پاش بڵاوبوونەوەی بەرهەمێکی نوێی
هەڵکەوت زاهیر؛ ژمارەیەک بەکارهێنەری
تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی هەرێم نارەزایەتییان بەرامبەر ئەو کارە دەربڕی و داوایان لە
وەزیری پەروەردە کرد "سنوورێک بۆ ئەم جۆرە بەرهەمانە دابنێت"، وەزیری
پەروەردەی هەرێم وەڵامیداونەتەوە و دەڵێت، لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری قسەدەکەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە داوادەکرێت کە هەردوو وەزیری ڕۆشنبیری و
پەروەردە بێنە دەنگ و ڕێگە بە کاری لەم جۆرە نەدرێت و بووەستێندرێت، ئەو
بەکارهێنەرانە گۆرانییەکە
بە "ناهونەری و پڕ سوکایەتی" ناودەبەن.
ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی
هەرێم لە کۆمێنتی پۆستی لاپەڕەیەکی کۆمەڵایەتی کە داوای دانانی سنووریان بۆ ئەو
گۆرانیانە کردبوو نووسیویەتی، "سڵاو،
گەیشت و لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیری قسە
دەکەین".
لەبەشێکی دیکەی نوسراوەکەی فەیسبووکدا هاتووە، "ئەگەر ئەم ئاگرە خامۆش
نەکرێت و دانەمرکێتەوە، لە دواڕۆژدا دەبێتە سوتانی خەرمانی چەندین ساڵەی ژێرخانی پەروەردە
و هونەری،کاریگەری خراپ جێدەهێڵێت لەسەر ئیدراکی
و هزری نەوەی ئایندە و مێژوویی هونەریمان".
ئاماژە بەوەشکراوە، "پێویستە ڕێکاری یاسایی بگرینەبەر و سزای هەڵسوڕاوانی
ئەم کارە بدەین و بیانوەستێنینو گۆرانییەکی تەواو بێسەروبەرە و بێ تێکست و بێ مۆڕاڵی گشتی و فلتەرە، فیگەرەکانی
ناو گۆرانییەکە پڕن لە قسەی شەقام و بێ فلتەر، پڕن لە قسەی سواو و لاوەکی، لە ئاستێکی
زۆر نزمی کلیپکردن و شانۆیی، ئامانج تەنها بێحورمەتکردنی مامۆستا و خوێندکارە و گاڵتە پێکردنە بە خودی مامۆستایان
و حەرەمی قوتابخانە و خوێندکار و سەرجەم کایەکانی ڕۆشنبیری و فەرهەنگی و کلتوری کۆمەڵگەکەمان".
گۆرانییەکە کاری هەڵکەوت زاهیرە و هەریەک
لە هونەرمەندان (میرا، د.بەلقیس، ئیدریس، بەشیر،
گەیلان، کاکە، ئیلایدا مەتین) تێیدا گۆرانی دەڵێن و دەرکەوتوون .
گۆرانییەکە شەوی ڕابردوو لە پێگەی فەرمی هەڵکەوت
زاهیر بڵاوکرایەوە و ئاوازی
گۆرانیەکە لەلایەن هەڵکەوت زاهیرەوە دانراوە و نەوژین سۆران تێکستەکەی نوسیوە،
بڵند سۆران کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆکلیپەکە کردووە.