چەند هونەرمەندێکی خوزستان بەشێوازێکی جیاواز ناڕەزایەتی دژی کەمئاوی دەردەبڕن

PM:09:39:23/07/2021

1888 جار خوێندراوەتەوە

عەلی غەمساری و چەند میوزیسیانێکی هاوڕێی لەڕێگەی هونەرەکەیانەوە دەیانەوێت دەنگیان بگەینن بە جیهان و بەشێوەیەکی جیاواز بەرجەستەی ئەو کەم ئاوییە بکەن کە ڕوبەڕوی ناوچەکەیان بووەتەوە.

خوزستان وەک دوایەمین پارێزگای ئێران تەماشا دەکرێت لە کۆی ٣١ پارێزگا، پارێزگاکە دەکەوێتە باشوری وڵاتەوە و هاوسنورە لەگەڵ عێراقدا، نزیکەی ١٠ ڕۆژ دەبێت خەڵکی ناوچەکە ڕوبەڕووی کەم ئاوی بوونەتەوە و خەڵکی خۆپیشاندانیان دژی کەمی خزمەتگوزاری و کەمئاوی کردووە و داوای مافەکانیان کردووە، بەڵام هیچ وەڵامێکی ئەرێنی نەدراونەتەوە لەلایەن بەرپرسانی ناوچەکەوە، لەبری ئەوەش بە شێوەیەکەی خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە.

جیاواز لەمە چەند میوزیسیانێکی ناوچەکە لەڕێگەی هونەرەوە دەیانەوێت گوزارشت لەو بارودۆخەکە بکەن. هونەرمەندەکە لە یوتیوبی تایبەتی خۆی پارچە میوزیکێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، "خراپ بەڕێوەبردنی ناوچەکە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە وای کردووە ئەم پارێزگا دەوڵەمەندەی نزیکە لە ڕووبار تووشی قەیرانی ئاو و بژێوی ژیان ببێت، دەیانەوێت خەڵکی ئەو شارانەی پڕن لە سەرچاوەی نەوت و ئاو و گاز خۆیان لە سەرەتاییترین پێداویستییەکان بێبەش ببن، من وەک مرۆڤێک ناتوانم لە بەرامبەر ئەو کەم و کورتییانەدا بێدەنگ ببم."

لەکارەکەدا دەبەی بەتاڵ بووەتە یەکێک لە ئامێرە موزیکییەکان و موزیسیانەکان بەپێی پەتی لەسەر زەوییە شەقبردووەکە پێرفۆڕمانس دەکەن، چاوەڕێی زۆریان لە هونەرەکەیان هەیە دەنگیان بگەیەنێت بە جیهان.

هاوشێوەی ئەمەش لە وڵاتانی جیهاندا زۆرن و موزیسیانەکان لە رێگای موزیکەکەیان دەنگی نارەزایەتی دەگەیەنن، لە نموونەی ئەوەش، ساڵی رابردوو بە سەدان موزیکژەن لە بەریتانیا هاتنە سەر شەقام و بە پاراستنی دووری کۆمەڵایەتی نێوانیان پێکەوە ژەنینێکیان لەسەر شەقامێکی گشتی ئەو شارەدا ئەنجامدا و داوای هەڵگرتنی رێکارەکانی کەرەنتینەیان دەکرد و دەیانوت کەرەنتینە بووەتە هۆی بێکاربوونیان و کۆنسێرت و لایڤ موزیکیان نەماوە.