زیانەکانی وەرگرتنی دەرزی تێکەڵە

PM:12:04:27/10/2021

9168 جار خوێندراوەتەوە

دەرزی تێکەڵە بریتیە لە تێکەڵکردنی دوو بۆ سێ، هەندێک جار چوار دەرزی بەیەکەوە، بە شێوەیەکی گشتی بۆ زوو چارەسەرکردنی هەڵامەت و تاو لەرزو قوڕگ ئێشە و تەشەنوج و ئازاری جەستە بەکاردێت.

پزیشکی شارەزای گشتی د. شێروان کۆساری لەبارەی دەرزی تێكەڵەوە وتی "  دەرزی تێکەڵە وەکو ماسکێکە تەنها نیشانەکان دەشارێتەوەو دوای نەمانی کاریگەری دەرمانەکان، نیشانەکان دەگەڕێنەوە، ئەمەش ڕەنگە نەخۆش ڕووبەڕووی زۆر ڕوداوی نەخوازراوو مەترسیدار بکاتەوە."

بە زۆری دەرزی ڤۆڵتارین و دیکادرۆن بەیەکەوە تێکەڵ دەکرێن، زۆر جار ئەمۆکسیلین یان دەرزیەکی تری دژەهەوکردنیش لەگەڵیان تێکەڵ دەکرێت، هەندێک جاریش دەرزی نیوڕۆبین (ڤیتامین بی یان ناسراوە بە دەرزی قووەت) لەگەڵیان تێکەڵ دەکرێت.

زیانەکانی دەرزی تێكەڵە:

-سەرەتا پێش هەموو شتێک تێکەڵکردنی دەرمان شتێکی زانستی نیە چونکە ڕەنگە ببێتە هۆی کارلێک کردنیان لەگەڵ یەک، هەرکات نەخۆش دوو جۆر دەرزی هەبوو، پێویستە دەرزیەکان بە جیا لێبدرێت بە دوو سرنجی جیاواز.

-بەهۆی ئەوەی نیشانەی نەخۆشیەکان دەشارێتەوە، زۆرجار دەبێتە هۆی ئەوەی نەخۆشی کۆڕۆنا لە ڕۆژەکانی سەرەتا سەردانی پزیشک نەکات و کاتێک دەچێتە لای پزیشک و نەخۆشخانە کار لەکار ترازاوە.

ـ زۆر جار دەبێتە هۆی برینی گەدە (قرحة معدة) و نەزیفی گەدە بەهۆی ئەوەی هەردوو دەرزی ڤۆڵتارین و دیکادرۆن کاریگەری خراپیان هەیە لەسەر گەدە.

ـ دەبێتە هۆی دابەزینی بەرگری جەستە، ئەمەش وادەکا میکرۆبەکان بە ئاسانی زاڵ بن بەسەر جەستەدا و نەخۆش تووشی جۆرەها هەورکردن دەکاتەوە.

-شەکرە بەرز دەکاتەوە بەهۆی بوونی ماددەی ستیڕۆیدی تێیدا.

-سستبوونی گورچیلەو جگەر.

-قەڵەوی دەرهاوێشتەیەکی تری بەکارهێنانی دەرزی تێکەڵەیە بە شێوەیەکی بەردەوام.

-کاریگەری خراپی لەسەر چاو هەیە، ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر بەکاربهێنرێت دەبێتە هۆی دروست بوونی ئاوی سپی چاو.

-بچووکبوونەوەی گونەکان لە پیاوان و کەم بوونەوەی ژمارەی تۆو بەمەش کێشەی نەزۆکی دروست دەکات.

-زیاد بوونی مووی دەم و چاوو تێکچوونی سوڕی مانگانە لە ئافرەتان.

-بەکارهێنانی بەشێوەی بەردەوام، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئێسکەکان دەبێت و لاوازو بێهێزی دەکات و وادەکات بە ئاسانی بشکێت.