تەمەنی مرۆڤ کاریگەری دەبێت لەسەر دڵخۆشبوونی؟

PM:11:25:21/07/2021

3244 جار خوێندراوەتەوە

تەمەن بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەری دەبێت لەسەر ڕێژەی دڵخۆشی مرۆڤ، مرۆڤ لە ژیانیدا چەندین جار توشی کەوتن و هەڵسانەوە دەبێت لە زۆرێک لە کاتەکانی ژیانی دا و دڵخۆشیش یەکێکە لەوانە.

دکتۆر زانیار ئەنوەر پسپۆڕی ئەندازیاری دەنگ لە بابتێکدا باسی لەوە کردووە کاتێ سەرقاڵی توێژینەوەکانی تایبەت بە دکتۆراکەی بووە لە زانکۆی هێریۆت لە شاری ئیدنبرەی بەریتانیا، گروپێک لە بەشداربووان کە تەمەنیان لە نێوان ٣٠ بۆ ٥٠ ساڵ بووە، بە بەردەوامی نمرەیەکی کەمتریان داوە کاتێ هەڵسەنگاندنیان کردووە بۆ هەر بابەتێک یان پرسێک، لەچاو کەسانی تەمەن گەنجتر یان پیرتر، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بیەوێت لەوبارەیەوە بزانێت.

وتوشیەتی:من خۆم نەمدەزانی بۆ وایە، پرسیارم لە پرۆفیسۆرێکی بواری سایکۆلۆجی (علم النفس) کرد و بۆی رونکردمەوە و وتی ئەمە دیاردەیەکی سروشتییە پێی دەڵێن چەماوەی دڵخۆشی (Happiness Curve)، کورتەکەشی ئەوەیە کە بۆ هەمان بارودۆخ لەسەرەتای تەمەندا زیاتر هەست بە دڵخۆشی دەکەیت، پاشان ڕادەی دڵخۆشیەکەت کەم دەکات و بە گشتی لە نێوان تەمەنی ٣٥ بۆ ٥٠ ساڵی ئەوپەڕی هەستکردنتە بە دڵتەنگی، پاشان وردە وردە رادەی دڵخۆشیت زیاددەکاتەوە بە هەڵکشانی تەمەن، تا وای لێدێت لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا زیاتر هەست بە دڵخۆشی دەکەیت بەراورد بە تەمەنی ٢٠ ساڵیت.