بەڤیدیۆ.. خێزانێک خانووە ١٠٠ ساڵەکەیان بەناو دەریادا گواستەوە

PM:08:48:24/10/2021

2908 جار خوێندراوەتەوە

دوو هاوسەر لەناوچەی نیوفاوند لاندی کەنەدا، خانوویەکیان کڕیووە کە تەمەنی سەدەیەکەی تێپەڕاندووە و بەناو دەریادا گواستوویانەتەوە لەدوای ئەوەی زەوییەکی باشیان دەستکەوتووە بۆ ئەوەی خانوەکەیانی تێدا دابنێن لە ناوچەیەکی دڵگیر.

ماڵپەری ئیندیپێندێنتی بەڕیتانی لە هەواڵێکدا باسی لەوەکردووە کە دوو هاوسەرەکە ناویان کیرک لۆڤێڵ و دانیاڵ پێنییە و خەڵکی ناوچەی مکایڤێرسن، باسیان لەوەکردووە کە خانوەکەیان لە دوو هاوسەر کڕیوە کە تەمەنیان هەبووە و نیازی ئەوەیان هەبووە خانوەکەیان لەناوبەرن و دانەیەکی نوی لە شوێنەکەیدا دروست بکەن، کاتێک دوو هاوسەرەکە لەبارەی بابەتەکەوە بیستویانە ڕاستەوخۆ چوون قسەیان لەگەڵ خاوەنەکەی کردووە و لێیان کڕیوون تا بتوانن بەدەستی بهێنن.

پێنی باسی لەوەکردووە کە خانووەکە بۆیان خانوی خەونەکان بووە بەڵام ئەوەی توشی کێشەی کردوون ئەوە بووە کە نەیانتوانیووە بەشەقامدا بیگوازنەوە بەهۆی بوونی ستونی کارەبا و هێڵەکانیاووە، هەر بۆیە بڕیاریان داوە ڕێگەیەکی کۆن بەکار بهێنن کە لە ساڵی ٦٠ کانی سەدەی ڕابردووەوە بەکار نەهاتووە و بریتیبووە لە گواستنەوەی خانووەکە بەناو دەریادا.

هاوکات باسی لەوەش کردووە لەدوای دوو مانگ لە ڕیسێرچ و گەڕان بۆ ئەوەی بتوانن تێبگەن گواستنەوەکە چۆن دەکرێت دواجار بە بەکارهێنانی نزیکەی ٢٨ بەرمیلی پلاستیکی و ستیرۆفووم توانیویانە لە ١١ی ئەم مانگەدا خانووەکە بخەنە دەریاوە و بۆ دووری ٩٠ کیلۆمەتر بیگوازنەوە بە دەریادا لە مکایڤێرسەوە بۆ ناوچەی لۆوەر کۆڤ، هاوکات بەشێک لەو کەسانەی کە بەلەمیان هەبووە و لە دەریاکەدابوون هاوکاریان کردوون لەوەی خێرای گواستنەوەکە خێراتر بکەن تا خانووەکە نوقم نەبێت.

جێگەی ئاماژەیە لە زۆرێک لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان ئەو خانووانەی کە لە سەدەی ڕابردوودا دروست کراون لە تەختە دروست کراون و بەشێوەیەکەی هەمیشەیی بە زەوییەکەی ژێریانەوە بەند نەکراون هەر بۆیە دەکرێت بگوازرێنەوە.