شەش هۆکار بۆ ئەوەی چا نەدەیت بە منداڵەکەت

PM:06:37:23/11/2021

4592 جار خوێندراوەتەوە

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان ئاشکرایکردووە، هەوڵبدە بەلایەنی کەمەوە تا ٦ ساڵ چا نەدەیت بە منداڵەکەت، ئەگەر دوای ئەو تەمەنە و پێش ئەو تەمەنەش چات پێدا تکایه با کاڵ بێت و شەکری زۆر کەم بێت یان هەر تێیدا نەبێت.

پشدەر عەبدوڵا ئیسماعیل پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان سەبارەت بە هۆکاری ئەوەی نابێت چا بدرێت بە منداڵ ڕوونیکردووەتەوە:

۱- لەبەر ئەوەی چا بڕێکی زۆر کافاینی تێدایە، کەواتە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و دروستکردنی دوودڵی، دڵەڕاوکێ و چالاکبوونی منداڵەکە بۆیە کێشە بۆ خەوی منداڵەکە دروست دەکات.

۲- چۆن لە گەورە کاریگەریی هەیە و سەر ئێشە دروست دەکات ئەگەر ڕۆژێک نەتوانیت بیخۆیتەوە بەهەر هۆیەک، ئەوە لە منداڵیش دوای فێربوونی ئەگەر ڕۆژێک نەیخواتەوە ئەوە تووشی سەرئێشەو توڕەبوون دەبێت.

۳-ئەگەر لە جیاتی کوپێک چا کوپێک شیری پێبدەیت، ئەوا وزەیەکی زۆرتر و تەندروستر دەبەخشێت بە منداڵەکە چونکه گەدەی منداڵ بچووکە، بۆیە لەوانەیە بە چاکە بڕێکی زۆر گەدەی داگیربکات و نەهێڵێت جێگەی خواردنی سوودبەخشی تر ببێتەوە.

٤- لەبەر ئەوەی منداڵ بڕێکی زۆر شەکر دەکاتە چایەکەوە بۆیە زیانێکی زۆر بە ددانەکانی دەگەیەنێت.

٥- لەبەر ئەوەی چا وەکو دەرمانی میزپێکەر ئیش دەکات بۆیە دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی بڕێکی زۆر کالسیۆم لە میزدا.

٦-زۆربەی کات کێشەی گەدە وەک دڵەکزێ بۆ منداڵ دروست دەکات.

ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەکردووە، هەندێک سەرچاوە دەڵێن کە چا دەبێتە هۆی کەمتر هەڵمژینی ماددەی ئاسن لە ڕیخۆڵەکاندا و دواتر دەبێتە هۆی کەمخوێنی، بەڵام هەندێک سەرچاوە ڕەتی دەکەنەوە کە هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە هەبێت.

ئ.ل