پەیامنێری تەلەفزیۆنێکی ئەڵمانی دەرکراوە دوای ئەوەی کە ڤیدیۆیەکی گیراوە
قوڕ لەسەری خۆیدەدات، پێش تۆمارکردنی ڕاپۆرتێکی تەلەڤزیۆنی و پاشان لە ڕۆماڵدا
بانگەشەی هاوکاریکردنی خەڵک و پاککردنەوەی ئەو ناوچەیەی کردووە.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی دەیلی مەیلی بەڕیتانی، پەیامنێرێک بەناوی سوزانا ئۆهلن
کە تەمەنی ٣٩ ساڵە، لەکاتی ڕۆماڵکردنی لافاوەکانی ئەم دواییەی ئەڵمانیا لە شاری
باد میونشەرفیل لەپێش دەستپێکی گواستنەوەی زانیارییەکان بۆ بینەرەکانیان قوڕی داوە
لەسەری خۆی بۆ ئەوەی وا دەری بخات کە هاوکاری خەڵکی کردوە و یارمەتیدەر بووە لە
پاککردنەوەی ناوچەکە.
هەواڵەکە باس لەوەش دەکات دوابەدوای ئەوەی ڕاستیەکان ئاشکرابوون بەهۆی تۆمارێکی
ڤیدیۆییەوە کە دەرخەری ئەوە بووە خۆی قوڕاوی دەکات، ئەو کەناڵەی کاری بۆدەکرد بڕیاری
دەرکردنی پەیامنێرەکەیان داوە و ڕایانگەیاندووە "ئەوەی کە پەیامنێرەکە ئەنجامی
داوە لە دەرەوەی کاری ڕۆژنامەوانیدایە و لەدەرەوەی ستانداردەکانی کاری ئێمەیە".
لە ماوەی ڕابردوودا بەشیکی زۆر لە ناوچەکانی ئەوروپا ڕوبەڕووی زریانێکی بەهێزی
بارانبارین و لافاوبوونەوە و زیاتر لە ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیانەکانی هەردوو
وڵاتی ئەڵمانیا و بەلجیکا بە ملیاران یۆرۆ مەزەندە دەکرێن.