سەروپێ لە هەندێک ناوچە پێی دەوترێت
"پاچە" یەکێکە لەو خواردنانەی زۆر کەس حەز بە خواردنی دەکات و شێوازی
ئامادەکردنی جیاوازی هەیە، زیاتر لە میوانداری و کەشی سارددا ئامادە دەکرێت.
لێرەدا بە ڕێگەیەکی ئاسان ئامادەکردنەکەی
دەخەینە ڕوو.
کەرەستەکانی:
ورگ و قاچ و زمانی بەرخ
نیو کیلۆ قیمە
دوو کوپ برنجی خڕ
زەیت
دوو کەوچکی چێشت زیرە و زەردەچەوە و ئاڵەتی
ڕەش و بەهاراتی سەروپێ
شەش دەنک مێخەک
خوێ بەپێی پێویست
زەیت
ئاو
بادەم و گوێز و کشمیش
ئامادەکردنەکەی:
سەرەتا سەروپێکان بەباشی پاککرابێت و
شۆرابێتەوە، یەکەمجار قاچ و زمانەکەی بە لەتکراوی بخرێتە ناو بوخارێکەوە و بەهارات
و خوێ و ئاوی گەرمی تێبکرێت، لەسەر ئاگرێکی بەهێز دابنرێت، دوای پێنج خولەک گڕی
ئاگرەکە کەمبکرێتەوە.
ورگەکان پارچە پارچە بکرێت و بە دەزوو لاکانی
بدورێت جگە لە لایەکی بۆئەوەی برنجەکەی تێبکرێت.
قیمەکە لە تاوەیەکدا سوربکرێتەوە و کەمێک
زەیتی تێبکرێت، پاشان خوێ و کاکڵە گوێز و بادەم و کشمیشەکەی تێکەڵبکرێت و پێکەوە
سوربکرێنەوە.
برنجەکە بشۆرێتەوە و زیرە و ئاڵەتی ڕەش و
زەردەچەوە و خوێ و مێخەکی تێبکرێت و تێکبدرێت، دواتر قیمە سورکراوەکەی تێکەڵبکرێت،
دوای ئامادەکردنی برنجەکە بە کەوچک بکرێتە گیپەکانەوە، بە مەرجێک نیوەی گیپەکە
برنجی تێبکرێت بۆئەوەی برنجەکەی ناوی ڕەق دەرنەچێت.
قاچ و زمانەکان لەناو بوخارەکە دەردەهێنرێت
و دەکرێتە مەنجەڵێکەوە و گیپەکانی تێدەکرێت، دەخرێتە سەر ئاگرێکی مامناوەند و
وازیلێدەهێنرێت تا دەکوڵێت، لە کۆتاییدا ئامادەی خواردن دەبێت.