتی لە شاری لویستۆن وتوویەتی، "ئەوەی
روویدا کاری خوا بوو، چونکە ئەو دوو کرێکارە بەیەکەوە لەسەر شۆستەیەك کاریان دەکرد"،
وەك لە هەواڵێکی ماڵپەڕی " the sun journal"دا
باسکراوە.
شایەدحاڵەکانیش وتوویانە، قۆڵی ئەو پیاوە لە نزیك شانییەوە قرتاوە لە
روداوێكدا کە پێدەچێت لە شوێنی کارەکەی روویدابێت.
ئەو کرێکارانە پەیوەندیان بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنەوە کردووە و لە ماوەی
چاوەڕوانیدا بەشێك لە فریاگوزارییە سەرەتاییەکانیان بۆکردووە.
هەروەها پۆلیس لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە کردووە و وتوویەتی کە ئەو پیاوە لە
نەخۆشخانەیە و واچاوەروان دەکرێت کە رزگاری ببێت، بەڵام تاوەکو ئێستا نەزانراوە کە
ئایا پزیشکان دەتوانن دووبارە قۆڵی ببەستنەوە یان نا.